كارزان گلی – ههولێر
ماوەی حەوت ساڵ، بەتۆمەتی ئەوەی پروپاگه ندەی بۆ پەكەكە كردووە دەستگیر كرا، دوای ئەوەی سزایەكەی تەواو كرد ئازاد كرا، ئەو كەسە سەلجووق مزراكلییە، كە سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئامەد بوو و حەوت ساڵ بەر لە ئێستا جیا لەوەی شارەوانییەكەی قەیوم كرا، بۆ خۆشی دەستگیر كرا.
سەلجووق، كاتێك لە زیندان هاتە درەوە، دەیان پەرلەمانتاری سەر بە دەم پارتی لەبەردەم گرتووخانە پێشوازییان لێی كرد و بە گوڵ و باوەش هێنایانە دەرەوە. لە وتەیەكی كورتدا بۆ رۆژنامەنوویان، سەلجووق گوتی: ”لەم قۆناغە هەستیارەدا، هەر ئاژاوەیەك لە دەرەوە بێت دەبێت رێی لێ بگرین و بە وردییەوە مامەڵە بكەین، لە دوای ٢٠١٥ەوە، ئەوەی بنەمای مامەڵەیان بوو لادان بوو لە یاسا، لە ١٩٩٦، كوشتنی نهێنی بوونی هەبوو، پەلاماری لادێكانیان دەدا و فشاری زۆر هەبوو، ئەوكات سولەیمان دەمیراڵ، سەركۆماری توركیا بوو و گوتی، هەموو دەوڵەتێك لە یاسا دەردەچێت، بەڵام ئەوەندی ئێستاش نا، بۆیە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە بكەین.“
باسی لەوەش كرد، پێویستە هەموویان پشتگیریی لە پڕۆسەی ئاشتی بكەن و پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیە بن، هەروەها هیوای خواست لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد ببێت.
سەلجووق، لەگەڵ دەمیرتاشدا لە گرتووخانەی ئێدیرنە لە یەك ژوور بوون، یەكەم كەسیش دەمیرتاش بوو هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە، كە سەلجووق سزایەكەی لە زیندان تەواو بووە و ئازاد دەبێت، ئەمەش بووە هەواڵی میدیاكانی توركیا و جیهان.
سەلجووق، لە ٢٠٢٠ دەستگیر كرا، ئەوكات سەرۆكی گەورە شارەوایی ئامەد بوو، تۆمەتی ئەوەی درابووە پاڵ پروپاگه ندەی بۆ تیرۆر كردووە، مەبەستیان پەكەكە بوو، بۆیە دادوەر سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەردا سەپاند.
دوای چەند رۆژێك دادگا ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و داوایان كرد جارێكی تر لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بكرێت، بەڵام لە ٢٠٢٣دا دادگای ٩ی تاوانەكانی ئامەد هەمان سزای بەسەردا سەپاند و دوای تەواوبوونی سزایەكەی ئازاد كرا.
سەردانی ئیسماعیل بێشكچی كرد
دوای ئازادبوونی لە زیندان، سەلجووق داوای لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی كرد، بیبەنە ئیستانبۆڵ و دەیەوێت سەردانی گەورە نووسەری تورك و دۆستی كورد، ئیسماعیل بێشكچی بكات و ئەوانیش بۆ لای بێشكچییان برد.
بێشكچی ماوەیەكە باری تەندروستیی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، ئەو نووسەرە هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی كورد لە توركیا بەڕێكرد و بۆ ئەو پاڵپشتییەش لە كورد، باجی زۆر گەورەی داوە و ١٧ ساڵ زیندانی كراوە.
دوای سەردانیكردنی بێشكچی، سەلجووق سەردانی گۆڕی سری سوورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پێشووی دەم پارتی كرد و گوتی ناچمەوە تا نەچمە سەر گۆڕەكەی، ئۆندەر لە ٢٠١٥، بەهۆی جەڵتەی دڵ ماڵئاوایی لەژیان كرد و ئەو یەكێك بوو لە كەسایەتییە سیاسییە گەورەكانی ناو دەم پارتی و زۆربەی بڕیارە سیاسیەكانی دەم پارتی، ئۆندەر دەریدەكرد و بەرنامەی بۆ دادەنا.
ئۆندەر زۆر هاوڕێی سەلجووق بوو، بۆیە دوای ئازادبوونی بەشایەنی زانی سەردانی گۆڕەكەی بكات و فاتیحەی بۆ بخوێنێت.

