كارزان گلی – ههولێر
ساردوسڕی كۆنگرەی پێنجەمی دەم پارتی لە توركیا، پێمانی گوت دەم پارتی وەكوو خۆی نامێنێتەوە و تەنانەت ناوەكەشی دەگۆڕێت و ئیدی خودی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، سەرپەرستی ئەو پارتە دەكات.
دەم پارتی، دەبوایە گۆنگرە بكات، چونكە بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا، دەبوایە لەمانگی ١٠ی ئەمساڵ كۆنگرە بكات، بەڵام دەم پارتی، بەرواری كۆنگرەی یەك مانگ هێنایە پێش، ئەویش بەهۆی بوونی پرسی چارەسەری كورد و چەكدانانی پەكەكە، كە بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بەكۆتا بێت، بۆیە دەم پارتی پەلەی كرد لە ئەنجامدانی كۆنگرە، تا لەم سێ مانگەدا خۆیان بە پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكەوە سەرقاڵ بكەن، نەك كۆنگرەی پارتەكەیان.
بەگوێرەی گوتەی پەروین بوڵدان، پەرلەمانجتاری دەم پارتی، ناوی دەم پارتی دەگۆڕێت و بەئەگەرێكی زۆرەوە لەشوێنی دەم پارتی، پارتی (كۆماری دیموكرات) لە دایك دەبێت، كۆماری دیموكرات، ئەو چەمكەیە كە ئۆجەلان بەكاریهێناوە، بەو مانایەی ئیدی بڕوایان بەوە هەیە توركیا بەرەو دیموكراتی بڕوات و لەناو ئەو دیموكراتییەدا، مافی كورد بدرێت.
بڕیارە لە مانگی ٣ی ٢٠٢٧دا، دەم پارتی دیسان كۆنگرە بكات، لەو كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری گەورە دەكات، وەكوو گۆڕینی ناوی پارت و هەروەها كەم كردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی لە ٨٢ بۆ ٨٠ و هەروەها لە كۆی ئەندامانی سەركردایەتی ئێستا، ٣٥ ئەندامیان دەگۆڕدرێن، واتە ٤٠٪ی ئەندامانی سەركردایەتی دەگۆڕدرێن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، ئۆجەلان خەریكی ئامادەكردنی نووسینەوەی پەیڕەو و پروگرامی ئەو پارتە تازەیەیە، كە ناوی (كۆماری دیموكرات)ە، بۆ خۆشی سەرپەرستی ئەو پارتە دەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە زیندانە و ئازاد ناكرێت، بۆیە ناتوانێت ببێتە سەرۆكی ئەو پارتە و كەسانی تر دەهێنێتە پێشەوە.
ئەوەی گرنگە و قسەی لەسەر دەكرێت، دوای لەدایكبوونی ئەو پارتە، ئیدی كۆتایی بە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان دەهێنن، چوونكە پێشتر دەم پارتی ئۆپۆزسیۆنێكی تووندڕەو بوو بەرامبەر بەدەسەڵات، بەڵام لەسەر داوای ئۆجەلان، ئیدی ئەو پارتە تازەیە، كە شوێنگرەوەی دەم پارتییە، لەناو چوارچێوەی دەسەڵاتی ئێستای توركیا دەمێنێتەوە و دەبێتە هاوپەیمانیی ئاكەپە و مەهەپە، ئەگەر بەشێوەیەكی راستەوخۆش نەبێت، بەناڕاستەوخۆ دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری ئێستای توركیا دەدەن، ئەمەش بەو مانایە دێت، ئیدی كورد وەكوو ئۆپۆزسیۆن نامێنێتەوە.
ئۆجەلان لەئەدای بەشێكی زۆری ئەندامانی سەركردایەتی دەم پارتی و پەرلەمانتارەكانی رازی نییە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، ئۆجەلان لیستێكی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ سەركردایەتی ئەو پارتە تازەی بەنیازە دروستی بكات، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش، بەهەمان شێوە لیستی بەربژێران دەبێت لەلایەن ئۆجەلانەوە ئۆكەی لەسەر بدرێت.
ئەوەی گرنگە باس بكرێت، ئایە دوای ئەوەی دەم پارتی وەك پارتێكی ئۆپۆزسیۆن نامێنێت، دەنگەكانی كەم دەكات یان زیاد دەكات؟
دەبێت بزانین ٢٪ی دەنگەكانی دەم پارتی، دەنگی توركەكانە، واتە ئەو توركانەی چەپن و بڕوایان بەوە هەبوو، دەم پارتی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەیە، بۆیە بەئەگرێكی زۆرە ئەو توركانە ئیدی دەنگ بە دەم پارتی نادەنەوە، بەڵام كورد پشتگیریی لە دەم پارتی دەكات و هەموو هەوڵێكی دەم پارتی و خودی ئۆجەلانیش بۆ ئەوەیە، ئەو پارتە تازەیەی دروستی دەكەن، زۆر بەهێزتربێت لە دەم پارتی و ژمارەی كورسییەكانیان تا ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەرز بكەنەوە.

