رۆژنامەی ھەولێر

پـــــــەندەچـــــیڕۆك ئەحلام موستەغـــــــــــانیمی من و پیـــــــــــــرەدایکم

كورداندنی: عەبدولڕەحمان فەرهادی
دایکم تەمەنی نەوەت و چوار ساڵە، خوشکەکەم سوورە لەسەر ئەوەی دایکم لەگەڵ من بژی، چونکە پێی وایە من كاتم زێترە. چەندان مانگ هەوڵم دا هەموو شتێکی بۆ بکەم، بێ ئەوەی گلە و گازاندەش بکەم. تا ڕۆژێ لە ڕۆژان دایکم پرسیارێکی لێ کردم، کە هیچ کاممان چاوەنۆڕی ئەو پرسیارەی نەبووین.
ناوم ئیلینایە، تەمەنم شەست و هەشت ساڵە و لە شاری لیۆن دەژیم. “كارمن”ی دایکم، هەمیشە ژنێکی زۆر ئازاد بووە. تا تەمەنی نەوەت ساڵییش، بەتەنێ دەچووە نان کڕین، هەموو ڕۆژانی هەینی دەچووە ئارایشتگەی قژ، سوور بوو لەسەر ئەوەی خۆی جێی نووستنی ڕابخات، تەنانەت کاتێ من و خوشکەکەم پێمان دەگوت وا مەكە، لێگەڕێ ئەمە كاری ئێمەیە.
دوو ساڵ لەوەبەر، پێویستی و داواكانی زیادیان كرد. سەرەتا داواكانی سادە و بچووک بوون، خۆم دەمبردە پزیشك و ئەو پێداویستییە گرنگانەشم بۆ دەكڕی كە داوای دەكردن. دوای ماوەیەك، كەوتە ماڵەوە، هیچ جێی نەشكابوو، وەلێ زەبوونی وای لێ كردبوو، لە ڕێڕۆیی ترس دایدەگرت.
ماریسای خوشكم، چل خولەک لێمانەوە دوور بوو، ئەویش كاروبار و دەوامی خۆی هەبوو، كەچی من خانەنشینم. بۆیە ناچار بووم من بیگرمە ئەستۆ، كەوتینە ئەو بڕوایەی هەر من دەتوانم زیاتر ئاگەداری بم.
سەرەتا، ئەمەم بەلاوە ئاسایی بوو، هیچ پێم نادادپەروەرانەش نەبوو. نزیکەی هەموو ڕۆژێ دەچوومە كن دایکم، خواردنی دوو یان سێ ڕۆژی دواترم بۆ ئامادە دەکرد، ماڵەکەشم جوان پاک دەکردەوە، جێی نووستنەکەم دەگۆڕی و ئەگەر کەشوهەوا خۆش بووایە، لەگەڵی دەچوومە دەرەوە و پیاسەیەكم لە گۆڕەپانەکە پێ دەكرد.
وردە وردە، ئەم یارمەتی و ئاگالێبوونەم بوو بە تەواوی ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەم.
ئەگەر وادەی سەردانی پزیشکی ددانی هەبووایە، من دەمبرد. ئەگەر پێویستی بە دەرمان بووایە من دەچووم بۆم دەهێنا، ئەگەر کۆنترۆڵی تەلەڤزیۆنەکەی لێ بزر بووبا، پێوەندیی پێوە دەكردم. ماریسا تەنێ ڕۆژانی یەکشەممە دەهات، هەندێک شیرینیی دەهێنا و بۆ چەند دەمژمێرێك دەمایەوە، پاشان دەگەڕایەوە ماڵی خۆی.
ڕۆژێکیان پێم گوت پێویستە کارەکانمان باشتر ڕێک بخەینەوە.
ئەویش وەڵامی دامەوە: بەڵام تۆ کاتت زۆرترە.
ئەم قسەیەی ڕاست بوو، ئەو کار دەکات، كەچی من ئیشم نییە. بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو، کاتەکانی من بە تەواوی خەریک بوو ون دەبوون. وازم لە ڕاهێنانەکانی پیلاتس هێنا، چونکە کاتەکەی هاوکاتی ژەمی نانخواردنی دایکم بوو. دوو جار ژەمی نیوەڕۆم لەگەڵ هاوڕێکانم هەڵوەشاندەوە. هاوینێ گەشتێکی چوار ڕۆژەم بۆ گالیسیا ڕەتکردەوە، چونکە ماریسا نەیدەتوانی لەبری من چاودێریی دایکم بکات.
نەمدەویست بەرانبەر دایکم گلە و گازاندان بکەم، چونکە هەمبەر ئەوەی پێویستی بە یارمەتییە، هەستی بە تاوان دەکرد، كە سوپاسیشی دەکردم، هەمیشە پێم دەگوت: شایانی نییە، ئێمە بۆ ئەوە لێرەین. بەڵام خەریک بوو هەستم بە ماندووبوونێکی زۆر و تێکچوونی میزاج دەکرد.
ڕۆژێكی مانگی تشرینی یەكەم، چوومە لای دایكم، دوای ئەوەی تەواوی بەیانییەکەم بە جێبەجێكردنی مامەڵە و کاغەزە فەرمییەکان بەسەربرد. باران دەباری و پێڵاوەکانم تەڕ ببوون. دایکم لە چێشتخانەکە دانیشتبوو و لالەنگییەكی سپی دەكرد.
تەماشایەكی کردم و پرسی:
بۆ لێم تووڕەی؟
لە شوێنی خۆم وشک هەڵگەڕام. وەڵامم دایەوە هیچ تووڕە نیم.
ئەویش گوتی: درۆم لەگەڵ مەکە. تۆ هەمیشە بە پەلە دێیە ژوورەوە، هەر زوو زوو هەموو ئیشەكان تەواو دەكەی و واز لە ئاخوئۆف هەڵکێشانیش ناهێنیت.
نەمدەزانی چ وەڵامێکی بدەمەوە. پاشان پرسیارێکی لێ کردم، تا ئەمڕۆش كە بە بیرم دێتەوە ئازار دەكێشم.
گوتی: ئەرێ حەز دەكەی بچمە خانەی بەساڵاچووان، لەوێ بژیم؟
چاوەکانم پڕ فرمێسک بوون. دایکم ماندووبوونەکەی منی بەوە لێكدابووەوە كە من لێی بێزارم! لە تەنیشتی دانیشتم و ڕاستییەکەم تێگەیاند، کە من وا نیم و بەو شێوەیە نییە بمەوێ لە دەستی ڕزگارم بێت، بەڵام چیتریش ناتوانم بە تەنێ بەرگەی هەموو شتێ بگرم. گوتم دایە من تۆم زۆر خۆشدەوێ و هەر لەبەر هەندێشە نامەوێ بە ڕقوقینەوە ئاگادارت بم.
ئەو شەوە، پەیوەندیم بە ماریساوە کرد و گوتوبێژێكی زۆرمان کرد. پێی گوتم من خاوەن ئیشم، قەرزی خانووبەرەم لەسەرە و هێشتا یارمەتیی کچەکەم دەدەم وئاگام لە منداڵەكانی ئەویشە. منیش پێم گوت ڕاستە من ئیشم كەمە، وەلێ ئەمە مانای ئەوە نییە كە من هیچ ئەرك و بەرپرسیارێتیم لە ئەستۆ نییە! دواجار هەردووکمان پێکەوە دەستمان كرد بە گریان.
هەفتەی دواتر، من و خوشکەکەم لەگەڵ دایکم دانیشتین و کارەکانمان ڕێکخستنەوە. ژنێکمان گرت، هەفتەی سێ سبەینان دەهات بۆ پاککردنەوە، كاروباری بازاڕی دەكرد و ماوەیەك لای دایکم دادەنیشت. هەروەها ماریسا هەموو ئەو وادانەی كە ئێواران دادەنران تا بیبەینە كن پزیشك، ئەو كردنیە ئەركی خۆی و دوا هەفتەی هەموو مانگێكیش دایکمی دەبردە كن خۆی لە ماڵەوە.
بێگومان ئەم كاروبارە تێچووی هەیە، دایکم بەشێکی لە مووچەی خانەنشینییەکەی دەدا و ئێمەش بەشەکەی ترمان بۆ دەخستە سەر. بارودۆخەکە ئاسایی بوو، هەندێ جار ماریسا کات و وادەكانی دەگۆڕی و دیسانەوە دەبووە دەمەقاڵیمان، هەندێ جاریش دایکم پێداگر دەبوو لەوەی پێویستی بە کەس نییە، بەڵام پاشان پێوەندیی پێ دەكردینەوە، چونکە نەیدەتوانی سەری شووشەیەکیش بکاتەوە.
بەڵام من دوو سبەینەم بۆ خۆم هێشتەوە و گەڕامەوە ڕاهێنانەکانی پیلاتس و دەستم بە قاوە خواردنەوە لەگەڵ هاوڕێکانم كردەوە. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئێستا کاتێکی خۆشتر لەگەڵ دایکم بەسەر دەبەم، چونکە چیتر نیگەران نیم و لە ئیشانیش بە پەلەپەل نیم.
چەند ڕۆژێ لەوەبەر، کاتێ تەماشای وێنە کۆنەکانم دەکرد، پێی گوتم:
ئێستە، بە ڕوخسارێکی جیاوازەوە دێیە لام.
هەر زوو هەستم بە شەرمەزاری و نائارامیی کرد. چەندان مانگ، وامدەزانی کە کچی باش بەو مانایە دێ بەرگەی هەموو شتێ بگرێت. بەڵام ئەمڕۆ، پێم وایە ئەمە بەو مانایەش دێ کە تێبگەین چیتر توانای بەرگەگرتنمان نەماوە!
تا ئێستەیش بیر لە پرسیارەکەی دایکم دەکەمەوە، كە بیری بۆ ئەوە چووە کە ماندووبوونم مانای ئەوەیە، چیتر نامەوێت لای ئەو بم، ئاخۆ بەم بیركردنەوەیە چەندە ئازاری چەشتووە! بۆ چەندان ساڵ، وامدەزانی چاودێریی کەسێک تەنێ بە مانای ئامادەبوونی بەردەوام دێت. بەڵام ئێستە، دەزانم کاتێ کەسێک بەشداریی ئەركێكی قورس ناکات، خۆشەویستی دەکرێت تێکەڵ بە ماندووبوون، هەستی تاوان و تووڕەیی بێت.
ئەرێ ئەركی چاودێریی دایک و باوک، ئەگەر بە تەواوی بکەوێتە سەر شانی ئەو منداڵەی کە “زێتر دەستبەتاڵە” تا چەند كارێكی دادپەروەرانەیە؟ خۆ ئەم کاتە گوزارشت لە ژیانی تایبەتیی خۆیشی دەکات؟