رۆژنامەی ھەولێر

شۆڕشـــــــی ئەیلـــــــــوول:گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی نـاسنــــــــــــــــــــامەی کـــــــــــــوردستانی

عبدالسلام بەرواری
لەو ڕۆژانەدا شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ یاد دەکەینەوە، ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد. (وەدیع جوەیدە) لە توێژینەوەکەیدا دەربارەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، شۆڕشی ئەیلوول بە یەکەم ئەزموونێک دەزانێت کە تێیدا کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان، لە چین و توێژ و ئایین و نەتەوەی جۆراوجۆر، لەژێر ڕێبەرایەتیی یەک ڕێبەردا یەکیان گرت؛ ڕێبەرێک کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا پێگە و قورسایی خۆی هەبوو. و لەلایەن هەموویانەوە وەک رابەری نەتەوەی کورد دانپێدانراو بوو. هەر لەبەر ئەوەش جوییدە شۆڕشی ئەیلوول بە دەستپێکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نوێی کورد دادەنێت.

هەڵگرتنی چەک ئامانجی سەرەکی و کۆتایی شۆڕش نەبوو. شۆڕش هەر لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی سیاسیی هەبوو کە لە دوو ئامانجی پێکەوە گرێدراو پێک دەهات: دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆمی بۆ کوردستان. داواکاریی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی عێراقدا بوو، بەڵام جێبەجێکردن و پاراستنی ئەو مافە پێویستی بە سیستەمێکی سیاسی هەبوو کە دان بە فرەنەتەوەییبوونی عێراقدا بنێت و پرسی کورد بە کێشەیەکی ئەمنی نەبینێت کە دەبێت بە هێز کۆنترۆڵ بکرێت.
لێرەدا نامەوێت باسی شەڕەکان و داستان و دانوستاندنەکان بکەم؛ دەربارەی ئەوان زۆر نووسراوە. مەبەستم ئەوەیە لە گۆشەیەکی دیکەوە سەیری شۆڕش بکەم؛ گۆشەیەک کە بە قەدەر پێویست سەرنجی نەدراوەتێ، ئەوەش: چواردە ساڵ شۆڕش چی لە کۆمەڵگای کوردستاندا گۆڕی؟ چ کاریگەریەکی لەسەر ئەو خەڵکە هەبوو کە لە ناویدا ژیان یان بەشدارییان تێدا کرد؟

داڕشتنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی
لەو سەردەمەدا شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردستان، شێوازی گوندنشینی بوو. هۆز، خاوەندارێتیی زەوی و دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ناوچەیی لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پێگە و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بوون. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشدا، زوربەی سەرۆک هۆز و دەسەڵاتدارە کۆنەکان هەستیان کرد بنەماکانی شۆڕش، کە بنەماکانی ڕێبازی بارزانییان سەرچاوەی بوون، لەگەڵ بەرژەوەندی و پێگەی پێشوویان ناگونجێت. بۆیە هەندێکیان ڕوویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت کرد و هەندێکی دیکەش چەکی رژێمیان بەرامبەر بە شۆڕش هەلگرت.
بە لاوازبوونی ئەو ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییە کۆنە، بۆشاییەک دروست بوو کە دەبوو پڕ بکرێتەوە. شۆڕش ئەو بۆشاییەی بە بەرپرسانی حیزبی، کادر و فەرماندەکانی پێشمەرگە و ڕێبەرانی نوێی ناوخۆیی پڕ کردەوە. زۆرێک لەوانە ڕۆڵەی جوتیاران، کرێکاران و ئەو چین و توێژانە بوون کە لە پەیکەری کۆمەڵایەتیی کۆندا لە پلەکانی سەرەوەدا نەبوون.
هۆز لەناو نەچوو، نەژاد و خاوەندارێتیش گرنگیی خۆیان بە تەواوی لەدەست نەدا، بەڵام ڕێگایەکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی کرایەوە. لەوە بەدواوە بەشداری، لێهاتوویی، بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و ئەو خزمەتەی تاک بۆ دۆزی کوردستان پێشکەشی دەکرد، بوونە پێوەرێکی دیکەی ڕێز و پێگە.
کاریگەریی ئەو گۆڕانە لە نەوەکانی دواتردا زیاتر دەرکەوت. ئەمڕۆ ڕۆڵە و نەوەکانی زۆرێک لەو سەرکردە نوێیانە لە باشترین زانکۆکان دەخوێنن، پلە بەرزی زانستی و ئەکادیمیان بەدەست دەهێنن و لە حیزب و دامەزراوەکانی حکوومەتدا پۆستی گرنگ وەردەگرن. بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت هەموو ئەم جووڵە کۆمەڵایەتییە تەنها بە شۆڕشی ئەیلوولەوە ببەسترێتەوە، بەڵام هەروەها ناتوانرێت ڕۆڵی شۆڕش لە کردنەوەی ئەو دەرگا نوێیانە نادیدە بگیرێت.

لە ناسنامەی ناوچەییەوە بەرەو ناسنامەی کوردستانی
شۆڕش کەسانێکی لەیەک نزیک کردەوە کە ئامرازەکانی هاتوچۆ و پەیوەندیی ئەو سەردەمە دەرفەتی ئەو هەموو تێکەڵبوونەیان پێ نەدەدان. خەڵکی خانەقین لەگەڵ خەڵکی زاخۆ یەکیان دەگرت و ڕۆڵەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەگەڵ کوردانی هەکاری، شەمزینان، ورمێ و قامیشلۆ کار و خەباتیان دەکرد. پێکەوە دەژیان، مەترسییەکانیان دابەش دەکرد و ئامانجێکی هاوبەش کۆی دەکردنەوە.
تەنانەت زاراوە جیاوازەکانیش بوونە بەشێک لەو ئەزموونە. خەڵک ناچار بوون گوێ لە یەکتر بگرن و لە یەکتر تێبگەن. وشە و دەربڕین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگوازرایەوە و کەسانێک بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ زاراوەگەلێک ئاشنا دەبوون کە پێشتر کەمتر بیستبوویان. تایبەتمەندییە ناوچەییەکان ون نەبوون، بەڵام چیتر تەنها چوارچێوەی ناسنامە و سەر بە شوێنێک بوون نەبوون.
کوردستان لەلای زۆر کەس چیتر تەنها ناوی خاکێک یان بیرۆکەیەکی ڕووتی نەتەوەیی نەبوو. کوردستان بۆ بە ناسنامەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچە دوورەکانەوە هاتبوون و ئەزموون و مەبەستێکی هاوبەش کۆی کردبوونەوە. لە ناویاندا خوێندکار، ڕۆشنبیر، مامۆستا، پزیشک و خاوەن پیشەی جۆراوجۆر هەبوون؛ کەسانێک کە تێگەیشتن و بیرۆکەی خۆیان دەربارەی ماف، دیموکراسی، بەڕێوەبردن و جیهانی دەرەوە لەگەڵ خۆیان هێنابوو.
بارودۆخی جەنگ هەروەها ژنانیشی ناچار کرد بەرپرسیارێتیی زیاتر لە دابینکردنی بژێوی، پەروەردە، تەندروستی و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە هەڵبگرن. ئەم ڕۆڵە، ئەگەرچی هەمیشە بە قەدەر شایستەی خۆی لە مێژووی نووسراودا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەشێکی گرنگی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بوو کە شۆڕش خێراتری کرد.

لە بەڕێوەبردنی شۆڕشەوە بۆ ئەزموونی حوکمڕانی
هەرچەندە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق فراوانتر دەبوون و ڕووبەری ناوچە ئازادکراوەکان گەورەتر دەبوو، ڕێبەرایەتیی شۆڕش زیاتر رووبەروی بەرپرسیارێتیگەلێک دەبوویەوە کە بە کاری سەربازی بەڕێوە نەدەچوون. خەڵک لەو ناوچانەدا دەژیا و ژیانی ڕۆژانەیان هەبوو؛ کاروباریان هەبوو کە نەیاندەتوانی چاوەڕێی کۆتایی ململانێکە بکەن.
لە ساڵی ١٩٦٤دا ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی شۆڕش دامەزرا و دواتر مەکتەبی جێبەجێکردنی لە یازدە ئەندام پێک هات. ئەو مەکتەبە تەنها چوارچێوەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەشێک لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی لە ئەستۆ گرت و چاودێریی کاروباری کارگێڕی، دارایی، دادوەری و ئەمنیی دەکرد. بەم شێوەیە، لە ناو بارودۆخی جەنگ و کەمبوونی ئیمکاناتدا، تۆوی بەڕێوەبردنێکی کوردی چێنرا.
دوای ڕێککەوتنی یازدەی ئاداری ١٩٧٠، گرنگیی ئەو ئەزموونە زیاتر دەرکەوت. ساڵانی نێوان ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ مەیدانێکی فراوانتریان بۆ کارکردنی ئاشکرا، پەروەردەکردنی کادر، مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئامادەکاری بۆ حوکمی خودی ڕەخساند. بۆیە ئەزموونی حوکمڕانیی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢ لە خاڵی سفرەوە دەستی پێ نەکرد. بارودۆخ گۆڕابوو و بەرپرسیارێتییەکان گەورەتر ببوون، بەڵام بیرەوەری و ئەزموونێکی سیاسی و کارگێڕی لەپێشدا هەبوو. بزووتنەوەی کورد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە فێری ئەوە ببوو کە گواستنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی خەڵک و بەڕێوەبردنی ناوچەکان چ مانایەکی هەیە.

دیپلۆماسی و گەیاندنی دۆزی کورد بۆ دەرەوە
مستەفا بارزانیی نەمر، زوو درکی بەوە کردبوو کە نابێت دۆزی کورد لەنێوان چیاکان و بەغدا قەتیس بمێنێتەوە. لەبەر ئەوە ڕێبەرایەتیی شۆڕش پەیامی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد، نامەی بۆ سەرۆکی وڵاتان و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان نووسی و هەوڵی دا داواکارییەکانی کورد بگەیەنێتە جیهان.
بارزانی بۆ ئەم ئەرکە کەسایەتیی ناسراو و لێهاتووی هەڵبژارد، تا ببنە نوێنەری شۆڕش لە دەرەوە. عیسمەت شەریف وانلی و کامەران بەدرخان لەو کەسانە بوون. دەوڵەت و باڵیۆزخانەیان لەپشت نەبوو، بەڵام زمان، ڕۆشنبیری و پەیوەندییەکانیان ئەو توانایەی پێدابوون کە لەگەڵ سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس و دیپلۆمات بە زمانی ئەوان قسە بکەن و ڕاستیی دۆزی کوردیان بۆ ڕوون بکەنەوە.
بزووتنەوەی کورد لە ڕێگەی ئەو کارەوە زوو بە ڕاستییەک گەیشت کە دواتر چەندین جار دووبارە بووەوە: دەوڵەتان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و حیساباتی خۆیانەوە سەیری پرسەکان دەکەن. هاوسۆزی شتێکە و وەرگرتنی هەڵوێستێکی سیاسی شتێکی دیکە.

ڕاگەیاندن و کولتوور؛ گەیاندنی دەنگی شۆڕش
باوەڕ بە پێویستیی گەیاندنی دەنگی شۆڕش بۆ دەرەوە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان وای کردبوو ڕێبەرایەتی گرنگییەکی تایبەت بە ڕاگەیاندن و چالاکیی کولتووری بدات. ڕۆژنامەی (خەبات) بەردەوام بوو لە دەرچوون و دەگەیشتە شار و شارۆچکە و ناوچە ئازادکراوەکان، لە کاتێکدا گۆڤاری (کادر) ڕۆڵێکی گرنگی لە پەروەردەی سیاسی و فکریدا دەبینی. لە ساڵی ١٩٦٣دا ڕادیۆی دەنگی کوردستان دامەزرا. شۆڕش بەوە ئامرازێکی بەدەست هێنا کە سنووری چیا و دوورییەکان دەبڕی و هەواڵ و هەڵوێستەکانی بە دەنگی خۆی دەگەیاندە خەڵک، نەک تەنها بەو ڕیوایەتەی حکوومەتی عێراق بڵاوی دەکردەوە.
لەگەڵ شۆڕشدا بەرهەمی هونەری، میوزیکی و شانۆییش پەیدا بوون کە لە دەربڕینی دۆزی کورد و دروستکردنی یادەوەرییەکی هاوبەشدا بەشدار بوون. هەندێک لەو شتانەی لە دەروون و بیرەوەریی خەڵکدا لەو ساڵانە ماونەتەوە، لە بەڵگەنامە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەگوازراونەتەوە؛ گۆرانییەک، هۆنراوەیەک یان وێنەیەک پاراستوویەتی کە ناوی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە گرێ دراوە. کەواتە شۆڕش تەنها لە بەرە و ناو ڕێکخستندا خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کۆ نەکردەوە، بەڵکو بوارێکی ڕاگەیاندن و کولتووریشی دروست کرد کە هەواڵ و بیرۆکە و هێما نەتەوەییەکان لە ڕێگەیەوە لەنێوان ناوچە دوورەکانی کوردستاندا دەگوازرانەوە.

چۆن ئەمڕۆ شۆڕشی ئەیلوول بخوێنینەوە؟
دوای شەست و پێنج ساڵ، چیتر بەس نییە شۆڕشی ئەیلوول تەنها لە ڕێگەی شەڕ و دانوستاندنەکانییەوە بخوێنینەوە. ئەو شۆڕشە خەڵکی ناوچە و پاشخانی جیاوازی کۆ کردەوە، دەرفەتی بۆ چین و توێژی نوێدا پەیدا کرد، بەشداریی لە بنیاتنانی ناسنامەیەکی فراوانتری کوردستانیدا کرد، بناغەی بەڕێوەبردن و ڕاگەیاندنێکی دانا و دۆزی کوردی گەیاندە دەرەوە. لەگەڵ ئەوەی شۆڕشێکی سیاسی و چەکداری بوو، ئەزموونێکیش بوو بۆ بنیاتنانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگایەک کە دەیویست کاروباری خۆی بەدەستی خۆی بەڕێوە ببات.
ئەزموونی شۆڕش نیشان دەدات کە هێزی هیچ دۆزێک تەنها لە یەک لایەنەوە دروست نابێت. شۆڕش پێویستی بە پێشمەرگە هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بە سیاسەتمەدار، مامۆستا، پزیشک، ڕاگەیاندنکار، دیپلۆمات و ئەو کەسانەش هەبوو کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان بەڕێوە دەبرد. کوردستانی ئەمڕۆش، بە حکوومەت و پەرلەمان و زانکۆ و دامەزراوە و پەیوەندییەکانی دەرەوەیەوە، پێویستە هێزی خۆی لە لێهاتوویی ئەم دامەزراوانە و توانایان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا دروست بکات.
توانای شۆڕش بۆ کۆکردنەوەی کوردانی ناوچە و پاشخانی جیاواز، یەکێک لە سەرچاوەکانی هێزی بوو. شۆڕش داوای لەوان نەکرد ناوچە و زاراوە و تایبەتمەندییەکانی خۆیان وەلابنێن، بەڵکو لە تەنیشت ئەواندا دۆزێکی فراوانتری دانا کە هەموویانی کۆ دەکردەوە. ڕەنگە کوردستانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بەو واتایە هەبێت: جیاوازیی سیاسی، ناوچەیی و کۆمەڵایەتی دژ بە ناسنامەی کوردستانی نییە؛ ئەو ناسنامەیە بە قبوڵکردن و لەخۆگرتنی جیاوازی بەهێزتر دەبێت، نەک بە سڕینەوەی.
وەفاداری بۆ شۆڕشی ئەیلوول تەنها بەوە نییە هەموو ساڵێک وێنە و یادەوەرییەکانی دووبارە بکەینەوە. وەفاداریی ڕاستەقینە بە گەشەپێدانی ئەو بنەمایانەیە کە شۆڕش لە دامەزراندنیاندا بەشدار بوو. شۆڕشەکان بەوە هەڵدەسەنگێنرێن کە لە سەردەمی خۆیاندا چییان بەدەست هێناوە، بەڵام لەوەشەوە دەخوێنرێنەوە کە بۆ نەوەکانی دواتر چییان بەجێ هێشتووە.

لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەرکی هەموومانە بە رێز و ستایشەوە یادی ئەو شەهید و قوربانیانە بکەین کە بە خوێنیان رێگای گەیشتن بەمڕۆیان دروست کرد. پێویستە لە خۆمان بپرسین: ئێمە دەتوانین چی زیاد بکەین بۆ ئەوەی ئەو نەوەیە دەستی پێکرد؟