ڕائیب جادر – هەولێر
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ چارەکردنی پرسی سووتەمەنی، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ڕۆژانە ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، لە بەرامبەردا داوای دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو دەکات. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی بۆ چارەکردنی قەیرانی بەنزین داوەتە بەغدا.
لە نووسراوەکەدا ھەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە ڕۆژانە ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات، بەو مەرجەی بەغدا بە ھەمان میکانیزم بەنزین و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ٢٦ و ٢٧ی مانگی ڕابردوو ھەر دوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان میوانی لیژنەی پەیوەست بە بەنزینی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بوون، داوامان لێکردن بە نووسراوی فەرمی داواکاری و پێشنیازی خۆیان و چارەسەر بۆ قەیرانەکە بدەنە پەرلەمان، دوای ماوەیەکی کەم وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە نووسراوێکی فەرمی ھەموو شتێکی بە وردی لەسەر بابەتی سووتەمەنی داوەتە پەرلەمان، ئاماژە بەوەکراوە کە ھەموو موشتەقات و مەتوجاتی نەوتی ڕۆژانە و مانگانە چەند پێویستە بۆ ھەرێمی کوردستان لە بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شل بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ئەوەی زۆر گرنگ بوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دوو پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ چارەکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازەکانیش بریتین لە بڕی ١٤%ـی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ ناوخۆی عێراق کە دەکاتە ١٤٠ ھەزار بەرمیل بدرێتە ھەرێمی کوردستان، یان بە ھەمان ڕێژە ١٤% بەنزین و سووتەمەنی بۆ ھەرێم دابین بکرێت، لە بەرامبەردا ھەرێمی کوردستان لاری نییە ئەو ٥٠ ھەزار بەرمیلەی بۆ بەکاربردنی ناوخۆ بداتە حکوومەتی عێراق.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەو دوو پێشنیازەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چارەسەری یاسایی و قابیلی جێبەجێ کردنن، ئەگەر وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازێکی باشتری ھەیە کە بە ھەمان شێوەی باشوور و ناوەڕاست لە ڕووی نرخ و ئەو بڕەی ڕەوانە دەکرێت با پێشنیاز بکات ئێمەش لە پەرلەمان بەدواداچوونی بۆ دەکەین، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق ھیچ پێشنیازێکی نوێی نەخستووەتە بەردەم پەرلەمان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٦-٨-٢٠٢٦ـدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند ئەوان ناتوانن بەرھەمی نەوتی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکەن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین، دوو ھەزار و ٢٥٠ تۆن ڕۆنی قورس و یەک ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار لیتر گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا، دوو ھەزار تۆن غازی شل، لەگەڵ ٥٠ ھەزار لیتر سووتەمەنیی فڕۆکە ھەیە، ھەروەھا ساڵانە پێویستی بە ٥٦٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی سپییە.

