رۆژنامەی ھەولێر

تـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــەنز دراوسێكەمان عەینەن چێشتی مجێورە!

مقداد شاسواری
دانە رۆژێك دەبوو ناو سەرم وەكوو مەنجەڵێكی هەڵمی لێ هاتبوو پەڵمابێ لە بوخار، ئەگەر لەنێو دوو لەپی دەستمدا نەمگوشیبا دەتەقییەوە. سەماوەرێك چایەم خواردبۆوە و سێ پاكەت جگەرەم كێشابوو. هێندە ناو مێشكم سەراوبن كردبوو شەكەت و كەسیرە ببووم. ئاخر تەمەنم لە حەفتا تێپەڕیوە و هیچ لەم میللەتەی خۆمان تێنەگەیشتم. ئەمڕۆ گۆتم با لەگەڵ خۆمدا خەڵوەتێ بكەم. كوردانی هەموو لەت و پارچەكانم خستە ناو مێشكم و سەراوبنیانم كرد. شیتەڵیانم كرد. شرۆڤەیانم كرد. زیواڵ زیواڵیانم كرد. كردیانم بە قوڕ و سەرلەنوێ شێلایانمەوە. لەدوور ڕاوەستام سەیریانم كرد هەتا هیلاك بووم. كاتێك لە پڕێكدا بە توندی لە دەرگا درا، ترس دایگرتم و وامزانی مەنجەڵە بوخارەكەی مێشكی سەرم تەقیوەتەوە. چووم دەرگام كردەوە موختاری گەڕەك دەفتەری تۆماری زانیاریەكانی دانیشتوانی گەڕەكەكەمانی لەبن هەنگڵی دابوو گۆتی: ئەرێ ئەوە سه‌عاتێكە لە دەرگا دەدەین، خەوت لێ كەوتبوو؟ گۆتم ناوەڵڵا، لەهۆش خۆم چوبووم.

فەرمووم لێی كرد و هاتە ژوورەوە، كە قانگ درابوو بە دووكەڵ. دەفتەری تۆمارەكەی كردەوە و گۆتی:
– ئاگادارم دە پانزە ڕۆژێك دەبێ ئەو خانووەی دراوسێتان ماڵی هاتۆتە ناوێ، دەڵێن كوردن! زۆر لە دەرگای ئەوانیشم دا كەچی كەس دەرگای نەكردەوە. پێدەچێ لەماڵ نەبن. هاتووم زانیاری و هەندێ مەعلوماتیان لەبارەوە بزانم. كە وای گۆت منیش دام لە قاقای پێكەنین. هێندە پێكەنیم هەتا كەوتمە سەر پشت. هەرچەندە ویستم پێكەنینەكەم ڕاگرم و كۆنترۆڵی بكەم نەمتوانی. دەتگۆت حەبی پێكەنینم خواردووە. موختار واقی وڕمابوو بە دیارمەوە. ئاخر كەس نوكتەو قسەیەكی وای نەكردووە ئەو هەموو پێكەنینەی لێ بكەوێتەوە. كاتێك هێور بوومەوە گۆتم، وەڵڵا موختار قسەكەی تۆ لە هەزار نوكتە پێكەنیناویتر بوو. گۆتی: چۆن؟ گۆتم ئەوە دوو هەفتەیە ئەو ماڵە هاتوون و بوونەتە دراوسێمان منیش فزووڵییەت پاڵی پێوەنام و هەندێ بە كونجكۆڵییەوە ناوە ناوە لەسەر دیوارەكەی مەعبێنمان دیقەتیان بدەم بزانم دراوسێی نوێم كێن، كەچی هەتا ئێستا هیچیان لێ تێنەگەیشتووم. تۆش ناتوانی هیچ زانیارییەكیان لێ هەڵكڕێنی.
موختار حەپەسابوو، گۆتی: چۆن؟ مەگەر كێن ئەوانە؟ گۆتم: پیاوەكە هەر پارچەیەكی لە نەتەوەیەكە! دەڵێی سەیارەكەی وەستا حەیدەریە، ئەها قەمەرەیەكی هەیە هەر پارچەیەكی لە نەوعە سەیارەك پێوە لكاندووە كەس نازانێ ئەسڵی سەیارەكە چیە! پیاوەكە دیشداشەیەكی عەرەبی لەبەرە و كڵاوێكی پەكۆڵی ئەفغانی لەسەرەو دایمەن عەبایەكی سعوودیشی بەسە شانانەوەیە. سێ كوڕی هەیە لە قوتابخانەی عەرەبی دەخوێنن بەیانیان مینی پاسێك دێت بە شوێنیانداو هەرسێكیان یەكەو دیشداشەیەكی سپی لەبەردایە و كڵاوێكی حاجیانیان لەسەرە دەڵێی سێ كەللە قەندن. سێ كچی پارچەلەشی هەیە، هەموو بەیانییەك مەلاژنێك دێ و دەرسی پیرۆزیان پێ دەڵێ. كەچی گوێم لێیە بە كوردییەكی ڕەوان، وەك من و تۆ قسە دەكەن. واتە سەر و فەساڵ و شكڵی دەرەوەیان لە عەرەب و ئەفغانی و شت دەچن. بە قسەكردنیش كوردێكی تەواو عەیار كوردن. ئەوجا كە لە سەر و شكڵ و قسەكردنیان ورد دەبیتەوە نازانی ئەوانە عەرەبن، كوردن، ئەفغانین. من خۆم هەتا ئێستا هیچیان لێ تێنەگەیشتووم. ئێستاش لە ماڵن. بەڵام دەرگا لە بەنی بەشەر ناكەنەوە. سڵاو لە كەس ناكەن. سڵاوی كەسیش جواب نادەنەوە.
بۆیە زانیاری وەرگرتنی تۆ لە وانە، وەكو نوكتەیەكی خۆش وایە… تۆ ئەگەر توانیت خواردنەكانی چێشتی مجێور لێكدی جیا بكەیتەوە ئەوا دەتوانی شوناسەكانی ئەو دراوسێیەی منیش لێكدی جیا بكەیتەوە و شتێكی لێ هەڵكڕێنی و هیچ نەبێ بزانی سەر بە چ نەتەوەیەكە!!