رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە لە کەرتی کارەبادا چاکسازی کردووە

دۆخی کارەبا لە عێراق زۆر خراپە و ئەو وڵاتە لە هاوینی ئەمساڵیشدا نەیتوانی تەنانەت نیوەی پێویستییەکانیی بە کارەبا دابین بکات. لەگەڵ ئەو بڕە کارەبایەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و کەنداو دەیکڕێت توانیویەتی نیوەی پێویستییەکان بە کارەبا پڕ بکاتەوە و نیوەکەی دیکە پشت بە مۆلیدەکانی کەرتی تایبەت دەبەستێت.

عێراق ئەگەر سەرجەم تواناکانی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ بخات سی هەزار مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا بەرهەم دەهێنێت و لە خراپترین حاڵەتیشدا کە بەشێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لەکار کەوتوون قەبارەی بەرهەمهێنان سەرووی بیست هەزار مێگاواتە.
ئەگەر نیوەی ئەو بڕە کارەبایە بە تێکڕا وەرگرین هیشتا کۆی بەرهەمی کارەبای عێراق ناگاتە نیوەی پێویستییەکانی ئەو وڵاتە لە وەرزی گەرما چونکە پێویستی بە شەست هەزار مێگاوات هەیە.
لە رۆژان و هەفتەکانی رابردوو چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە بەغدا و بەسڕە و شارەکانی دیکەی عێراق لەبەر نەبوونی کارەبا و پچڕانی کارەبا کراوە و هەرچەندە حکووەت بەردەوام بەڵێنی چاککردنی دۆخەکە دەدات و دەڵێت پڕۆژەکانیان بەمزووانە بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەکەنەوە بەڵام کێشەکانی ئەم مانگە بە مانگی داهاتوو و هی ئەمساڵ بە ساڵی داهاتوو دەسپێردرێن و قەیرانی کارەبا درێژەی هەیە.
گرنگترین هۆکاری کەمیی کارەبا لە عێراق پەیوەستە بە کۆنیی تۆڕەکانی کارەبا لەو وڵاتە و نەک نەتوانراوە ژێرخانی وزە و گواستنەوەی بەهێز بکرێت تەنانەت نۆژەنیش نەکراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەکانی عێراق زیاتر لە نیوەی ئەو کارەبابەی لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت، بەفیڕۆ دەچێت، دەدزرێت یان بە شێوەی جیاواز لە ناو دەچێت و تەنیا نیوەی دەگاتە هاوبەشەکان.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە ئیدارەکردنی ئەو کەرتە سەرکەوتوو نەبووە و تەنانەت چەندین جار داوا لە حکوومەت کراوە کەرتەکە بە کەرتی تایبەت بسپێرێت یان بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوەی بەرێت.
تا ئەم ساتە لە ماڵ و دووکان و کارگە و دامەزراوەکانی عێراق پێوەری کۆنی کارەبا کار دەکەن و دەبێت فەرمانبەری کارەبا ماڵ بە ماڵ بگەڕێت بۆ ئەوەی پێوەرەکە بخوێنێتەوە و کرێی کارەبا بەم شێوەیە لە هاوولاتییان دەستێنریت. بەشێکی زۆری پێوەرەکان تێکچوون یان کار ناکەن یان لە لایەن خەڵکەوە دەستکاری کراون و زێدەڕۆیی لە راکێشانی کارەبادا کراوە و ئەمەش زیانی بە سامانی کارەبای گشتی و داهات گەیاندووە.
بەپێچەوانەی عێراق لە هەرێمی کوردستان پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ هاوبەشەکان داندراوە و بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە خەڵک دەزانن چ بڕە کارەبایەک بەکار دەهێنن و دەبێت کۆتایی مانگەکە چ بڕە پارەیەک بدەن. هاووڵاتییان هەر لە رێگای مۆبایلەکانیانەوە دەتوانن مانگانە پارەی کارەبا بدەن.
تایبەتمەندییەکی دیکەی سیستەمی زیرەکی کارەبا ئەوەیە کۆتایی بە زێدەڕۆیی دەهێنێت و بەفیڕۆدانی کارەبا بۆ نزمترین ئاست کەم دەکاتەوە. دانانی پێوەری زیرەک و بەهێزکردنی ئەو ژێرخانە هۆکاری سەرەکی بوو لە سەرکەوتنی پڕۆژەی رووناکی لە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانەوە بگرە تا دەگاتە گواستنەوە و ئیدارەکردنی کەرتی کارەبا چەندین ساڵە چاکسازی کردووە و لە بەرهەمهێنان و بەشێک لە سێکتەرەکان پەیوەست بە کارەبا سوود لە کەرتی تایبەت وەردەگرێت و هەر ئەمەش سەرکەوتنەکەی مسۆگەر کردووە.
حکوومەتی عێراق بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بەرێوەبردنی کەرتی کارەبا دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانی کارەبا بهێنێت.