رۆژنامەی ھەولێر

ئایا ئێمە هێشتا پێویستیمان بە ڕۆمان هــــــــــــــەیە؟

شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

 

«من مرۆڤێکی زیندووم و تا ئەودەمەی بتوانم، درێژە بە مرۆڤی زیندووبوون دەدەم… لەبەر ئەمەشە کە ڕۆمان دەنووسم. لەبەر ڕۆماننووسبوونیشم خۆم لە قەدیسەکانن، زاناکان، فەیلەسووفەکان و شاعیران بە باڵاتر دەزانم، کە هەموویان ئاغای ڕەهەندگەلی جیاوازن لە مرۆڤی زیندوو، بەڵام هەرگیز هەمووی نین.»

(دی. ئێچ. لۆرانس / بۆ ڕمان گرنگە؟ – ١٩٣٦)
ناوونیشانی کتێبەکەی (جوزێف ئیپستیان) بەر لە هەموو شتێک لە پرسیارێک دەچێت کە وەڵامەکەی لە سەرەتاوە ڕوون و دیارە: « کێ پێویستی بە ڕۆمانە؟» چما دشێ ئەدەبیاتت خۆش بوێت و گرنگی بە ڕۆمان، کۆنترین و خوازراوترین شێوەی گێڕانەوەیە، نەدەیت؟ بەڵام پرسیارەکەی ئیپستیان لەم سادەبوونەوە تێدەپەڕێت. ئەو نایهەوێت بەس بەرگری لە ڕۆمان بکات؛ بەڵکوو گەرەکیەتی بۆ ساتێک ناچارمان بکات تا بپرسین ئەودەمەی ڕۆمان دەخوێنینەوە، دەمانەوێت چی بەدەست بهێنین کە لە ڕێگەیەکی ترەوە دەستمان نەکەوتووە؟!
کتێبی «ئەرکی ڕۆمان»، کۆمەڵە وتارێکی کورتی هەژدە پاڕییە کە هەریەکەیان لە گۆشەنیگایەکەوە تەماشای ماهیەت، کاریگەری و چارەنووسی ڕۆمان دەکات.
ناوونیشانی سەرەکیی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی بریتییە لە (?The Novel، Who Needs It) کە لە ساڵی ٢٠٢٣ چاپ بووە. کتێبێکی نوێ و هاوچەرخی (جوزێف ئیپستیان- Joseph Epstein)، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و مامۆستای زانکۆیە، کە بە پەخشانێکی چزوودار و تێڕوانینێکی ورد نیشانمان دەدات بۆچی نووسەر یەکێکە لە جیاوازترین تیۆریزانەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئەمریکا.
هەڵبەت با ئەوەمان بیر نەچێت، کتێبی «ئەرکی ڕۆمان» بە واتا باوەکەی، تیۆرییەکی یەکدەست لەبارەی ڕۆمان ناخاتەڕوو؛ بەڵکو زیاتر لە گفتوگۆیەکی درێژخایەن و هەندێک جاریش پەرتوبڵاو لەگەڵ خودی ئەدەبیات دەچێت. ئیپستیان باسی خوێندنەوە، یادگە، کارەکتەر، گەڵاڵە، حەقیقەت، نووسەر و خوێنەر دەکات و دواجار دەگەڕێتەوە بۆ ئەم پرسیارە کە سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانکارییە فەرهەنگی و تەکنۆلۆژییە، بۆچی دەبێت هێشتا ڕۆمان بخوێنینەوە؟!
وەڵامی نووسەر زۆر سادەیە، بەڵام دەرەنجامەکەی سادە نییە: ڕۆمان یەکێکە لە قووڵترین ڕێگەکانی ناسینی مرۆڤ.

ڕۆمان؛ زانستێک لە ڕەگەزێکی جیاواز
یەکێک لە گرنگترین ڕوانگەکانی ئیپستیان ئەوەیە کە ئەو زانیارییەی لە ڕۆمانەوە دەستت دەکەوێت لەگەڵ ئەو زانیارییەی مێژوو، فەلسەفە، کۆمەڵناسی یان دەروونناسی لەگەڵ ئێمە هاوبەشی پێدەکەن، جیاوازە. لێرەدا بابەتەکە تەنها «زانیاری» نییە. بڕیار وانییە ڕۆمان پێمان بڵێت مرۆڤ چییە؛ بەڵکو مرۆڤمان لە دۆخی «بوون»دا نیشان دەدات.
ئەو لە وتاری یەکەمی کتێبەکەدا، نموونەیەک لە کتێبی پیرۆز دەهێنێتەوە و دەنووسێت:
«بەنێوبانگترین ڕێگەی تێگەیشتن (هەنگاو بە هەنگاو و بە نموونەگەلی جیاواز) ئەوەیکە چ شتێکیش بۆ دڵ و بۆ زەینی ئێمە بەهادارە، خوێندنەوەی حیکایەتە سەرەتاییەکانە. هەر خودی کتێبی پیرۆز، سەرەڕای ئەوەیکە هەندێک کەس پێداگری لەسەر خوێندنەوە ئەدەبییەکەی دەکەن، کەچی دەکرێت وەک ڕۆمانێکی زۆر باش تەماشای بکەین، ڕەنگە باشترین ڕۆمانی نووسراو بێت کە بەشی یەکەمی، پەیمانی کۆن، ڕۆمانی بەسەرهاتی بنەماڵەیەکی گەورەیە. بەشی دووەمی، پەیمانی نوێ، پیکارێسک یان بەرهەمێکە لە خزمەت سەرکێشییەکانی پاڵەوانێکی تەنیا.»
ئیپستیان لە درێژەی وتارەکانیدا، دەپڕژێتە سەر کاریگەریی سەرەکیی ڕۆمان هەڵبەت لە ڕوانگەی خۆیەوە. ئەوەیکە لە فەلسەفەدا دەکرێت لەبارەی ئازادی، مۆراڵ، ئەشق، خیانەت یان بەرپرسایەتی گفتوگۆ بکەین؛ یا لە دەروونناسیدا دەکرێت بۆ ڕەفتاری مرۆڤ هۆکار و نموونە بهێنینەوە؛ یا لە مێژوودا بەسەرهاتی نەتەوە و مرۆڤەکان تۆمار بکرێت، بەڵام ڕۆمان کارێکی تر دەکات: هەموو ئەم چەمکانە لە ژیانی کەسانی دیار، بە هاودژی، لاوازی، ئارەزوو و خۆهەڵخەڵەتاندنەکانیانەوە وێنا دەکاتەوە. ڕێک لەبەر ئەمەشە کەسایەتییەکی داستانی، هەندێک جار زیاتر لە تیۆرییەک شتمان لەبارەی مرۆڤەوە فێر دەکات.
ڕۆمان لەبری ئەوەی مرۆڤ بۆ چەمکێک بچووک بکاتەوە، لە هەموو ئاڵۆزییەکانیدا دەیپارێزێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە بەرگرییەکەی ئیپستیان لە ڕۆمان، لە بەرگرییەکی جوانیناسانەوە تێدەپەڕێت.
بۆ ئیپستیان، ڕۆمان تەنها بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکو شێوازێکە لە ناسین؛ ناسینێک کە بابەتەکەی هەمان «ڕاز و نهێنیی گەورە» و چارەسەرنەکراوی سرشتی مرۆڤە. لە شڕۆڤەی کتێبەکەدا جەخت لەسەر ئەم جیاوازییە کراوەتەوە کە: ڕۆمانی باش لەبری مانەوەی تەنها لە بیرۆکەدا، لە «ڕاستییەکانی دڵ» نزیک دەبێتەوە و دەرفەتی ناسینێکی جیاواز لە ئەزموونی مرۆڤ دەهێنێتە پێشەوە.

ڕۆمان، قوتابخانەی ئاڵۆزییەکانە
ڕەنگە بتوانین گرنگترین فەزیڵەتی ڕۆمان لە ڕوانگەی ئیپستیانەوە، لە یەک وشەدا کورت بکرێتەوە: ئاڵۆزی.
زۆر بە دەگمەن ژیانی ڕاستەقینە، بە قەدرا تیۆرییەکان ڕێکە. مرۆڤەکان لە یەک کاتدا دەتوانن هەم شەریف بن و هەم خۆپەرست، یا ئاشق و بێڕەحم، لۆژیکی و گاڵتەچار بن. دەکرێت بڕیارێکی ئەخلاقی بدەین کەچی لە هەمان کاتیشدا هۆکارێکی خۆپەرستانەی لە پشتەوە بێت. دەکرێت کەسێکمان خۆش بوێت و لێشی بێزار بین. دەکرێت ڕاستییەک بزانین و هێشتا بە پێچەوانەکەیەوە ڕەفتار بکەین.
ڕۆمانی گەورە، کاری بەم دژایەتییانەوە نییە تا چارەسەریان بکات؛ بەڵکو بە فەرمی دەیانناسێنێت.
هەر لەم ڕووەشەوەیە کە ئیپستیان جیاوازی دەخاتە نێوان ڕۆمانە گەورەکان و ئەو نووسراوانەی کە تەنها کۆمەڵێک بیرۆکە یان هەڵوێستی ئەخلاقین. ڕۆمان کە بووە بەیاننامە، بەشێک لە توانای خۆی لەدەست دەدات؛ چونکە دەبێت دونیای چیرۆک بەرامبەر بە حوکمە دراوەکان خۆڕاگر بێت. کەسایەتیی باشی ئەدەبی، کەسایەتییەک نییە کە نووسەر بتوانێت بە سادەیی بڕیاری بەسەردا بدات؛ کەسایەتییەکە کە خودی نووسەریش ناچار دەکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات.
بەم واتایە، ڕۆمان هونەری بەرگەگرتنی ناڕوونییەکانە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگیی ڕۆمان لە سەردەمی ئێمەدا هەر ئەمە بێت؛ زەمەنێک کە زیاتر لە هەر شتێک حەزی بە خێرایی، ڕۆکبوون و هەڵوێستوەرگرتنە.

لەبارەی خوێندنەوە و یادگە
یەکێک لە زەریفترین و ناسکترین پرسەکانی ئەم کتێبەکە، پەیوەندی نێوان ڕۆمان و یادگەیە. بە زۆری، ئێمە دوای تێپەڕینی ماوەیەک بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمانێکدا، وردەکارییەکانی لەبیر دەکەین: ناوی کەسایەتییەکان، ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی، تەنانەت کۆتایی چیرۆکەکەش. کەچی هەمیشە شتێکمان تێدا جێدەهێڵێت: جۆرێک تێگەیشتن لە جیهان، وێنایەک لە مرۆڤێک، تۆنێک، خەمێک یان ڕاستییەک کە ناتوانین بڵێین لە کامە لاپەڕەی خوێندوومانەتەوە.
لە ڕوانگەی ئیپستیانەوە، ئەم لەبیرچوونەوەیە مەرج نییە نیشانەی بێسوودیی خوێندنەوە بێت، بەپێچەوانەوە هەندێک جار دەکرێت بگوترێت ڕۆمان ڕێک ئەو کاتە زۆرترین کاریگەریی هەیە کە نکارین لە کۆمەڵێک زانیاریی ئامادە، کورت و پووختی بکەینەوە. کتێبی باش لە مێشکماندا ئەرشیڤ نابێت؛ بەڵکوو خۆی دەخزێنێتە نێو کەسایەتیمانەوە.
ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارەش بێت کە ئیپستیان گرنگی بە تەمەنی خوێندنەوەش دەدات و تەنانەت عەجوولانەوە پێشنیار دەکات هەروەک چۆن فیلمەکان پلەبەندیی تەمەنیان هەیە، بەشێک لە ڕۆمانەکانیش باشتر وایە بۆ تەمەنێکی دیاریکراو پێشنیار بكرێن. ڕۆمانێک لە بیست ساڵی دەتوانێت کاریگەرییەکی تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی کە لە چل ساڵیدا لەسەر خوێنەری هەیە.
لە ڕوواڵەتدا ئەم خاڵە لەبارەی تەمەن و ئەزموونەوەیە، کەچی لە ناخی خۆیدا باسی شتێک لە ماهیەت و بەهای خوێندنەوە دەکات: ئێمە تەنها کتێبەکان ناخوێنینەوە؛ بەڵکوو هەر جارەی ئەوە خودێکی نوێیە لە ئێمە کە کتێبەکە دەخوێنێتەوە.

ڕۆمان لە سەردەمی سەرقاڵیدا
بە دڵنیاییەوە ئیپستیان بە تەنیا ستایشی ڕۆمان ناکات، بەڵکوو بەشێک لە کتێبەکەشی تەرخان دەکات بۆ ئەو هێزانەی زیان بە بەرهەمهێنان و خوێندنەوەی ڕۆمانی جددی دەگەیێنن: فەرهەنگی دیجیتاڵی و خوێندنەوەی ئۆنلاین، پەرەسەندنی بەرنامەگەلی تایبەت بە نووسینی داهێنەرانە، زاڵبوونی ڕوانگەی دەرمانگەرانە بۆ ئەدەبیات و هەروەها گوشارە ئایدۆلۆجی و سیاسییەکان لەسەر نووسەر و بەرهەمی ئەدەبی.
ڕەنگە ئەم بەشەی کتێبەکە زیاتر لە هەمووی جێگەی گفتوگۆ بێت. لێرەدا ئیپستیان هەندێک جار لە ڕەخنەگرێکی ئەدەبییەوە دەگۆڕێت بۆ بەرگریکارێکی سەرسەختی نەریتی ئەدەبی و تێڕوانینی بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخ هەڵنەرانەیە لەمەڕ بابەتەکانی «درووستنووسیی سیاسی» و هەندێک ڕەوتی فەرهەنگی.
ڕەخنەگرانیش پەنجەیان لەسەر ئەم ڕەهەندەی کتێبەکە داناوە و پێیان وایە بەرگریی ئیپستیان لە ڕۆمان لە هەندێک حاڵەتدا تێکەڵ بە بەرگری لە ناوەندە ئەدەبییە دڵخوازەکەی خۆی دەبێت، کەچی لەم هەڵوێستە مشومڕاوییەشدا پرسیارێکی جدی دەمێنێتەوە: ئاخۆ دەبێت ئەدەبیات شتێکی زیاتر بێت لە ڕەنگدانەوەی باوەڕە لەپێشپەسەندکراوەکانی ئێمە؟
ئەگەر ڕۆمان تەنها پشتڕاستکەرەوەی جیهانبینی خوێنەر بێت، ئاخۆ هێشتا هەمان هێز و توانای کەشفکردنی خۆی پاراستووە؟ ئیپستیان وەڵامەکەی بۆ ئەم پرسیارە نەرێنییە، واتە نەخێرە: ڕۆمانی گەورە دەبێت جیهان ئاڵۆزتر بکات، نەوەک سادەتری بکاتەوە.

بەرگری لە ڕۆمان
خاڵی سەرنجڕاکێشی کتێبی «ئەرکی ڕۆمان» ئەوەیە کە ئیپستیان بەپێچەوانەی ناوونیشانی کتێبەکە، هەوڵ نادات هەموو ڕۆمانێک وەک پێویست لەقەڵەم بدات. ئەوەی ئەو بەرگری لێ دەکات، زیاتر «ڕۆمانی جددی»یە؛ ڕۆمانێک کە بەدواداچوون بۆ حەقیقەتی ئینسانی دەکات بە هەموو فرەیی و لێڵییەکانییەوە. لەم ڕووەوە، دەکرێت کتێبەکە وەک جۆرە بانگهێشتکردنێک تەماشا بکرێت بۆ گەڕانەوەی خوێندنەوەی هێواش؛ خوێندنەوەیەک کە تێیدا بەهای کتێب بە خێرا خوێندنەوەی لاپەڕەکانی ناپێورێت.
ئیپستیان تەنانەت جیاوازییەکی ناڕاستەوخۆ دەخاتە نێوان ڕۆمانە «خێراخوێنراوە» و «وەستێنەرەکان»: هەندێک ڕۆمان ناچارمان دەکەن لاپەڕە دوای لاپەڕە و زۆر بە خێرایی بچینە پێش و بیخوێنینەوە؛ هەندێکی تریش ئەوەندە ڕستە و بیرۆکە دەخەنە بەردەممان کە ناچار دەبین بوەستین، دووبارە بیخوێنینەوە و ساتێک تێڕابمێنین. ڕەنگە ئەم جۆرە کتێبانە کەمتر سەرگەرمکەر بن، بەڵام قووڵتر لە مێشکدا دەمێننەوە.
لە کۆتاییدا، «ئەرکی ڕۆمان» زیاتر لەوەی کتێبێک بێت دەربارەی مردن یان ژیانی ڕۆمان، کتێبێکە دەربارەی «بۆچییەتیی خوێندنەوە». لە کۆتاییدا پرسیاری «کێ پێویستی بە ڕۆمانە؟» دەبێتە پرسیارێکی تر: « ئەگەر چیتر ڕۆمان نەخوێنینەوە دەبینە، چ جۆرە مرۆڤێک؟»
و وەڵامی ئاپستاینیش ڕوونە:
مرۆڤێک کە بەشێک لە توانای خۆی بۆ دیدێکی تر، بەرگەگرتنی دژایەتی، وێناکردنی ژیانە جیاوازەکان و تێگەیشتنی ئاڵۆزی ئەزموونی مرۆڤی لەدەست داوە.
ڕەنگە لە سەردەمێکدا کە دەکرێت بە چەند چركەیەک پوختەی ڕۆمانێک بخوێنیتەوە و ڕای خۆتی لەسەر بدەیت و کەسایەتییەکانی شیکار بکەیت و تەنانەت لەبارەی ماناکەشیەوە گفتوگۆ لەگەڵ ژیریی دەستکرد بکەیت، ئیتر پرسی سەرەکی ئەوە نەبێت کە ئاخۆ ڕۆمان پێویستی بە ژیانی ئێمە هەیە یان نا. پرسەکە ئەوەیە کە ئایا هێشتا تاقەتی ئەوەمان هەیە هێندە هێواش بژین تا ڕۆمانێک بتوانێت ئەو ئەرکەی کە بۆی خوڵقاوە، ئەنجامی بدات؟
ڕۆمان، لە باشترین فۆڕمی خۆیدا، وەڵامێکی ئامادەمان پێناداتەوە. شڕۆڤەی دونیامان بۆ ناکات تا خەیاڵمان ئاسوودە بێت، بەپێچەوانەوە کەمێک لێڵتر و ئاڵۆزتریشی دەکات؛ مرۆڤەکانی تر لە هەموو کاتێک ڕاستەقینەتر و خۆشمان لە هەموو کاتێک ئاڵۆزتر نیشان دەدات. ڕەنگە هەر ئەمەش، گرنگترین هۆکار بێت بەوەی ئێمە پێویستیمان بە ڕۆمانە. ڕۆمان فێرمان ناکات مرۆڤ بناسین؛ بیرمان دەخاتەوە کە ناسینی مرۆڤ کارێکی بێکۆتایە.
ئیپستیان لە وتارەکانی کۆتایی کتێبەکەیدا ڕیزێک ڕۆمان و ڕۆماننووسی کەمتر ناسراو بۆ خوێنەر ئامادەی کردووە تا ئاشنای بکات بەو خۆشییانەی کە لە ساڵانی ئاشنایەتی بە ئەدەبیات هەیبووە.

ئەو دەنووسێت:
«ئەم کتێبانە، ساڵانێک هۆکاری دڵخۆشی من بوون و حەز دەکەم وا بیر بکەمەوە کە دونیابینیی منیان بەرفراوانتر و فەرهەنگیان قووڵتر کردووەمەتەوە. هەروەها حەز دەکەم ئاوا بە خۆم بڵێم کە منیان بەرامبەر بە دونیا و خۆم تۆزێک هوشیارتر کردووەتەوە.»

ئەمانە بەشێکن لە هەڵبژاردنەکانی ئیپستیان:
– ڕۆمانی (ئابلۆمۆڤ – Oblomov)ی (ئیڤان گۆنچارۆڤ – Ivan Goncharov)ی نووسەری ڕووسی
– ڕۆمانی (جارێکیتر برایدزهێد – Brideshead Revisited)ی (ئیڤلین وو – Evelyn Waugh)ی نووسەری بەریتانی
– کۆمەڵە چیرۆکی (سیانەی بنەماڵەی سنۆپس – The Snopes Trilogy)ی (ویلیام فاکنەر – William Faulkner)ی نووسەری ئەمریکە
– ڕۆمانی (مارشی ڕادێتسکی – Radetzky March)ی (جۆزێف ڕۆس – Joseph Roth)ی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی نەمسایی
– ڕۆمانی (کۆتایی هاوارد – Howards End)ی (ئیدوارد. مۆرگان. فۆستەر – E. M. Forster)ی نووسەر و ڕەخنەگری بەریتانی

سەرچاوە:
ماڵپەڕی ئەدەبی (وینش – vinesh)