رۆژنامەی ھەولێر

تەعریبی خانەقین بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

داگیرکردنی زەوی جووتیارانی گوندە کوردنشینەکانی سنووری خانەقین بەردەوامە و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە جووتیاران چەندینجار خۆپیشاندانیان کردووە، بۆ ئەوەی عەرەبی ھاوردە نەھێندرێنە سەر زەوییەکانیان، بەڵام بەھۆی نەمانی دەسەڵاتی کورد لەوناوچانە، کەس گوێ لە جووتیارەکان ناگرێت و زەوییەکانیشیان داگیر دەکرێن. سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دەڵێت: تەعریب ئەوەندە خێرا بەڕێوەدەچێت ئێستا گوڵاڵە لە خانەقین دانیشتووانی زیاترە. بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی، ڕایگەیاند، ھەڵوێستمان ڕوونە و دەبێت ئەم تەعریبە ڕابگیرێت.

ژمارەی فەرمانبەرە کوردەکان لە خورماتوو زۆر کەمە و لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا ژمارەی فەرمانبەرانی پێکھاتەکانی تر لە نێوان ٨٠٠ بۆ ١,٠٠٠ فەرمانبەر دەبێت. لایەنە سیاسییەکانی خانەقین کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو شێوازە نوێیەی تەعریب کە لە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە گیراوەتەبەر، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا خۆپیشاندانێکی فراوان لەنێو بازاڕی خانەقین دژی ھێنانی عەرەبی ھاوردە و پێشێلکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور ئەنجام بدرێت. دوای بڕیاری خۆپیشاندانەکە، ھێزێکی ئەمنی زۆر لەنێو خانەقین بڵاوەیان پێکراوە و لە ڕێگەی دەزگا ھەواڵگرییەکانی حکوومەتی عێراقەوە، چەند گەنجێکی کورد دەستگیر کران، ھاوکات ھەڕەشەی دەستگیرکردن لە زیاتر ٣٠ گەنجی دیکەی شارەکە کراوە، بەھۆی ھەڕەشەی دەستگیرکردن و ئەگەری تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بۆ کپکردنی دەنگی کوردانی ڕەسەنی ناوچەکە، ناچار بوون خانەقین جێبھێڵن.
عەرەبە ھاوردەکان بە ھاوکاریی ئیدارەی دیالە دوای ئەوەی کوردیان لە گوندەکان دەرکرد و زەوییەکانیان داگیر کردن، لە ئێستادا دەیانەوێت تەعریبی زیاتر بکەن، کۆمەڵێک عەرەب بە ھاوکاریی حەشدی شەعبی و ئیدارەی دیالە، دەیانەوێت موڵکەکانی کورد و موڵکە حکوومییەکان بخەنە موزایەدەوە و عەرەب بیکڕن. داگیرکردنی زەوی جووتیارانی گوندە کوردنشینەکانی سنووری خانەقین بەردەوامە و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە جووتیاران چەندینجار خۆپیشاندانیان کردووە، بۆ ئەوەی عەرەبی ھاوردە نەھێندرێنە سەر زەوییەکانیان، بەڵام بەھۆی نەمانی دەسەڵاتی کورد لەوناوچانە، کەس گوێ لە جووتیارەکان ناگرێت و زەوییەکانیشیان داگیر دەکرێن. بەگوتەی جووتیارەکان، داگیرکردن و لێسەندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ھاووڵاتییانی کوردی سنووری قەزای خانەقین بە پشتیوانی چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە، کە دەیانەوێت بە تەواوەتی کورد لەوناوچانە دەربکەن و جارێکی دیکە عەرەبە ھاوردەکان لە شوێنەکانیان جێگیر بکەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو عەرەبانەی چەندین ساڵە لەگەڵمان دەژین و لەلایەن کوردەوە خزمەت دەکرێن، ئەوانیش دژی کورد ھاوکارن بۆ تەعریب کردنەوەی ناوچەکەمان.
ئەو کوردانەی کە لەسەر زەویە کشوکاڵییەکانیانن لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣وە گەڕاونەتەوە سەر زەویەکانیان، عەرەبە ھاوردەکانیش ئەو کاتە ناوچەکەیان جێھێشت، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی دەسەڵاتی کورد لەناوچەکە جارێکی دیکە داگیرکردن و دەرکردنی کورد لە ناوچەکە دەستی پێکردەوە.
ئەوەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت لە تەعریبەکەی ڕژێمی پێشوو سەدجار خراپترە، تەعریبێکی زۆر نامەردانەیە، چونکە ئەمە دەرکردنی کوردەکانە لە گوندەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەڵێن، ئەگەر حکوومەتی ھەرێم بە جددی نەھێتە سەر خەت خانەقین بە دەردی توزخورماتوو و ناوچەکانی دیکە دەچێت.
گۆڕانکاریی دیمۆگرافی گەیشتووەتە ئاستێک کە ژمارەی دانیشتووانی شارەدێی گوڵاڵە ١٠٦ ھەزار کەسە و ئێستا لە سەنتەری شارۆچکەی خانەقین زیاترە. فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھۆشداریی دەدات لە زیادبوونی “تەعریبی نەرم” لە ناوچە دابڕێنراوەکان و ڕەخنە لە بەغدا دەگرێت کە یارمەتیدەر نییە.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، گوتیشی: بەپێی توێژینەوەکان پێشبینی دەکرێت لە پێنج ساڵی داھاتوودا، ڕێژەی عەرەبی ھاوردە لە ناوچە کوردستانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
بەبڕوای فەھمی بورھان، چۆڵکردنی گوندەکان، دەستێوەردانی سوپای عێراق و بڕینی خزمەتگوزارییەکان، وەک ھۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لەو ناوچانە دیاری کراون. گوتیشی، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بە “تەعریبی نەرم” بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، زیاتر گوتی: لە خورماتوو چەندین کێشەی ھەمەجۆر لەوانە کێشەی زەویوزار، بەتەعریبکردن و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بوونیان ھەیە، لەبارەی کێشەی زمانی کوردی و پرۆسەی پەروەردە ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری پەروەردە گفتوگۆ دەکرێت. لەبارەی دۆسیەی زەوییە داگیرکراوەکانیش ڕوونیکردەوە، کێشەکە کەڵەکەبووی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کاریگەریی خراپیان لەسەر زیاد کردووە، بۆیە ئەو دۆسیانە بەلای دەستەکەیانەوە سیاسین و بەشێکن لە ماددەی ١٤٠ی دەستوور.
لەلایەکی دیکەوە ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ناکرێت ڕێگە بدرێت بە ئاسانی ئەو ناوچانە بە زەبری ھێز تەعریب بکرێن و ئێمەش ببینە تەماشاکەر، ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ماوەیەکی زۆرە بە بەرنامە دەیانەوێت ژمارەی دانیشتووان و دیمۆگرافیای شارەکە بشێوێنرێت، بۆیە ھەڵوێستمان ڕوونە و دەبێت ئەم تەعریبە ڕابگیرێت.
بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، دەشڵێ، مەترسیەکی گەورە لەسەر خوێندنی کوردی ھەیە و ساڵ بە ساڵ مەترسییەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە و زەقترین ھۆکاریش جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە، کە پێویست بوو لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت و چارەنووسی خانەقین یەکلایی بکرێتەوە، کە ئەوە نەکرا، خوێندن لەو ناوچانە گرینگی پێنادرێت و نەیاران ھەوڵدەدەن ئەو قوتابخانانەی ماون فشاریان لێ بکەن و لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاوکاریان نابن و بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت، ئەمەش وای کردووە دایک و باوکانیش زۆر گرنگی پێنەدەن، بۆ ئەوەی چارەنووسی منداڵەکانیان نەفەوتێت و ئەوانەی دەریشدەچن بە زۆر لە زانکۆکان وەردەگیرێن، یا دانی پێدانانێن، یاخود دانامەزرێن، بەڵام ئەوانەی لە قوتابخانەی عەرەبی بن ھەموو کارێکیان بۆ دەکرێت، بۆیە مەترسییەکی زۆر لەسەر خوێندنی کوردی ھەیە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گرنگی پێنادرێت و دژایەتی دەکرێت، بۆ ئەوەی نەمێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی تەعریبە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان.