ڕائیب جادر – هەولێر
تەنیا ٢ ڕۆژ لەبەردەم ھاووڵاتییاندا ماوە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری داشکاندنی ٥٠% بۆ قەرزی کۆنی کارەبای پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ ھەزار ھاوبەش لە لێخۆشبوونەکە سوودمەندبوونە.
پرۆسەی لێخۆشبوونەکە لە ڕۆژی سێی مانگی ڕابردوو دەستیپێکرد، ١٠ـی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ ئەم لێخۆشبوونەی قەرزی کۆنی کارەبا، پێویستە تەواوی قەرزەکە بە یەکجار بدرێت، پارەدانی دیجیتاڵی (ئی-پسوولە) باشترین و خێراترین ڕێگەیە کە ھاووڵاتییان لە قەرەباڵغی دەپارێزێت، پارەدان لە ڕێگەی کارمەندی کۆکردنەوەی پارەوە قەبوڵ ناکرێت، ھاوکات ئەم لێخۆشبوونە ھاوبەشانی پیشەسازیی زۆر گەورە ناگرێتەوە کە فیدەری تایبەتیان ھەیە.
تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ ھەزار ھاوبەش لە لێخۆشبوونەکە سوودمەندبوونە و بە گشتیش زیاتر لە دوو ملیۆن پارەدان لە ڕێگەی “ئی-پسوولە”وە بە ھەردوو پرۆسەی پارەدانی ڕووناکی و قەرزی پێشوو ئەنجام دراوە، جەختیش دەکاتەوە کە وادەی لێخۆشبوونەکە درێژ ناکرێتەوە و لە ١٠-٩-٢٠٢٦ کۆتایی دێت.
ڕۆژی ٢٢-٧-٢٠٢٦ـی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا بە دوو ڕێژەی جیاواز ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەکە، داشکاندنەکە بە ڕێژەی ٥٠% بۆ ماڵان و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دەبێت و بەڕێژەی ٢٥% بۆ پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان و فەرمانگەکانی حکوومەت دەبێت.
حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەم دەرفەتی لێخۆشبوونەکەدا ماوە و بڕیاری داشکاندنی قەرزە کۆنەکان تاوەکو ١٠ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دوای ئەو بەروارە ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە، ھەربۆیە داوا لە ھاوبەشان دەکەم کە تاوەکو ئێستا قەرزەکانیان پاکتاو نەکردووە، بە خێرایی لەم دەرفەتە سوودمەند بن.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر فەرمانگەکان، ھاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەی بەکارھێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ڕاستەوخۆ قەرزەکانیان بدەنەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە نۆرەدا بوەستن.

