مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
تۆڕی هەواڵی WhoScoreـی ئینگلیزی بەربژانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی بەپێی ریزبەندی دەستنیشان کردووە، ریال مەدرید لەنێو 3 بەربژێرەکەی سەرەوەی ریزبەندی نییە.
پێش دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی نو چامپیۆنزلیگ، بەپێی پێشبینییەکان ریزبەندییەک بۆ هەر 36 یانەبەشداربووەکە بڵاودەکرێتەوە و تێیدا پاریس سانجێرمان وەکو بەربژێری یەکەم بۆ بردنەوەی نازناوەکە و یانەکانی ئارسیناڵ و بایرن میونشن لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن، لە کاتێکدا ریال مەدرید بە گۆڕانکاریی گەورەوە لە پلەی پێنجەمدا دەبینرێت.
پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لەژێر سەرپەرشتی لویس ئێنریکی و بەبوونی هێرشبەرانی وەک کڤاراتسخێلیا و عوسمان دێمبێلێ، بەهێزترین تیپی ئەم وەرزەیە و چاوی لەوەیە مێژوو بنووسێتەوە. لە دوای ئەویش یانەی ئارسیناڵ دێت کە بەهۆی قووڵیی پێکهاتەکەی و گۆڕانکارییە ژیرانەکانی میکێل ئارتێتا، وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەموو یانەکان دیاریکراوە.
بایرن میونشن بە راهێنەرایەتی ڤینسێنت کۆمپانی و درەوشانەوەی هاری کەین، کە ئێستا بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، لە پلەی سێیەم جێگیر کراوە. یانەی بارسێلۆناش کە هانزی فلیکی ئەڵمانی سەرپەرشتی دەکات، دوای گواستنەوەی رۆدری و ئانتۆنی گۆردۆن، لەپلەی چوارەم دایە و ئامانجیەتی دوای ساڵانێکی زۆر بگەڕێتەوە سەرتەختی پاشایەتی ئەورووپا.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا بە سیمایەکی جیاوازەوە دەردەکەوێت، جۆزێ مۆرینیۆ گەڕاوەتەوە سەر کورسیی راهێنەرایەتی یانە شاهانەکە و فلۆرێنتینۆ پێرێز متمانەی تەواوی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی نازناوەکە بباتەوە، بەتایبەت دوای گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەکی وەک بێرناردۆ سێلڤا و دیۆماندێ.
مانچێستەر سیتیش کە ئێستا ئێنزۆ مارێسکا راهێنەرایەتی دەکات، دوای رۆیشتنی چەندین یاریزانی سەرەکی وەک رۆدری، لە پلەی شەشەم جێگیر بووە.
ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ پڕ دەبێت لە چیرۆکی نوێ، وەک راهێنەرایەتی یایا تۆرێ بۆ یانەی سلۆڤان براتیسلاڤا و یەکەم دەرکەوتنی یانەی کۆمۆ بەراهێنەرایەتی سێسک فابریگاس. هەروەها مانچێستەر یونایتد بەراهێنەرایەتی مایکڵ کاریک دوای دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی دوو وەرز،جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە نێو کەشوهەوای چامپیۆنزلیگ و لە پلەی 10دێت.
لە لایەکی دیکەوە، یانە ئیتاڵییەکانی وەک ئینتەر میلان و رۆما، بە ئەستێرە نوێیەکانیانەوە ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا کێبڕکێیەکی تووند بکەن.
چامپیۆبزلیگ بە سیستەمێکی نوێ بەڕێوە دەچێت
تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی 2026 ـ 2027 لە هەرێمی شانشینی مۆناکۆی فەرەنسا بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتی 36 یانەی بەشداربوو راکێشرا، لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئارسیناڵێش یەکەمین یاریی لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر ریال مەدرید دەبێت.
سیستەمی نوێی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەپێی سیستەمە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ هەر یانەیەک لە قۆناخی یەکەم هەشت یاری بەرامبەر هەشت یانەی جیاواز دەکات، چوار یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەکات و چوار یاریش لەنێو یاریگەی خۆی دەبێت. باشترین هەشت یانەی سەرووی ریزبەندییەکە راستەوخۆ بلیتی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەبڕن، یانەکانی پلەی 9 تـــــا 24 دەبێت لە قۆناخی پاشکۆ بۆ بەدەستهێنانی هەشت بلیتی دیکە یاری بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە قۆناخی 16، بەپێی سیستەمە نوێیەکە یانەکانی ریزبەندی 25 تــــا 36 ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکەن. بڕیارە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید لە رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2027 بکرێت.

