عومەر چنگیانی
لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بۆ هەفتەی ڕابردوویش ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦ لە درێژەدانمان بە گوتارەكانی مانگی ڕەبیعی یەكەمی ١٤٤٨ (پێویستیمان بە ڕێنمایی و بەرنامەی پێغەمبەرایەتی)، بەئەركمان زانی تیشك بخەینە سەر بابەتی سەردێڕ، كە جەنابی مامۆستا مەلا عیماد نووسیبووی و مامۆستا وەزیر باپیریش كورداندبووی و لێرەیش دەیكەینە زمانی نووسین و دەبێتە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان.
هیچ بنیادێک نییە بنچینەیەکی نەبێت کە لەسەری بوەستێت و، بنچینەی بنیادنانی ئایینی ئیسلامیش لەسەر دوو بنەمای مەزن و چەسپاو دەوەستێت:
1. باوەڕ بە تاکوتەرایەتیی (اللە) خوای گەورە، وەك تاكە شایانی پەرستنی ڕاستەقینە و پەرستنی.
2. باوەڕ بە پێغەمبەرایەتیی محەمەد دروود و سەلامی خوای لێ بێ کە ڕەسوولی خوایە، کە ئەمەش لە گوتنی (لا إله إلا الله محمد رسول الله)دا بەدی دەکرێت.
لە داواکارییەکانی باوەڕ بە محەمەد ڕەسولی خوا دروود و سەلامی خوای لێ بێ ئەوەیە کە مافەکانی بزانین و جێبەجێیان بکەین؛ وەکچۆن خوای گەورە فەرمانی پێ کردووین بۆ ئەوەی لە هەردوو جیهاندا بەختەوەر ببین.
تەوەری یەکەم: مافەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێ؛ لەوانەش:
1. ناسینی ژیاننامە و فێربوون و فێرکردنی منداڵەکانمان: وەکچۆن هاوەڵان (ڕەزای خوایان لێ بێت) ئەوەیان دەکرد.
2. خۆشویستنی دروود و سەلامی خوای لێ بێ زیاتر لە هەموو شتێک، بگرە لە خودی خۆ (نەفسی خۆت) و، منداڵ و، دایک و باوک و تەواوی خەڵکی؛ كە دەبینین پێغەمبەری خوا دروود و سەلامی خوای لێ بێ بۆ خۆی دەفەرمێ: (بڕوای هیچ یەك لەئێوە دانامەزرێت تا خۆشەویستی بۆ من لە پێش خۆشەویستی باوك و دایك و منداڵ و وەچە و مەردم هەموویەوە نەبێت).
3. شوێنکەوتن و گوێڕایەڵیی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێ خوای گەورە لە شەست و پێنج هەمین ئایەتی سورەتی (نیسا)دا دەفەرمێ:
“سوێند بە پەروەرێنی تۆ، ئەوانە بڕوایان نەهێناوە، یان پێیان ناگوترێت بڕوادار، تا تۆ نەكەنە سەرپشكی كار و یەكلاكەرەوەی هەر ناكۆكیەكیان و دوای بڕیاری یەكلاكەرەوەی تۆیش لە دڵ و دەروونیاندا هیچ نیگەرانییەك نەبێت لەو بڕیارەی كە تۆ داوتە و دەرت كردووە.”
4. گومان لەوەدا نییە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێ لە دوای قورئانی پڕ لە بەخشش، سوننەتەكانیەتی كە دەبنە حەكەم و حاكم و ناوبژیوان.
5. بانگەوازکردن بۆ ئایینە ڕاستەکەی و، قوربانیدان لە ڕێگەیدا، پشتیوانیکردنی بە هەموو شتێک و، زیندووکردنەوەی سوننەتەکانی دروود و سەلامی خوای لێ بێ و پێشنەخستنی دابونەریت و ئارەزووەکان بەسەریدا.
6. بەگەورەگرتن و ڕێزلێنان و، ئاداب لەگەڵیدا تەنانەت لە دوای وەفاتیشی و، ڕێزگرتن لە ناوی لە کاتی هێنانیدا و زیادەڕۆیینەکردن تێیدا دروود و سەلامی خوای لێ بێ و خۆشویستنی ئەهلی بەیت و هاوەڵەکانی.
7. زۆر سەڵاواتدان لە دیداری دروود و سەلامی خوای لێ بێ .
تەوەری دووەم: بەرهەمی مافەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێ :
جێبەجێکردنی مافەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێ شوێنەواری چاکی لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە وەک لە قورئانی پیرۆز و فەرموودە پیرۆزەکاندا هاتوە، لەوانەش:
شوێنەوارەکانی لەسەر تاک:
1. بەهێزبوونی ئیمانی خاوەنەکەی و چاکبوونی دڵی.
2. جێگیربوونی ڕەفتاری تاک و باشتربوونی ڕەوشتی.
3. ئارامی، بەختەوەری و هاوسەنگی لە کاتی تاقیکردنەوەدا، چ خێر بێت یان شەڕ.
4. بەدەستهێنانی خۆشەویستیی خوا و پێغەمبەرەکەی.
5. ڕزگاربوون لە ئاگر و چوونه بەهەشت.
شوێنەواری لەسەر کۆمەڵگە زۆر مەزنە، لەوانەش:
1. بڵاوبوونەوەی خۆشەویستی، میهرەبانی و هاوکاری
2. پاراستنی مافەکان، ئاسایش و جێگیری
3. یەکێتیی کۆمەڵگە و دوورخستنەوەی لێکترازان و دەمارگیریی قێزەون
4. مامەڵەی باش لە نێوان موسڵمانان و ئەوانی تردا.
کەواتە شوێنەوارەکانی جێبەجێکردنی مافەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێ پەسەندکراون و، ئەنجامەکەی: چاکبوونی تاک + چاکبوونی خێزان + چاکبوونی کۆمەڵگە و، دەستکەوتەکەشی سەرکەوتنی ئۆمەتە.

