رۆژنامەی ھەولێر

ئاسۆی بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر…

سیروان عوسمان/ هەولێر*

 

بە مەبەستی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە دۆخی شانۆ و دیاریکردنی ئاسۆ و ڕێگاکانی بووژاندنەوە و پەرەپێدانی ئەم هونەرە لە هەولێر، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ـ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ـ بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ، بە هاوکاریی تۆڕی میدیای (کوردستان تیڤی) سیمیناری تایبەت بە ناونیشانی (ئاسۆی بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر) ساز دەکات.
سیمینارەکە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوە دەچێت و تێیدا بابەت و پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە بواری شانۆ، بارودۆخی ئێستای شانۆ لە هەولێر، کێشە و ئالنگارییەکانی بەردەم هونەرمەندان، هەروەها ڕێگا و میکانیزمەکانی گەشەپێدان و بووژاندنەوەی شانۆ دەخرێنە بەرباس و گفتوگۆ.
لە چوارچێوەی ئەم سیمینارەدا، هەریەكە لە (دکتۆر ژیلوان تاهیر، سەباح عەبدولرەحمان، کرمانج مستەفا و حەمە جەمیل) بە وتار و بەشداریی خۆیان، بەشێک لە ئەزموون و دیدگاکانی خۆیان لە بواری شانۆ و هونەر دەخەنە ڕوو و بەشداریی دەکەن لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆی شانۆیی و هونەری لە هەولێر.
سیمینارەکە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی دەرفەتێکی فکری و هونەری بۆ شانۆکاران، نووسەران، ڕەخنەگران، ڕۆشنبیران و ئەو کەسانەی کە بە بواری شانۆ و هونەرە نمایشییەکانەوە پەیوەندیدارن، تاکوو بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون، هەنگاوێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی پەرەپێدان و بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر بنرێت.
شانۆ، وەک یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی هونەر و دەربڕینی کۆمەڵایەتی و کولتووری، لە مێژووی هەولێر و کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە؛ بۆیە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەم بوارە، دەتوانێت ببێتە هۆی هەنگاوێکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی جووڵەی شانۆیی و پشتیوانیکردن لە تواناکانی هونەرمەندانی ئەم بوارە.

ئاسۆی بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر
هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیەکی جددی و بەرهەمهێنەر، بە ئامانجی ئەوەی شانۆ لە هەولێر تەنیا وەک هونەرێکی نمایشی نەبینرێت، بەڵکوو وەک بەشێکی گرنگ لە ناسنامەی کولتووری و ژیانی ڕۆشنبیریی شار و کۆمەڵگە بەهێزتر بکرێت.

ئێمەی شانۆکاران هەموومان بەرپرسیارین لە داهاتووی شانۆی هەولێر
لە هەمان کاتدا، ئەم سیمینارە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی شانۆکاران و هونەرمەندان لە هەولێر، لە هەموو جیاوازیی بیر و بۆچوونەکان تێپەڕ بن و بە ڕوانینێکی هاوبەش بۆ داهاتووی شانۆ بڕوانن. جیاوازیی بۆچوون و شێوازی کار، بە سروشتیی خۆی بواری هونەرە؛ بەڵام ئەو جیاوازییە نابێت ببێتە هۆی دووبەرەکی، ناکۆکی و لاوازکردنی یەکتر.
شانۆ بۆ پێشکەوتن، پێویستی بە هاوکاری، پشتگیری و یارمەتیدانی یەکتر هەیە؛ چونکە هیچ هونەرمەندێک بەتەنیا ناتوانێت بناغەی شانۆیەکی بەهێز دابمەزرێنێت. سەرکەوتنی یەک هونەرمەند، دەبێت بە سەرکەوتنی کۆمەڵی شانۆکاران بزانرێت، نەک بە هەڕەشەیەک بۆ کەسێکی دیكە.
پێویستە شانۆکاران لەجیاتی یەکترسڕینەوە، کەمکردنەوەی بەها و توانای یەکتر، یان دروستکردنی کێشە و دووبەرەکی، دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و لە تواناکانی یەکتر بۆ پەرەپێدانی شانۆ سوود وەربگرن. ڕەخنە دەبێت بۆ چاککردن و پێشخستنی کار بێت، نەک بۆ شکاندن و وەدەرنانی کەسێکی دیكە لە مەیدانەكە.
ئەگەر ئامانجمان بووژاندنەوەی شانۆی هەولێرە، ئەوا پێویستە یەکگرتوویی و هاوکاری لەپێش بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان دابنێین؛ چونکە داهاتووی شانۆ بە توانای یەک هونەرمەند دروست نابێت، بەڵکوو بە هەماهەنگی و هەوڵی بەردەوامی کۆمەڵێک هونەرمەندی دڵسۆز دروست دەبێت.
بۆیە هیوادارین ئەم سیمینارە تەنیا شوێنی وتار و گفتوگۆ نەبێت، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ نزیکبوونەوە، لێکتێگەیشتن، هاوکاری و پشتگیریکردنی شانۆکاران؛ بۆ ئەوەی هەموومان بە یەکەوە بتوانین شانۆی هەولێر بەرەو داهاتوویەکی ڕوونتر و بەهێزتر بەرین.
لە چوارچێوەی ئەم سیمینارەدا، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ بە مەبەستی بەهێزکردنی گفتوگۆی پیشەیی و ڕۆشنبیری لە بواری شانۆ، بانگهێشتی هەموو هونەرمەندان، شانۆکاران، نووسەران، دەرهێنەران، ڕەخنەگران، مامۆستایان، قوتابییان و دڵسۆزانی بواری هونەر و شانۆ دەکات بۆ بەشداریی چالاکیان لەم سیمینارەدا.
هیوادارین بەشداریی بەڕێزتان و بەشداریی بیر و ئەزموون و پێشنیارەکانتان، ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکان و دۆزینەوەی ڕێکار و ئاسۆیەکی نوێ بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر.
بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ بە پێویستی دەزانێت ئەم جۆرە گفتوگۆ و کۆبوونەوە پیشەیی و هونەریانە بەردەوام بن و هیوادارە ئەم سیمینارە ببێتە دەستپێکی هەنگاوێکی جددی و بەرهەمهێنەر بۆ بەهێزکردنی ژینگەی شانۆیی و ڕۆشنبیری لە هەولێر.

* بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر