سەدیق سەعید ڕواندزی
یەكێك لە هونەرمەندە هەر دیار و تواناكای كوردستان و شاری كۆیە، مامۆستا (ڕۆستەم ئاغالە) كە من خۆم زۆر چێژ لە كارە هونەرییەكانی وەردەگرم، تابلۆیەكی هونەری خۆی، كە پێشتر بە دیاری پێشكەشی كەسێكی كردووە، بە سێهەزار لە كۆنەفرۆشێك دەكرێتەوە و بە دووهەزار دۆلار دەیفرۆشێتەوە.
لێرەدا، قسە لەسەر كڕینەوە و فرۆشتنی تابلۆكە نییە، بەڵكو باسەكە ئەوەیە، دەكرێ كەسێك هیچ بەهایەكی هونەری و پێزانینێكی كەسی و كۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتی بۆ دیارییەك دانەنێت، كە لەلایەن هونەرمەندێكەوە، یان نووسەرێك، یان هەر كەسێكی ئاسایی پێی بەخشراوە؟ مرۆڤ دەكرێ هێندە بێموبالات و نابەرپرسیار و ناتێگەیشتوو بێت، دیارییەكانی بە بێبەها و بێنرخ بزانێت؟ لە ڕاستیدا، گەورەیی و جوانی و بەهاداریی دیارییەك، لەوەدا نییە كە بچووكە یان گەورە، نرخی زۆرە یان كەم، لەلایەن كەسێكی گەورە، یان ئاساییەوە پێشكەشت دەكرێت، تابلۆیەكی هونەریی جوان و پڕ مانایە، یان پێنووسێكی ئاسایی، كتێبێكە یان بۆنێك، بەڵكو ماناو بەها هەر نادیار و جوانەكانی دیاری لە بەخشینەكەیدایە. مرۆڤ كاتێ دیارییەك پێشكەش بە هاوڕێیەكی دەكات، واتا پێزانین و نرخاندن و ڕێزدانانێكە بۆی و، بە شایستە زانینیەتی، بۆیە دیارییەكەی پێ دەبەخشێت! كەواتا نەك هەر دەبێ بیپارێزێت، بەڵكو دەبێ وەك یادگارییەكی جوان و مێژووییش لای خۆی بیهیڵێتەوەوە پارێزگاریی لێ بكات. هونەرمەندێك، كاتێ تابلۆیەكی دووهەزار دۆلاری، بێ بەرانبەر دەبەخشێتە كەسێك، چۆن دەبێ ئەویش ئەوەندە ناتێگەیشتوو، بێباك لە ژیان و هونەر بێت، بیداتەوە كۆنەفرۆشێك!
جارێكیان كتێبێكی تازە چاپكراوی خۆمم بە دیاری بەخشییە هاوڕێیەك، دوای چەند مانگێك، كاتێ پرسیاری ئەوەم لێ كرد، كە كتێبەكەمی خوێندۆتەوە؟ گوتی نەخێر، دوای ئەوەی كتێبێكی دیكەشم چاپ كرد و پێشكەشی ئەو هاوڕێیەم نەكرد، كاتێ گوتی بۆچی كتێبە نوێیەكەت بۆ دانەناوم؟ لە وەڵامدا زۆر بە ڕاشكاوی پێم گوت كتێب نابەخشمە كەسێك نەیخوێنێتەوە! مرۆڤ دەبێ پێزانینی بۆ دیار و بەخششە و بە سەركردنەوەكانی ژیانی هەبێت. دەگوترێت قەدری زێڕ لای زێڕینگرە، بەڵام بە پێچەوانەوە قەدری زێڕ لای ئەو كەسەیە، كە قەدری دەگرێت و دەزانێت زێڕ چییە، جا ئەو كەسە مەرج نییە هەر زێڕینگر و زێڕ فرۆشیش بێت! ئەوە گرنگە، چەندە لە بایەخی زێڕەكە دەگات. بە داخەوە ئەم جۆرە دیاردانە، هەر تەنها نیشانەی نەبوونی زەوقی هونەریی لای مرۆڤی كورد نییە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ ناهوشیاری و تێنەگەیشتن لە مانا قووڵەكانی هونەر و ئەدەب. دواجار هیوادارم كەس نەڵێت نەبوونی، حەرام حەڵال دەكات! خۆ تابلۆی هونەری و كتێب، پایسكیل و كاتژمێری دەستی و گسكی ناوماڵ نییە، تا خاوەنەكەی كەی ئارەزووی كرد، بە كۆنەفرۆشێك، بە سێهەزار بیفرۆشێت!

