رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەك بەرەو پەروەردە (٨) گوێگرتن، ئەو هونەرەی کەمتر فێری دەبین

خەرمان کەماڵ پیربال
لە پۆلدا زۆر جار سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە مامۆستا چۆن وانەکەی پێشکەش بکات، چۆن ڕوونکردنەوە بدات و چۆن قوتابی فێر بکات. بەڵام لە نێوان هەموو ئەمانەدا، شتێک هەیە کە زۆرجار لەبیرمان دەچێت (گوێگرتن)ـە.
گوێگرتن تەنها ئەوە نییە کە کەسێک قسە بکات و ئێمە بێدەنگ بین، بەڵکو هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە کەسەکە چی دەڵێت، چی هەست دەکات و چی پێویستییە. قوتابی هەمیشە بە وشە قسە ناکات. هەندێک جار بێدەنگییەکەی قسەیە، هەندێک جار کەمبوونی بەشدارییەکەی پەیامێکە و، هەندێک جار هەڵەکردنەکەی داوای یارمەتییە.
لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا تەنها قسەکردن نییە،بەڵکو گوێگرتنیشە.
کاتێک قوتابی هەست دەکات مامۆستا بە ڕاستی گوێی لێ دەگرێت، متمانەی زیاتر دروست دەبێت. ئەو قوتابییە ئازادتر دەبێت پرسیار بکات، بیرۆکەکەی دەرببڕێت و تەنانەت هەڵەش بکات. چونکە دەزانێت گوێگرتن واتای حوکمدان نییە، بەڵکو واتای تێگەیشتنە.
بەڵام ئەمە تەنها بۆ مامۆستا نییە. قوتابییش پێویستە فێری گوێگرتن بێت، گوێگرتن لە هاوپۆلەکەی، لە مامۆستا، لە بیرۆکەی جیاواز و لە کەسانی دەوروبەری. چونکە کۆمەڵگایەکی باش بە کەسانێک پێک دێت کە تەنها توانای قسەکردنیان نییە، بەڵکو توانای تێگەیشتن لە یەکتریشیان هەیە. پەروەردەی سەردەمی نوێ نابێت تەنها قوتابی فێری وەڵامدانەوە بکات؛ دەبێت فێری ئەوەش بکات کە پێش وەڵامدانەوە، باش گوێ بگرێت. لەوانەیە هەندێک جار باشترین یارمەتییەک کە دەتوانین بە قوتابییەک بدەین، وانەیەکی نوێ نەبێت، بەڵکو ئەوە بێت کە بزانێت کەسێک هەیە بە ڕاستی گوێی لێ دەگرێت.
گوێگرتن دیاردەیەکی سادە نییە، بەڵکو هونەرێکی گرنگە کە پێویستی بە پەروەردە و مەشقی بەردەوام هەیە. کاتێک باش گوێ دەگرین، نەک تەنها قسەی کەسی بەرامبەر لامان ڕوون دەبێت، بەڵکو ڕێزیشمان بۆ ئەو کەسە دەردەخات. چونکە گوێگرتن تەنها هونەری بێدەنگبوون نییە، هونەری نزیکبوونەوەیە لە مرۆڤ و، زۆرجار یەکەم هەنگاوی فێربوونە.