ئەمشەو یەکشەممە 2026.9.6، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم، پارێزگاری هەولێر، وتەبێژانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم، و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، کونسوڵ و نێردەی دیپلۆماسیەکان، بازرگان و پیشەساز و وەبەرهێنەر و سەرمایەداران، مەراسیمی یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی ژووری بازرگانی و پیسەسازیی هەولێر، بەڕێوەچوو.
لەمەراسیمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ناوی پارێزگای هەولێر و بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر و تێکڕای بازرگانانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ئومێد دەکەین ئەو ساڵڕۆژە کە ئەمڕۆ 60ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ژووری بازرگانیە، ببێتە هاندەر و پشتیوانێکی زۆرتریان لە کار و زەمینەخۆشکردن بۆ کاری بازرگانی لە شارەکەمان و پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و هەروەها پیشەسازی لە هەولێردا.
گوتیشی، سروشتی هەولێر وایە، خەڵکەکەی بەشی هەرە زۆری هەم کاسبکارێکی سەڕاستە و هەمیش لە ڕووی پیشەوەرییەوە لە هەولێردا لە کاری بچووک تا داهێنانی گەورە کە ئەمڕۆ چەندین کۆمپانیای گەورەمان هەیە، هەمیشە خەڵکی دەستڕەنگین بوون لە کاری پیشەسازیدا جێپەنجەیان دیار بووە. ڕێز و تەقدیر پێشکەش بە دەستەی دامەزرێنەری ژووری بازرگانیی هەولێر دەکەین کە وەک پێشوو باس کرا لە زەمەنێکدا ڕەنگە بە ئیمکانیەتێکی کەم بەڵام بە خەونێکی گەورە ئەو ژوورەیان دامەزراند و ئەمڕۆش کە یادی 60 ساڵەی دەکەینەوە، بە دڵنیایی ژوورەکەمان، ژووری بازرگانیی هەولێر یەکێک لە ژوورە کاراکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.
هەر لە چوارچێوەی کارەکانیاندا کە ئەمڕۆ جگە لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی و کارئاسانی بۆ بازرگانان، بەڵام پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و پیشەییانە لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هەرێمی و ئەورووپی و وڵاتانی دنیادا هەیە.
ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرمەبنای تێفکرین و ڕوانگە و تێڕوانینەکانی جەنابی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە گرنگییەوە لە ژوورە بازرگانییەکان دەڕوانێ و هەمیشە ئێمە لە ئاستی هەموو دامەزراوەکانی حکومەتدا بەشێکی گرنگ بووین لە پشتیوانیکردن لە کارەکانیان، لە ئاسانکاری کردن و زۆر جاریش ئەوان بەشێکی گرنگ بوونە لە شاندەکانی حکومەت و لەگەڵ تێکەڵکردنی ئەو ستراتیژیەت و ڕوئیاەی جەنابی سەرۆک وەزیران لە بابەتی ڕۆڵبینینی کەرتی تایبەت و خۆبینینەوەیان لە ناو کارەکانی حکومەتدا هەمیشە هاوکار و پشتیوانێکی زۆر بوونە.

