ئاری ئاغۆک
-بەرچاوڕوونی:
کاتێ باس لە پرسی ژینگەی شار دەکەین، چەندین ڕێگا دێنە پێش بۆ زیاتر خزمەتکردن و باشترکردن و جوانترکردنی، کە هەمووی لە پێناو زیاتر گرنگیدانە بە تەندروستباشی و ژینگە پارێزی هاوڵاتیان، ئەمەش وەک بنەمایەک بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی ژینگەیە لە هەموو لایەکەوە.
یەکێک لەو هەنگاوانە بریتییە لە بایەخدان بە سەوزکردنی شار لە ڕێگەی پاککردنەوەی ئاوی پیس و بەکارهاتوو، بۆ ئاودێری دار و درەخت و نەمام، ئەمەشیان بۆ زیاتر گرنگیدان و سوود وەرگرتنە لە بەکارهێنانی ئاوی بەکارهاتوو بۆ خزمەتکردن بە ژینگە، بێگومان ئەم کار و پڕۆژەیە لەو مانایە خۆی دەدۆزێتەوە کە :
(شارێکی سەوز واتە ژیانێکی باشتر بۆ ئێستا و ئاییندەی هەمووان).
چونکە گرنگیدان بە سەوزایی و پارک و باخچەی گشتی و درەخت و دارستان لە رێگەی ئاوی بەکارهاتوو (ریساکلینەوە – دووبارە بەکارهێنان) ئەوا گوزارشتە لە بوونی شارێکی تەندرووست و زیندوو، ئەمەش بە دوو لایەن سوودی دەبێت، هەم پیسی و دیمەنی ناشیرین و بۆنی ناخۆش دەگۆڕدرێت بۆ باشترکردن و جوانترکردنی ژینگە، هەم دەبێتە گۆڕینی سیمای شار لە ووشکی و ناشیرینییەوە بۆ سەوزی و جوانی، بێگومان لەڕوانگەی دەروونییەوە کاریگەرییەکی باشی بۆ هاونیشتیمانیان و دەورووبەر و کۆمەڵگە دەبێت، ئەمیش بەهۆی هەوای پاک و شوێنی ئارام و دڵگیر.
بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە بێتە ئاراوە، جێگەی دەستخۆشی و ئومێدێکە و ئاماژەیەکیشە بۆ شارێکی پاک و سەوز، لەم ماوەیەدا ڕاپۆرتێک بە ناونیشانی: (یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەییەکانی کوردستان لە هەولێر بنیاد دەنرێت)وەبەر چاوکەوت کە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیارییەوە بڵاوکرایەوە.
کاتێ ناوەڕۆکی پڕۆژەکەم خوێندەوە وەک ژینگە دۆستێک و هاوڵاتییەکی شار، دڵخۆشبووم بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە ژینگەییە کە لە هەولێری پایتەخت ئەنجام دەدرێت، بۆیە وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ هەمووان، دەقی پڕۆژەکە دەخەینەڕوو، دواتر ڕوانین و خوێندنەوەی خۆمانی بۆ دەکەین، لەدەسپێکدا هاتووە:
(لە چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیجییەکان بۆ پاراستنی ژینگە و بووژاندنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، کارکردن لە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، کە بریتییە لە وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی قورسی هەولێر، پڕۆژەکە بە دەستی کاری ناوخۆیی و بە توانایەکی پێوانەیی دروست دەکرێت، بە مەبەستی دروستکردنی ئاییندەیەکی پاکتر و سەوزتر بۆ پایتەخت.
پڕۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی قورسی هەولێر، لەسەر ڕووبەری ٢٢٥ دۆنم لە ڕۆژئاوای شارەکە دروست دەکرێت و پرۆسەی جێبەجێکردنی بەسەر ٤ قۆناغدا دابەش کراوە. کۆی گشتیی توانای پاککردنەوەی وێستگەکە دەگاتە ٨٤٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا).
لێرەدا ئەگەر تەنیا داتا و ژمارەی یەک ڕۆژ وەرگرین و شیکردنەوەی تەندروستی و ژینگەیی بۆ بکەین دەتوانین بڵێین، ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بەشێوەیەکی زۆر باش کاریگەری گشتی بۆ ئێستا و ئاییندە دەبێت، ئەگەر لە ڕوانگەی تەندروستییەوە بچیینە قوڵایی بابەتەکە دەتوانین بڵێین سوودە تەندروستییەکانی بریتین لە:
*کاریگەرییەکی باشی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دەبێت.
*دەبێتە هۆی کەمکرنەوەی نەخۆشییەکانی ئاو، چونکە ئاوی پیس کاتێ دەخرێتە ناو ژینگە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین میکرۆب و نەخۆشی.
*پیسبوونی ئاو کاریگەری لەسەر خاک و دواتر بەر و بووم و خواردن دەبێت. *پاککردنەوەی ئاوی پیس دەبێتە هۆی ڕێگری کردن لە پیسببونی ئاوی ڕووبار و کانی.
*نەمانی بۆنی ناخۆش چونکە ئاوی پیس هۆکارێکە بۆ پەیدابوونی بۆنی ناخۆش لە ژینگەی شار.
-ئەگەر لەڕوانگەی ژینگەییەوە لەم بابەتە بڕوانین ئەوا دەتوانین بلێین:
*ئاودان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەرمایی، زیاد بوونی هەوای پاک و سێبەر.
*ڕێژەی دار زیاد دەبێت، ئەمیش بەهۆی ئاودانی دار و درەختی پاڕک و باخچەو شوێنە گشتییەکان.
*کەمتر بەکارهینانی ئاوی پاک.
ئەمانە بەشێکن لە لایەنە باشەکانی ئەم پڕۆژەیە، ئەگەر بەشێوەی ستاندەریش ئەم رێژەیە وەربگرین ئەوا لە ساڵێکدا ٣٠٦٦٠٠مەتر سێجا، ئاوی پیس پاکدەکرێتەوە، هەموومان دەزانین گۆڕینی پیسی بۆ پاکی چ کاریگەرییەکی جیاوازی هەیە، ئەمەش دەبێتە دەروازەیەک بۆ گۆرانکاریەکی ڕیشەیی بۆ ئاییندەی پایتەخت.
-دەسپێکی ئەم پڕۆژەیە و بەردەوامی لە کارکردن:
هەر کارو پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری ئەگەر بێت و لەوادەی خۆی و بەگەرم و گوڕی کاری لەسەر بکرێ، بێگومان ئەنجامێکی باشی دەبێت، بۆیە گرنگە هەر پڕۆژەیەک کە دەست پێدەکات، دەبێت بە ویژدان و ئەمانەتەوە وەک ئەرکێکی کارگێری و نیشتمانی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە هەموومان دەزانین ئەگەر بێت و ئەم جۆرە پڕۆژانە بە پچڕ پچڕی ئەنجام بدرێت ئەوا دەبێتە هۆی دواکەوتن و تا وەستانی، بۆیە گرنگە بەهەمان جموجۆڵ پلانەکان لە بەرنامەی دەسپێکەوە هەنگاوەکانی بە باشی و خێرایی بڕوات.
لەم ڕوانگەیەوە دەربارەوی بەردەوامی ئەم پڕۆژەیە ئاماژە بەوە کراوە:
( لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ٥٦ دۆنم بەردەوامە، کە بەتەنها توانای چارەسەرکردنی ٢١٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە ڕۆژێکدا بۆ گواستنەوەی ئاوە قورسەکە، پڕۆژەکە پشت بە تۆڕێکی بۆڕیی درێژ دەبەستێت کە درێژییەکەی ٢٢ کیلۆمەترە؛ ئەم تۆڕە لە شەش دەرچەی جیاوازی شاری هەولێرەوە ئاوی قورس کۆ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ ئاراستەی وێستگەکەی دەکات.
کارکردن لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا ١٤٪ـی کارەکانی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە. بەپێی پلانی بەڵێندەرایەتی، بڕیارە پڕۆژەکە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی، کە ٧٢٠ ڕۆژە، بەکۆتا بێت و بخرێتە کار.
ئاوەکە بە زیاتر لە ٢٠ قۆناغی جیاوازی پاککردنەوەدا تێدەپەڕێت، کە قۆناغەکانی (میکانیکی، بایۆلۆژی و کیمیایی) لەخۆ دەگرێت، ئەوەش بەتەواوی لەگەڵ بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بواری ژینگە و تەندروستیدا دەگونجێت).
ئەم زانیاریە سەرەتاییانە پێمان دەڵێن، کە سوودی ئەم پڕۆژەیە چی یە؟ گرنگترینیان ئاوی پیس، بە بیست قۆناغی جیاواز، واتە بە بیست فلتەری جیا تێبەپەڕێت، تا دەگاتە ئەو قۆناغەی کە لە سێ لایەنەوە سوودی دەبێت،
میکانیکی، بایۆلۆژی و کیمیایی، جگە لە لایەنە ژینگەیی و تەندروستییەکە، ئەوا سوودی ئابووریشی دەبێت، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی دەسپێکی ئەم پڕۆژەیە ئاماژەیەکە بۆ سەرکەوتن و بەردەوامی تەواوی پڕۆژەکە لەماوەی دیاریکراودا، رەنگە زووتریش تەواو بێت، بێگومان لە ئەنجام دا پایتەخت بەرەو قۆناغێکی دیکەی ژینگە دۆستی دەبێت، دواجار نەوەی داهاتوو بەشانازییەوە لێی دەڕوانن.
-بەفێرۆنەدانی ئاو
جگە لە سوودە تەندروستی و ژینگەیی و ئابووریەکەی، ئەوا گرنگترین خاڵ ئەوەیە، لەمەودوا خەمی بەفیڕۆچوونی ئاومان نابێت، چونکە لەئەنجامدا دەبێتە هۆی ئاودانی پشتێنەی سەوز و باخچە و پاڕکەکان و شوێنە کشتوکاڵییەکان، ئەمانە هەمووی هۆکارگەلێکن بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاوی پاک، بەڵکو لە بڕی ئاوی پاک، ئەم پرؤژەیە دەبێتە جێگرەوەیەکی ئێجگار باش، هەروەک لە کۆتایی ڕوونکردنەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەدا هاتووە:
(ئاوی چارەسەرکراوی ئەم وێستگەیە بەفیڕۆ ناچێت، بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ئاودانی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر، پارکەکان و ناوچە سەوز و کشتوکاڵییەکان. جگە لە بەرهەمهێنانی ئاوی پاک، پڕۆژەکە لە پاشماوەی ئاوە قورسەکە دوو بەرهەمی گرنگی دیکە جیا دەکاتەوە:
-پەینی کیمیایی: کە تایبەت دەبێت بۆ بووژاندنەوەی ناوچە سەوزاییەکان.
-گاز: کە لە ڕێگەی وێستگەیەکی تایبەتی کارەباوە دەگۆڕدرێت بۆ وزە و بەشێک لە پێداویستیی کارەبای خودی پڕۆژەکە دابین).
لێرەدا دیسان دەگەڕێینەوە سەر سوودە ئابوورییەکە ئەویش بەهۆی دروستبوون و بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی، ئەوی دیکەیان گاز، کە هەر دووکیان تەواوکەری یەک رێگای ستراتیژی ئابووری و ژینگەیی و تەندروستین.
-ئەنجام:
هەر کار و پڕۆژەیەک لە دەسپێکدا دەبێت بەرنامەو پلانێکی تۆکمەی بۆ دابنرێت، بۆ ئەوەی لە دوورەوە سەیری ئەنجامەکەی بکەین، تا مەبەست و ئامانجی گشتی بخرێتەڕوو، دوای شرۆڤەکردنی ئەم پڕۆژەیە لە ئەنجامدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە بە کۆی گشتی ئەم پڕۆژەیە لە خزمەت ژینگەی شار و تەندروستی هاوڵاتی دایە، بۆیە پێویستە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سیستەمی جیهان لە بواری ژینگە و تەندروستی ئێمەش بەم ڕێگا گرنگەی سەردەم دا بڕۆیین تا سوود بە ئێستا و ئاییندەی وڵات بگەیەنین.

