حهیدهر مهنتك
کولتوور و پەندە دێرینەکانی کوردەواری، سەرچاوەی شارەزایی و ئەزموونێکی قووڵی ژیانن. یەکێک لەو ئامۆژگارییە گرنگانەی لە کەلەپوورو كهلتووریی باووباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، دەستەواژەی (بلوێری لێ مەدە غەریب زۆرن)ـە. ئەم دەربڕینە جوان و دانسقەییه حیکمەت لە هەڵبژاردنی کات و شوێنی گونجاو بۆ خستنەڕووی ئازار و کێشەکان دهكات. لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا، ورووژاندنی بابەتی هەستیار دەشێت برینی شاراوەی خەڵکێکی تر بکۆڵێنێتەوە و بارودۆخەکە بەلاڕێدا ببات. لەم نووسینەدا تیشک دەخرێتە سەر گرنگیی ئەم تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییە لە ژیانی هاوچەرخدا، بەتایبەت بۆ کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تا بتوانن بە وشیارییەوە ئاراستەی قسە و بڕیارەکانیان بکەن یان بدهن.
لە دونیای کەلتورو لە بەیت و بالۆرە و پەندی کوردیدا، لە ژیانکردن لە دونیای کۆچەری و بەگشتی گوندنشیندا، لە ڕێڕەوی ژیانیاندا ئەزموون فێری زۆر (وانەی) جوانی کردووین. ژیانکردن لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەیەک تا بەخۆشی بژی، تا سەڵامەت بژی، تا جوانیەکان بە (ڕهنگاو ڕهنگی) ببینی، بەڕای من بە ڕێژەیەکی زۆر ئەم پلان و بەرنامە و ئامانجە بە دەست خۆتە. جا ئەوەی دەمەوێ لەم گۆشەیە ئاماژەی پێ بدەم، کردنەوەی دەرگایەکە، قسەیەکی کۆنی باب و باپیران و خێزانە دێرینەکانی کوردەوارییە، کە دەیانگوت: بلوێری لێ مەدە غەریب زۆرن.
ئەم بەیت یان بالۆرەیە پێمان دەڵێ: ئەگەر یەکێک زامدار بوو، بریندار بوو، کێشەیەکی هەبوو، مەجلیس فراوان و قەرەباڵغ بوو، باشتر وایە، ئەم کەیسە یان ئەو باسە هەڵبگیرێ بۆ کاتێکی تر، چونکە کردنەوە و باسکردنی لەم کاتە گونجاو نیە. چونکە هەر لەناو ئەو دانیشتنە زۆر کەسی تر برینیان دەکولێتەوە و گرفتەکان بە ئاقارێکی تر دەروات و بەری پێ ناگیرێ؛ كاردانهوهی خراپی دهبێ.
واتە ئەزموون و شارەزایی بۆ کەسانی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، لەم قۆناغە گرنگ و بایەخدارە، هەربۆیە گووتویانە (بلوێر لێ مەدە غەریب زۆرن).

