رۆژنامەی ھەولێر

تا سەری ساڵ پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە بەكۆتا دێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەتی توركیا ناوی (توركیای بێتیرۆر)ی لێناوە و دەم پارتیش ناوی (كۆمەڵگەی دیموكرات و ئاشتی) لێناوە، لە ١٨ی ٨ی ٢٠٢٦، ئەو پڕۆسەیە چووەتە بواری جێبەجێكردن، ئەمەش دوای ئەوەی لەناو پەرلەمانی توركیا، چوارچێوەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە كە لە ١٢ مادە پێكهاتوە خرایە دەنگدان و بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند كرا.

چاوەڕوان دەكرێت لەناو پەرلەمانی توركیا شەش لیژنە دروست ببێت بۆ چۆنییەتی چاودێریكردنی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە و هەروەها جێبەجێكردنی ئەو ١٢ مادەیە.
ئەوەی قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، رۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەیە، ئاكەپەییەكان پێیان باشە ئۆجەلان رۆڵی هەماهەنگ ببینێت بۆ چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە، واتە نابێت رۆڵی نەدرێتێ، بەڵام بەگوێرەی ئەو ١٢ مادەیە بێت، ئۆجەلان رۆڵی پێنەدراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر زاری بەرپرسانی ئاكەپە بڵاوكراوەتەوە، بڕیارە لەم مانگەدا لیژنەكان دەستبەكار بن و ناوی ئەندامانی لیژنە بڵاوببێتەوە.
بەگوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو، دەبوایە پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ كۆتایی پێبهاتایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كاری لیژنەكان دواكەوتووە، بۆیە پڕۆسەكە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، واتە بەر لەوەی بچنە ناو ساڵی نوێ، پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی پێدێت.
بەگوێرەی ئەو مادانە بێت كە لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر درا، گەڕانەوەی گەریلاكانی پەكەكە بەفەرمی دەبێت و ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێری ورد دەبن و بۆ ماوەی پێنج ساڵیش بۆیان نییە كاری سیاسی ئەنجام بدەن.
جیا لەو لیژنانەی لەناو پەرلەمانی توركیا دروست دەكرێت، چەند لیژنەیەكی تریش لە دەرەوەی پەرلەمان دروست دەبێت، كە فەرمانبەری دەوڵەت و پارێزگارە خانەنشینەكان و فەرماندە و سەربازە خانەنشینەكانیش دەبنە ئەندام، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەوان شارەزای ناوچەكەن و دەزانن گەریلاكانی پەكەكە لە كوێن و ئەوان باشتر دەزانن چاودێری بارودۆخەكە بكەن.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی دا، پێویستە ئۆجەلان لە یەكێك لەو لیژنانە ئەندام بێت، چونكە ناكرێت ئۆجەلان رۆڵی گرنگی پێ نەدرێت، لە كاتێكدا ئەو ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكەیە.
بەشێك لەچاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، ئەگەر ئۆجەلان بۆ خۆی لە دەرەوەی ئیمیڕاڵی چاودێری پڕۆسەكە نەكات، رەنگە چەكدانانی پەكەكە كێشەی تێبكەوێت، چونكە بەشێكی زۆری گەریلا و بەرپرسانی پەكەكە، دەیانەوێت بۆ خۆیان ئۆجەلان ببینن كە چەك دادەنێن، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی رێبەرەكەیان لەگەڵ پڕۆسەی چەكدانانە.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، پڕۆسەی هاتنەوەی گەریلاكانی پەكەكە و هەروەها لێبوردنی گشتی بۆیان بەنهێنی دەبێت، واتە دوای ئەوەی ئیفادەیان لێوەردەگیرێت و دەگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی، دادگا پڕۆسەی لێبوردنی گشتیان بۆ دەردەكات، ئەمەش بەئاشكرا ناكرێت و بەنهێنی ئەنجام دەدرێت، هۆكارەكەش ئەوەیە، گرژی لە نێوان گەریلاكان و ئەو دایك و باوكانە دروست نەبێت كە كوڕەكانیان لەشەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا كوژراون.
جیا لە گەریلا كە دەگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی، لەو ١٢ مادەیە باس لەوەش كراوە، هەموو ئەوانەی بەهۆی ئەندامبوونیان لە پەكەكە بەناچاری توركیایان جێهێشتووە و لە وڵاتێكی ئەورووپین، بەو مەرجەی تاوانیان نەكردبێت بۆیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ توركیا.
بەرپرسانی ئاكەپە لەوڕووەوە دەڵێن: ”نازانین ژمارەی ئەو كەسانە چەندن كە لە ئەورووپان و بۆیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ توركیا، چونكە بەشێكیان لە ژیاندا نەماون، بەڵام پێشبینی دەكرێت ژمارەیان زۆر كەم بێت“