رۆژنامەی ھەولێر

دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە ھەزاران پارچە زەوی دیکە لە سنووری شارەوانییەکانی زاخۆ، بجیل و شار و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە و خانەنشینان دابەشدەکرێن.

ڕۆژی ٢٧-٣-٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەکان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.
جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوە نیشانەی خەمخۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی مافی فەرمانبەران و نرخاندنی ماندووبوونی ئەوان، ئەوەش دەبێتە ھۆکاری گەشەپێدانی ئاوەدانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ھەروەھا چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، بەوەش خزمەتێکی بەرچاو پێشکەشی فەرمانبەران و کۆمەڵگە دەکرێت.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئومێدێکی گەورەی لای فەرمانبەران دروست کرد، کە ھەندێک لەوانە چەندین ساڵە چاوەڕوانی دابەشکردنی پارچە زەوی بوون، بۆ دروستکردنی خانوو بۆ خۆیان، سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەن و دەڵێن، ھەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئێمەدا بێت مەسرور بارزانی بێ یەک و دوو دەدات.
لە تەواوی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە ١١٠ ھەزار پارچە زەوی دابەشکراوە.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەندنەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکراوە و دوای ١٨ ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناھەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان کار دەکات و تا ئێستا بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان داوە، کە باری سەرشانی ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات، لەپێناو ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و ھێزەکانی ئەمنی و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دڵخۆشن و دەڵێن بڕیارێکی گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی پێدانی زەویداین.
ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت دوو سەد مەترە، واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەتر دەبێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: تیمەکانی شارەوانی و نەخشەدانان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ئیفرازکردن و تەرقیمکردنی زەوییەکان لەو شوێنانەی کە ھێشتا ماون، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە خێرایی تەواو بێت، ھەروەھا دووپاتیکردەوە بڕیاری پێدانی زەوی پاش ساڵانێکی زۆر لە وەستانی، بڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە و تا ئێستا قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە و بە ھەزاران پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە و خانەنشینان دابەشکراون.
ھێمن سەلیم خان، سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بجیل، لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، بەگشتی ناوی ١٧٠٠ فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشین بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و ئێستا نەخشەی دابەشکردنی زەوییەکان پەسەند کراوە و بەمزووانە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بجیل، گوتیشی: زەوی لە سنوورەکەیان نەمابوو، بەڵام داوایان کرد سنوورەکەیان بە ئاراستەی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای شارەدێکە فراوان بکرێت داواکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پەسەند کراو و کێشە لەبەردەم دابەشکردنی زەوی نەماوە، ھەروەھا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر پێنج زۆن دابەشکراوە و تەنیا یەک زۆنی کشتوکاڵییە.
ھێمن سەلیم خان، سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بجیل، ئەوەشی گوت: بە یەک قۆناخ ١٧٠٠ زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشیان دابەش دەکەن و زۆرینەی ئەوانەی لە پرۆسەکەش سوودمەند دەبن پێشمەرگەن، بەشێک لە سوودمەندانی وەرگرتنی زەوی سەر بە کەڵاتن، چونکە نەخشەی زەوی نەبووە،
بۆیە لە سنووری شارەوانی بجیل زەوییان پێدەرێت.
لەلای خۆیەوە نەوزاد حاجی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی زەوی لە شارەوانیی زاخۆ، بە ڕۆژنامەی
“ھەولێر”ـی گوت: کەمتر لە مانگێکی دیکە تیروپشک
بۆ بەشێکی دیکەی ئەو زەوییانە دەکرێت، ھاوکات

لەگەڵ ئەم ھەنگاوە، شارەوانیی زاخۆ سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانە بە ئامانجی مسۆگەرکردنی خاوەندارێتیی یاسایی بۆ فەرمانبەران. بەڕێوەبەری دابەشکردنی زەوی لە شارەوانیی زاخۆ، ئاماژەی بەوەش کرد، لیستی ناوی ١،٦٤٩ زیندانیی سیاسی و ٦٥ کەس لە کەسوکاری شەھیدان گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ، لەم چوارچێوەیەدا، کارکردن بۆ ئامادەکردنی زەویی پێویست بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر ئەم توێژانەدا لە کاتێکی نزیکدا دەستیپێکردووە.
ئەم ھەنگاوە ھاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخی سێیەمی دابەشکردنی زەوی. پێشتر لە قۆناخی یەکەمدا ٤٧٤٧ پارچە زەوی لە زاخۆ دابەشکران، لە قۆناخی دووەمدا، حەوت ھەزار مووچەخۆر سوودمەند بوون. ئەو مووچەخۆرانە خزمەتیان گەیشتبووە ھەشت ساڵ و لە کۆی ١٣ ھەزار مووچەخۆری پێشکەشکار ھەڵبژێردرابوون.
ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دا پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران
دابەش بکات، ٤٠ شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی دھۆکن، لە سنووری زۆربەی شارەوانییەکان زەوی دابەشکراوە، لە ھەر شارەوانییەکی دیکە زەوی ھەبوو و ئامادەکرا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا دەکەین.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی پارێزگای دھۆک،

زیاتر گوتی: ڕەنگە لە ھەندێک شوێن لە کاتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئاستەنگ دروست ببن، بەڵام توانیومانە ڕێگریەکان نەھێلین و لە سنووری ھەموو شارەوانییەکان پرۆسەکە بەردەوامە و کێشەکان نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.
ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی پارێزگای دھۆک، جەختی لەوەشکردەوە: تا ئێستا بە ھەزاران پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەزاران فەرمانبەری دیکە زەوی وەردەگرن، بەشێک لەوانە زیندانی سیاسی و پێشمەرگە بوونە.
سەبارەت بەوەی تا چەند توانیویانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری شارەوانییەکان جێبەجێ بکەن، ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند، توانیومانە دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو شارەوانییەکانی سنوورەکەمان درێژ بکەین، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ جێبەجێ کراون، چەندین پڕۆژەی دیکەش ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندانە، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە خزمەتێکی باشی ھاووڵاتییانی سنووری ئەو شارەوانیانە دەکەن.