شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی بواری نواندن و دراما “ساڵح بێکەس” جیاواز لە کارەکانی پێشووی، لە ئەزموونێکی نوێدا ڕوو دەکاتە سینەما و بڕیارە ئەمڕۆ پێنچشەممە، کاتژمێر ٦ـی ئێوارە فیلمی سینەمایی (ژووانی خوێن) لە ڕۆیاڵ سینەمای هەولێر نمایش بکرێت.
ئەو فیلمە لە دەرهێنانی “عەدنان ڕۆژبەیانی” و نواندن و سیناریۆی ساڵح بێکەس و مۆنتاژ و کارە هونەرییەکانی ئەو بەرهەمەش هێرش جەلیلە و دیزاینی جلوبەرگیش گوڵاڵە بێلاف جێبەجێ کردووە و چەندین ئەکتەری ناسراوی بواری نواندنیش تێیدا بەشدارن و چاوەڕوانیش دەکرێت پێشوازییەکی گەرم لەو بەرهەمە سینەماییە بکرێت.
فیلمەکە باس لە دوو ئەویندار دەکات، کە لە یەکێک لە لادێکانی کوردستان دەژین و دوای ئەوەی ژوان دەبەستن و خەڵکی ئەو دەڤەرە پێیان دەزانن تووشی گرفت دەبنەوە و تەنانەت شۆڕەسوارە خۆشەویستەکەی کچەکە تووشی لێدان و ئازارێکی زۆر دەبێتەوە و هەڕەشەی کوشت لەو دوو ئەویندارە دەکرێت، پاشان بۆ سەلامەتی خانەوادەکەی ناچار دەبێت گوندەکەی جێ بهێڵێت و ڕووبکاتە شوێنێکی دوورە دەست، دوای ٢٥ ساڵی تەواو دەگەڕێتەوە، دەیەوێت جارێکیتر چاوی بە خۆشەویستەکەی بکەوێتەوە و دەبینێت تا ئێستا شووی نەکردووە و بەدەم چاوەڕوانی گەیشتنە بە دڵدارەکەی، کە تەمەنی خۆی پێبەخشیووە، جارێکیتر دەگەڕێنەوە باوەشی یەکتر، بەڵام ئەمجارەیان چیرۆکی خۆشەویستیەکەیان بە مەرگ بە کۆتا دێت و ئاماژە بۆ ئەودیووی دنیا دەکەن، کە هەر سوورن لە خۆشەویستیەکەیان و دەڵێن: گەرچی زوڵم و زۆرداری لە یەکتری جیای کردینەوە، بەڵام لەم دیووی دنیادا بەیەک دەگەین.

