رۆژنامەی ھەولێر

ئایا سیپایۆس بە زوویی تۆڵە ریاڵ مەدرید دەکاتەوە؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

ئایا سیپایۆس بە زوویی تۆڵە ریاڵ مەدرید دەکاتەوە؟
یانەی ریاڵ بێتس، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند بە فەرمی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ئیسپانی دانی سیپایۆسدا واژۆ کردووە، بە گرێبەستێک کە تا هاوینی ٢٠٢٩ـیە، ئەوەیش دوای، بەمەش دوای نۆ ساڵ لە ڕۆیشتنی بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید، دەگەڕێتەوە یانەکەی پێشتری.
گەڕانەوەی سیپایۆس لە کاتێکی سەرنجڕاکێشدایە، کە یەکەم یاریی بە درێسی ریاڵ بێتسەوە بەرانبەر تیپەکەی پێشتری دەبێ، کە هەینی یانە ئەندەلووسییەکە میوانداریی یانەی ریاڵ مەدرید دەکات لە گەڕی چوارەمی خولی تۆپی پێی ئیسپانی.
یانەی ریاڵ بێتس، لە ڕێگەی پێگەی فەرمیی خۆیەوە، بڵاوی کردەوە، کە گرێبەستی سیپایۆس بۆ ماوەی سێ ساڵە، دوای کاروانێکی دوور و درێژی لەگەڵ ریاڵ مەدرید، کە تێیدا سێ ناسناوی چامپیۆنس لیگ و دوو ناسناوی خولی ئیسپانیای بردەوە، لەگەڵ چەند ناسناوێکی ناوخۆیی و کیشوەری، هەروەها پێشتر لەگەڵ یانەی ئارسناڵ کە بە شێوەی خواستن لەوێ بوو، ناسناوی جامی یەکێتیی ئینگلیزیی بردەوە.
بۆیە یارییەکەی ڕۆژی هەینی (سبەی)، یارییەکی تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێ، کە وەرزێکی سەختی لەژێر سەرپەرشتیی ئەلڤارۆ ئەربیلووادا بەڕێ کرد و بەرەبەرە لە پلانی ئەو راهێنەرە برایە دەرەوە.
ڕاپۆرتی رۆژنامەی مارکای ئیسپانیی نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید بڵاوی کردەوە، کە پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ راهێنەر گەیشتە خاڵی بنبەست، دوای کۆبوونەوەیەکی توند لە نێو شاری وەرزشیی ریاڵ مەدرید. لەو کۆبوونەوەدا سیپایۆس داوای کرد تا کۆتایی وەرز جارێکی تر قسە لەگەڵ ڕاهێنەرەکە نەکاتەوە، پێش ئەوەی وەرزی ڕابردوو لە لیستی تیپەکە دوور بخرێتەوە بەرامبەر بیتیس، ئەمەش ئەو پێشبینییانەی بەهێزتر کرد کە داهاتووی لەگەڵ یانەی شایانە کۆتایی هاتووە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەربیللوا پاساوی بۆ دوورخستنەوەی ئەو یاریزانە هەبووە و وتوویەتی تەنیا یاریزانی گونجاو بانگهێشت دەکات، لە کاتێکدا مێدیاکان باسیان لەوە کرد، کە ناکۆکیی نێوان ڕاهێنەر و ئەو یاریزانە هۆی سەرەکیی دوورخستنەوەی سیپایۆس بووە لە بەشداریکردنی لە مانگەکانی کۆتایی یارییەکانی ریاڵ مەدرید، پێش ئەوەی لە کۆتایی وەرز و ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا پەیوەندیی بە یانەی ریاڵ بێتسەوە بکات.
ئێستە کاتی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی یەکەمی ئەو یاریزانەیە بە درێسی ریاڵ بێتسەوە، هەلێکی نموونەیی لەبەردەمە بۆ ئەوەی لەنێو یاریگە وەڵام بداتەوە، کاتێک دوای چەند رۆژێک کەم لە گەڕانەوەی، ڕووبەڕووی ریاڵ مەدرید دەبێتەوە.

ڕەنگە ئەستێرەیەکی ریاڵ مەدرید دوو ساڵ زیندانی بکرێت
ئەستێرەیەکی یانەی ڕیال مەدرید گورزێکی دیکەی لە دەرەوەی یاریگا بەرکەوت، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکانی ئیسپانیا سزای ئەو یاریزانەیان ئاشکرا کرد بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەری مەیدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دادگاییکردن لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە ڕەنگە دوو ساڵ و نیو زیندانیکردنی لێبکەوێتەوە.
دۆسیەکە پەیوەندی بە بەرگریکار ڕائول ئاسێنسیۆوە هەیە کە پێنجشەممەی داهاتوو لە شارەکەی خۆی لە دوورگەی گران کاناریا دادگەیی دەکرێ. دۆسیەکە بۆ هاوینی ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە گرتەیەکی ئابڕووبەرانەدا دەرکەوت کە تێیدا لەگەڵ دوو کچ دەردەکەوێت کە یەکێکیان لەو کاتەدا تەمەنی لە خوار تەمەنی یاسایی بووە، ئەوەش لە کاتی ماوەی پشوودان لەگەڵ چەند یاریزانێکی ئەکادیمیای ڕیال مەدرید لە یانەیەکی کەنار دەریادا بووە.
هەرچەندە ئەو بەشداریی لە ڤیدیۆیەدا نەبووە، دەریش نەکەوتووە، بەڵام داواکاری گشتی تۆمەتباری دەکات بەوەی کە پیشانی کەسی سێیەمی داوە، ئەمەش بووە هۆی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکان.
داواکاری گشتی ئیسپانیا پێشتر داوای سزادانی دوو ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژی بۆ بەرگریکارەکەی ڕیاڵ مەدرید کردبوو. بەڵام ڕەنگە دۆسیەکە بگۆڕێ و وەرچەرخانێک لە بەرژەوەندیی یاریزانەکە بێتە پێش، چونکە یاسای ئیسپانیا ڕێگە بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتە تاوانکارییەکان دەدات لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەگەر دوو قوربانییەکە داوای لێبوردنەکەی بە فەرمی قبوڵ بکەن و داواکاری گشتی تۆمەتەکانی لەسەری بکشێتەوە.
هاوکات دۆسیەی سێ هاوڕێی پێشووی لە ئەکادیمیای ڕیاڵ مەدرید کە بریتین لە فێران ڕویز و ئەندرێس گارسیا و خوان ڕۆدریگێز بە تۆمەتی جیاواز لە تۆمەتەکانی ئاسێنسیۆ بەردەوامە و ئەوانیش سوودمەند نین لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەکان لەسەر بنەمای لێخۆشبوون لە قوربانییەکان.
کێشەکانی ئاسێنسیۆ هەر بەوەوە کۆتایی نایەت. ڕۆژنامەی مارکا ئاشکرای کردووە، ئەو یاریزانە لەم دواییانەدا بە تۆمەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە ژێر کاریگەری مەی لە باشووری گران کاناریا سزا دراوە، دوای ئەوەی لە ١٦ی ئابی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیرا.
پشکنینی ئامێری هەناسەدان دەرکەوتووە کە ئاستی کحول لە خوێندا 0.90 میلیگرام/لیتر بووە، کە نزیکەی چوار ئەوەندەی سنووری یاساییە، لە ئەنجامدا غەرامەکردنی بە بڕی 14 هەزار و 400 یۆرۆ و قەدەغەکردنی شۆفێری بۆ ماوەی هەشت مانگ بەسەردا سەپێندراوە. بەم شێوەیە ئاسێنسیۆ خۆی لەبەردەم قەیرانێکی یاسایی نوێدا دەبینێتەوە، لە کاتێکدا ئەو کەیسە کۆنەی کە دەتوانێت بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە یاریگە دوور بخاتەوە، چارەسەر نەکراوە، بەمەش داهاتووی بەرگریکاری یانەی ڕیاڵ مەدرید لە دەرەوەی یاریگە بە نادیاری دەمێنێتەوە و نازانرێ چارەنووسی چی لێ دێ.

دوای 8 ساڵ، بەرشلۆنە بە ڕێککەوتنێکی تایبەت ڕۆیشتنی یاریزانێکی ڕاگەیاند
یانەی بەرشەلۆنە ڕۆیشتنی یاریزانە لاوەکەی (تۆنی فێرناندێز)ی بۆ یانەی ڤێنیسیای ئیتاڵی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی گەیشتە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی هەشت ساڵەی یاریزانە تەمەن ١٨ ساڵەکەی دەهێنێت لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە.
یانەی بەرشەلۆنە لە بەیاننامەکەیدا ڕوونی کردەوە، مافی کڕینی ئەو یاریزانەیان لە داهاتوودا هەیە، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەیەکی لەسەدی هەر پارەیەکی گواستنەوەی یاریزانان لە داهاتوودا. یانەی ڤێنێسیا ئاشکرای کردووە کە گرێبەستەکە سەرەتا بە شێوەی خواستن بووە، لەگەڵ بڕگەیەک کە تێیدا کڕینی پابەند دەکات کاتێک ئەو مەرجانە بە دی هاتن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بەرشلۆنە، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە تۆنی فێرناندێز بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ڤینێسیاوە بکات، پێش ئەوەی کڕینەکەی بە 4 ملیۆن یۆرۆ ببێتە ناچاری کاتێک سێ یاریی بۆ یانە نوێیەکەی ئیتاڵی ئەنجام دا.
ئەو یاریزانە لاوە دوای چەندین ساڵ بەسەربردنی لە ئەکادیمیای بەرشەلۆنە، لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی تۆپی پێیدا دەکاتەوە. لە هاوینی ٢٠١٨ لە ئیسپانیۆلەوە پەیوەندی بە لاماسیا کرد و لە ئاستە جیاوازەکانی تەمەن بۆ تیپی یەکەمی بەرشلۆنە سەر کەوت.
تۆنی فێرناندێز لە 4ی 1ی 2025 یەکەم یاری خۆی لەگەڵ بەرشلۆنە ئەنجام دا، لە یارییەکەی جامی شای ئیسپانیا بەرانبەر بارباسترۆ، وەک جێگرەوەی پابلۆ تۆرێ چووەە نێو یاریگە.
ئەو یاریزانە لە تەمەنی ١٦ ساڵ و ٥ مانگ و ١٧ ڕۆژدا بووە دووەم گەنجترین یاریزان کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا لەدایک بووە و یەکەم یاریی خۆی لە تیپی یەکەمدا بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام بدات، ئەویش دوای لامین یامال.
وەرزی ڕابردوو دەرفەتێکی دیکەی بۆ ڕەخسا لە ژێر سەرپەرشتیی هانز فلیکی ڕاهێنەری ئەڵمانی، کە یارییەکەی بەرانبەر جیرۆنا لە یاریگەی ئۆڵۆمپیادی کۆمپانیای لویس دەستی پێکرد، پێش ئەوەی لە نیوەی یەکەمدا بگۆڕدرێت.
تۆنی فێرناندێز تەنیا دوو یاری بۆ تیپی یەکەمی بەرشەلۆنە ئەنجام دا، پێش ئەوەی بڕیار بدات دەست بە کاروانێکی نوێ لە وێستگەیەکی تر بکات و بچێتە خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا، یانە کەتەلۆنییەکە بژاردەی ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە گرێبەستی لەگەڵدا بکاتەوە، هێشتەوە.
یاریزانەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی ڤێنێسیای وتووە، “ڤینێسیام هەڵبژارد بەهۆی ئەو پڕۆژە گەورەیەی پێشکەشیان کردم و ئەو متمانەیەی کە هەر لەسەرەتاوە بە منیان دانا”. یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە دەڵێت: جێهێشتنی ماڵەوە هەرگیز ئاسان نییە، بەڵام زۆر بە هیوام باشترینی خۆم بدەم و ئەم تەحەدایە نوێیە بگرمە بەر.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کاتەوەی زانیم کە ڤێنیسیا ئارەزووی گواستنەوەی من دەکات، بەدواداچوونم بۆ یارییەکانی تیپەکە کردووە، دەمەوێت بە هاندەران بڵێم کە پێکەوە دەتوانین و دەبێت بە ئامانجەکانمان بگەین.