ئارام كۆشكی – سلێمانی
ڕەخنە هونەرێکی فرەلق و فرەپێناسە و هاوکات یەکێک لە سەختترین ئەو هونەرانەیە، کە نووسەران زۆرجار سڵی لێ دەکەنەوە. دوای ساڵانێک لە خوێندنەوە و بەدواداچوونی ڕەخنەیی و چەند هەوڵێکی خاکەڕاییانەم لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا، هێشتا زۆرجار کە وەکو “ڕەخنەگر” ناوم دەبرێت، سڵی لێ دەکەمەوە، چونکە دەزانم پێگەی ڕەخنەگر گەورەتر لەوەی من بەخۆمی ڕەوا ببینم. بێگومان ئەمە خۆبچووکبینین نییە، بەڵکو گەورە تەماشاکردنی پێگەی ڕەخنەگرە، کە نەک لە کولتووری ئێمەدا لە هەموو کولتوورێکدا ژمارەی زۆر کەمە بە بەراورد بە نووسەران، کە ئەمەش پەیوەندی بە هونەرەکەوە هەیە، هەر بۆیە پێناسەکان بۆ ئەم هونەرە و قوتابخانەکانی کارکردن لەم هونەرەدا گەلێک فرەلق و جیاوازن.
پێناسەکان بۆ ڕەخنە، بەتایبەت بۆ ڕەخنەی ئەدەبی گەلێک زۆرن، بەشێک لە توێژەران و تیۆرسینانی بواری ڕەخنە پێیانوایە ڕەخنە بریتییە لە هونەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی تێکست و دیاریکردنی پێگەی تێکست. هاوکات بەشێکی دیکە ڕەخنە دەبەستنەوە بە گەشەکردنی کولتوورەوە و پێیانوایە هەر کولتوورێک گەشەکردوو نەبێت، ڕەخنەی تێدا لەدایک نابێت، بۆیە تا کولتووری کۆمەڵگەکان گەشەی نەکردووە شتێک بەناوی ڕەخنەوە بەم فۆڕمی ئێستا بوونی نەبووە.
مانگی پێشوو کۆڕێکدا لە شاری سلێمانی سەبارەت بە ڕەخنە گەلێک بۆچوون و ڕای جیاواز خرایەڕوو کە سەیرترین و جێگەپرسیارترین بۆچوونیان ئەوە بوو، کە ڕەخنەگرێک ڕەخنەی وەکو هونەری لێپێچینەوە لە نووسەران (موحاسەبەکردن) پێناسە کرد و دەقیق چەمکە عەرەبییەکەی وەکو خۆی بەکارهێنا. لە کۆڕەکەدا کە زیاتر لە سەد کەس ئامادە بوو هیچ کەسێک ڕەخنەی لەم بۆچوونە نەگرت و منیش بەپێویستم نەزانی لەوێدا سەرنج دەربڕم، بەڵام تێبینییەکانم گەڵاڵەکرد، چونکە لە سەرەتایترین پێناسەدا ڕەخنە هونەری لێپێچینەوە، ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو ڕەخنە هونەرێکی کەشفکاریی و نهێنیدۆزییە. ڕەخنە وەها مامەڵە لەگەڵ تێکسدا دەکات کە بەدوای نەزانراودا بگەڕێت، یان بە دیوێکیتردا دەیەوێت ئەوە بدۆزێتەوە کە نووسەرەکەی بانگەشەی بۆ دەکات؟
لێرەدا گرنگە بە نموونەیەک ئەمە ڕوون بکەمەوە. شاعیرێکی نەوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو وەکو یەکێک لە شاعیرە یاخیگەرەکان خۆی وێنا دەکرد و لە هەموو چاوپێکەوتن و دیدارە رۆژنامەوانییەکانیدا خۆی لە ڕیزی یەکەمین شاعیرە یاخیگەرە کوردەکان ئەژمار دەکرد. من دڵخۆش بووم کە شاعیرێکی وەها یاخیگەرمان هەبووە، بەڵام کاتێک تێکستەکانیم خوێندەوە هەستم بە هچ یاخیبوونێک نەکرد، یان بەر یاخیبوونێکی ڕووکەش کەوتم، کاتێکیش تەواوی چاوپێکەوتنەکانیم خوێندەوە دیسان بەر یاخیبوونێکی ڕووکەش کەوتم، کە ڕەنگدانەوەی ئەو یاخیبوونە، نەک نەبوو بوو بە تێکست، بەڵکو تەنها بە جلوبەرگدا ڕەنگی دابوویەوە، یان لە خوێندنەوەی کتیب لە چایخانە، یان هێشتنەوە و درێژکردنەوەی قەنافیزدا مانیفێست ببوو، کە ئەمانە ناچنە خانەی یاخیبوونەوە بە مانا ڕاستەقینەکەی، بەڵکو یاخیبوون بە تێکست و لەناو تێکستدا دەکرێت، چەشنی ڕامبۆی شاعیر لە شیعرەکانیدا کردی، یان چەشنی پۆڵ ڤالێری کە لە دەقی “گۆرستانی دەریایی”دا کردی، یان ئەدۆنیس لە دەقی “گۆڕێک بۆ نیۆرک” چۆن ڕەخنەیەکی توند لە سیستمی سەرمایەداریی دەگرێت و لە هەموو سیستمەکە یاخی دەبێت. واتە یاخیبوون کردەیەکە لەنێو دەقدا دەکرێت و دەق بەرهەمی هزری نووسەر و شاعیرە، نەک گۆڕینی سیما و جلوبەرگ، وەک ڕەمزی یاخیبوون دەربکەون.
لێرەوەیە کاتێک ڕەخنە لە شاعیرێکی لەم چەشنە دەگرین و لەناوتێکستەکانیدا بۆ یاخیبوون دەگەڕێین (کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات) ئێمە بەر یاخیبوون ناکەوین، بۆیە ڕەخنە لێرەدا دەبیتە هونەرێک بۆ کەشفکاریی و نهێنیدۆزی لەنێوان بانگەشکانی نووسەر/شاعیر و دەقەکەیدا.

