ئازاد جۆڵا
سێبەری دەقەکان، ناویشانی بەرهەمێکی تازەچاپکراوی نووسەر (حەیدەر مەنتک)ـە؛ دیارە بەشێک لە وتارەکانی پێشتر خوێندبوومنەوە، ئەوانی تریش دوای گەیشتنی دیارییەکە.
ئەم کتێبە کە پێک هاتووە لە (خوێندنەوە و شیکاری) بۆ ١٦ پەرتووک و بابەتی جۆراوجۆر، کارێکی گرنگی فکری و ڕەخنەییە، چەندین لایەنی قووڵ و فرەڕەهەندی لەخۆ گرتووە، سروشت و ئامانجی کتێبەکە هەڵخستنی پردی پەیوەندییە لەگەڵ خوێنەردا؛ کتێبەکە تەنها کۆمەڵە وتارێک نییە بەدوای یەکەوە هاتبێت، بەڵکو دیدگایەکی تازەیە لە تێگەیشتن و ڕۆچوون بە ناو قووڵایی ناوەڕۆک و ئامانجی وتارەکان.
نووسەر لەڕێگای ئەم بەرهەمەوە هەوڵ دەدات خوێنەرێکی هۆشیارو خاوەن هەڵوێست و بەئاگا دروستبکات، نەک تەنها خوێندنەوەیەک بێ ئەوەی لە ناوەڕۆک و قووڵایی بابەتەکە و مەبەستەکانی نووسینەکە تێبگات.
کتێبەکە لە دۆخێکی وەکو ئێستادا هەر بۆ گواستنەوەی زانیاری نییە بۆ خوێنەر، بەڵکو چرایەکی گەش و ئاسۆیەکی ڕوونە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا کە زمان لە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە و مرۆڤ لە نێوان تەکنۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژانەیدا سەرگەردان و هەندێک جاریش دەستەوەستانە.
لە کتێبەکەدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە و بواری جیاجیا، وەک خەبات، ئەشق، ئێش و ئازار. هەندێک لەخوێندنەوەکانی قووڵبوونەوەیە لەمێژووی ڕۆمانی کورد، (ژنی شۆڕشگێڕ، مێژووی کەسایەتییەکان و شۆڕشگێڕەکان)، کە هەموو ئەمانەش ڕەهەندێکی فەلسەفی و تێڕوانینی مرۆڤناسیی کوردی پێشکەش بە خوێنەر دەکەن.
کتێبەکە بە زمانێکی پاراوی کوردی نووسراوە، کە ئەمەش پاڵنەرە بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی و بەهێزکردنی بیری ڕەخنەیی، بەتایبەت کە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکانی مەعریفە و کلتوور. لە هەمانکاتدا پرسیاری قووڵ لەسەر ڕەوتی ژیان و کێشە فەرهەنگییەکانی مرۆڤ دورووژێنێت.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم کارەی حەیدر مەنتک هەوڵێکی جددی و دڵسۆزانەیە بۆ زیندووکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و دژایەتیکردنی فەرامۆشکردنی مێژووی زارەکی و نەتەوەیی و قووڵبونەوە و هۆشیاربوونەوەی زیاتری خوێنەر.

