رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی کوردستان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێم بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئەو پڕۆژانەش لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆمەڵێک ڕێگەوبانی گرنگ و ستراتیژی قیڕتاو دەکرێن، ئەوەش بۆتە جێگەی خۆشحاڵی ھاووڵاتییان و شۆفێرانی سنوورەکە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانی دارایی و فشارە ئابوورییەکان، لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە، ھاوکات لەگەڵ لەباربوونی کەشوھەوا و گونجاوی پلەکانی گەرمی، تیمەکانی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرقاڵی کارکردنن بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی ھامڵتۆن، کە بە یەکێک لە ڕێگە گرنگ و بازرگانی و گەشتیارییەکان دادەنرێت.
ڕێگەکە بە گوژمەی زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دینار نۆژەن دەکرێتەوە، کە لە قەزای خەلیفانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەم ڕێگەیە یەک سایدە و جووڵەیەکی زۆری ھاتووچۆی لەسەرە و بەھۆی تایبەتمەندیی سەختی ھەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکەوە، ساڵانە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی بەردەوام ھەیە.
ڕێگەی ھامڵتۆن جگە لەوەی ڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە و ھەرێمی کوردستان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبەستێتەوە، ھاوکات ڕێگەیەکی سەرەکیی دەڤەری سۆران و باڵەکایەتییە، کە بەھۆی ھەبوونی ناوچەی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم ڕووی تێدەکەن.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بە گوژمەی زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دینار دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی ھامڵتۆن لە خەلیفانەوە تا دەگاتەوە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە ئامانجی چاککردنی دۆخی ڕێگەکە و پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و ھاووڵاتییان.
لەلایەکی دیکەوە غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کاروانی ئاوەدانی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، لە سنووری قەزای مێرگەسۆریش چەندین پڕۆژە لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، یەکێک لەو پڕۆژانە ڕێگەی سەرەکی مێرگەسۆر- گۆڕەتووە بە درێژایی ٤١٠٠ مەتر، ڕێگەکە قیڕتاو دەکرێت، کە ڕێگەیەکی سەرەکییە، قەزای مێرگەسۆر بە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت و ناحیەکانی سنوورەکە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبەستێتەوە، پێشتر ڕێگەگە زۆر خراپ بوو، ھاووڵاتییان بەردەوام گلەییان لە ڕێگەکە دەکرد، لە ھەمان کاتدا قەرەبالغییەکی زۆری لەسەرە، پێشتر بڕیار بوو بکرێتە دوو ساید، ھەندێک کاریش تێدا کران، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی و ھەندێک کێشەکی دیکە ئەو پڕۆژەیە ڕاگیرا، ئێستا لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێم بە ھاوکاری مەلامستەفا بارزانی کە ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی وەرگرت ئەو ڕێگەیە قیڕتاو دەکرێت، قیڕتاوکردنی ڕێگەکە سوودێکی زۆر بە ھاووڵاتییان دەگەیەنێت، دوای قیڕتاوکردنی ڕێگەکە خەتکێشی و ھێلکاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ بۆ ڕێگەکە دەکرێت، بەوەش دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشێت.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە لە سەنتەری قەزا، ناحیە و گوندەکانی ھەیە، لەگەڵ مەلامستەفا بارزانی لە ھەوڵداین ئەو پڕۆژانەی بەردی بناغەیان بۆ دانراوە جارێکی دیکە بودجەیان بۆ دابین بکەین، بۆ ئەوەی بکەونە خزمەت ھاووڵاتییانەوە، وەکو ئیدارەی قەزای مێرگەسۆر ڕاناوەستین و ھاووڵاتییانیشن مافی خۆیانە خزمەت بکرێن، بەڵام ئێدی قەیرانی دارایی و ئەو کێشانەی بۆ کابینەی نۆیەم دروست دەکرێن کاریگەری لەسەر ھەموو پرۆژەکان ھەبووە، بەڵام ئەوەی لە دەست ئێمە بێت بۆ ھاووڵاتییانی خۆمان دەکەین.