رۆژنامەی ھەولێر

بەرشلۆنە لە دواساتدا گرێبەستی لەگەڵ گابریێل خیسۆسی بەڕازیلدا واژۆ کرد

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

بەرشلۆنە لە دواساتدا گرێبەستی لەگەڵ گابریێل خیسۆسی بەڕازیلدا واژۆ کرد
لە دواساتەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا، یانەی بەرشلۆنە گرێبەستی گابریێل خیسۆسی بەڕازیلی یاریزانی یانەی ئارسناڵی یەکلا کردەوە.
گابریێل خیسۆس، هەرچەندە بووە دوا گرێبەستی دواساتی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان، بەڵام بووە یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکانی ماوەی گواستنەوە بە گشتی و بۆ بەرشلۆنە بە تایبەتی، ئەویش دوای ڕێککەوتنی بەرانبەر پێدانی تەنیا ١٠ ملیۆن یۆرۆ، کە لە نێو یانەکەدا باوەڕ وایە بەهایەکی بازاڕگێڕی دەبێ و ئەستەمە وازی لێ بهێندرێت.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ڕایگەیاند، کە خیسۆس بۆ ئەم وەرزە خرابووە دەرەوەی پلان و بەرنامەی میکێل ئارتێتای یانەی ئارسناڵ، لە کاتێکدا تەنیا یەک ساڵ بۆ ماوەی گرێبەستەکەی مابوو لەگەڵ ئارسناڵ، ئەوەیش وای لە یاریزانەکە و یانەی ئارسناڵیش کرد کە بە دوای شوێنێکی تردا بگەڕێن بۆ ئەو یاریزانە و بەرشلۆنە بە زوویی جووڵا و لە کۆتایی هەفتەدا گرێبەستەکەی یەکلا کردەوە.
خیسۆسی ٢٩ ساڵان، گەیشتە بەرشلۆنە، ئەوەیش دوای چاکبوونەوەی لەو پێکانە سەختەی ئەژنۆی کە نزیکەی ١١ مانگ لە یاریکردن دایبڕاندبوو لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە دۆخی جەستەیی باشە و بەرەو باشتریش دەچێ، ڕاشیگەیاند پێکانەکەی زۆر باشە و ئەژنۆی کێشەی نەماوە، پشکنینە پزیشکییەکانیشی بە سەرکەوتوویی بۆ کرا.
یانەی بەرشلۆنە سەرەتا لەگەڵ یاریزانەکە بۆ دوو ساڵ ڕێک کەوت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکە بۆ سێ ساڵ، بەڵام بە مەرج و ئامانجی دیاریکراو، بەڵام یانەکە لە کۆتاییدا بڕیاری دا ڕێککەوتنەکە دەستکاری بکات و گرێبەستێکی جێگیری سێ ساڵەی لەگەڵدا واژۆ کرد.
لە ڕەنگدانەوەی بڕیارەکە، دەردەکەوێ کە یانەی بەرشلۆنە متمانەی بە تواناکانی خیسۆسە، بەوەی دەگەڕێتەوە باشترین ئاستی سەردەمی زێڕین، بە تایبەت یانەکە پێی وایە زیادەیەکی زۆر باشی بۆ هێڵی هێرشبەری پێ دەبێت، کە جێگرەوەیەکی بەردەوامیان بۆ هێڵی هێرشبەری ناوەڕاست نەبوو، جگە لە هێرشبەری لاوی میسڕی حەمزە عەبدولکەریم، لەگەڵ ئەگەری بەکارهێنانی ڕافینیا لەو ناوەندەدا لە کاتی پێویستدا.
چاوەڕوان دەکرێ ئەو یاریزانە درێسی ژمارە ٩ بپۆشێ، کە یاریزانی پۆڵەندی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەیپۆشی، بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دەست پێبکات، کە پێویستە لە مەشقەکانی داهاتوودا بە خێرایی ئامادەیی خۆی بسەلمێنێت.
بە دوور نازانرێ کە بۆ یارییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووی، یانەی بەرشلۆنە ناوی خیسۆس بخاتە لیستی پێکهاتەی یارییەکەیان بەرانبەر یانەی ڤالێنسیا، بەڵام تیمی هونەریی یانەکە، نایانەوێ پەلە بکەن لە بەکارهێنانی، بە تایبەت کە ماوەیەکی زۆرە ئەو یاریزانە لە یاریکردن دابڕاوە.
یاریزانی بەڕازیل گابریێل خیسۆس، هێرشبەری یانەی ئارسناڵ، نزیک بووەتەوە لە یانەی بەرشلۆنە، کە چیرۆکی ئەو یاریزانە لەسەر گواستنەوەی سەرنجڕاکێشە، چونکە لە هاوینی ٢٠٢٢ـدا ویستی بچێتە ریاڵ مەدرید و زۆر لە تەواوکردنی ئەو گرێبەستە نزیک بوو، بەڵام یانەی شایانە لە دواساتەکاندا پاشگەز بووەوە، بە هۆی نەبوونی پاسپۆرت یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا.
لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، ریاڵ مەدرید گرنگیی بە گرێبەستکردن لەگەڵ خیسۆس دا، ئەوکات زۆر جێی سەرنج و سەرسامیی کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری ئەوکاتی یانەکە بوو، هەروەها باس لەوە کراوە یانەکە لە رووی هونەرییەوە ئەو یاریزانە بە زۆر باش زانیوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە ئەو کات بڕیاری دا گرێبەستەکە تەواو نەکەن، دوای ئەوەی هەموو ئەو خانانەی تەواو کرد، کە بۆ یاریزانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، تەرخان کرابوو. ئەوە بوو ڕێوشوێنەکانی ڕیاڵ مەدرید و داخستنی دەرگەی ریاڵ مەدرید بە ڕووی دانوستان، درەنگ کەوت، دواجار خیسۆس بۆ یانەی ئارسناڵ گواسترایەوە، ئەوە بوو لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ـدا ڕەگەزنامەی ئیسپانیی بە دەست هێنا. پێش ئەوەی دواتر ڕۆدڕگیۆ و میلیتاو دواتر پەیوەندیی پێوە بکەن، بەو جۆرە کێشەکە بە نەڕۆیشتنی خیسۆس بۆ ریاڵ مەدرید کۆتایی هات.

یانەی چێڵسی لە دواساتەکانی ماوەی گواستنەوە گورزێک لە ریاڵ مەدرید دەدات؟
یانەی چێڵسی نزیکە لەوەی گورزێکی گەورە لە پلانەکانی داهاتووی ڕیاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانان بدات، دوای ئەوەی لە گواستنەوەی مانو کۆنی یاریزانی فەرەنسی لە یانەی ڕۆما نزیک بووەتەوە. وەک جێگرەوەیەکی چاوەڕوانکراو بۆ ئەنزۆ فێرناندێزی ئەرجەنتینی سەیر دەکرێت، کە نزیکە لە گواستنەوەی بۆ مانچستەر سیتی.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای سپۆرت، یانەی چێڵسی نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ یانەی ڕۆما بۆ گواستنەوەی کۆنی بە نزیکەی 52 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی. ئەم گرێبەستە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان یانە لەندەنییەکە و مانچستەر سیتی سەبارەت بە فرۆشتنی ئەنزۆ فێرناندێز.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، یانەی چێڵسی ئەو یاریزانە فەرەنسییە بە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ ئینزۆ دەزانێت، کە نزیکە لە پەیوەندیکردن بە مان سیتی بە گرێبەستێک کە بڕەکەی نزیکەی 140 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی دەبێت. هەروەها هەردوو یانە گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی جیمی جیتنزی ئینگلیزی بۆ ڕۆما دەکەن، بە شێوەی خواستن.
گرنگیی ئەم گرێبەستە تەنیا لە یانەی چێڵسیدا قەتیس نەماوە، بەڵکوو گورزێکە بۆ یانەی ڕیال مەدرید، کە کۆنی وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەستنیشان کردبوو بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی لە داهاتوودا.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، پشکنەرانی ریاڵ مەدرید، ماوەیەک بوو چاودێریی ئەو یاریزانە فەڕەنسییەیان دەکرد، وەک ئامادەش بوون چاودێریی ئاستی بکەن لە یانەی ڕۆما و بیخەنە لیستی ئەو یاریزانە بەربژێرانەوە کە ریاڵ مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا دەیەوێ هێڵێ ناوەڕاستی پێ بەهێز بکات.
رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، کارگێڕیی ریاڵ مەدرید، پێشتر هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندبوو، لەسەر ئەوەی هیچ یاریزانێکی دیکە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا نابەنە ریزەکانییەوە. بەڵام ئەو دۆسیەیە بە کراوەییی بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە، لەگەڵ پێشبینیی هەر جووڵەیەکی یانەکانی ئینگلتەرا بۆ دەستخستنی، بە کردار ئەو پێشبینییەش بووە ڕاستی و چێڵسی بردیە ریزەکانیەوە.
کۆنی ٢٥ ساڵان، گرێبەستی لەگەڵ یانەی ڕۆما تا هاوینی ٢٠٢٩ بوو، بە یەکێک لە دیارترین یاریزانانی ناوەڕاستی بەرگری لە ئەورووپا دادەنرێ، بە هۆی ئەو هێز و توانا و ئاست و زیرەکی و فشارخستنە سەر یاریزانانی بەرانبەری هەیەتی، لەگەڵ وردییەکی زۆر لە تۆپدان بە هاوکارانی. کە ڕێژەی سەرکەوتن و ڕاستدەرچوونی پاسەکانی گەیشتە ٩٠% لە وەرزی ڕابردووی خولی ئیتاڵیا.
ئەو یاریزانە دوای ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ فەڕەنسا لە مۆندیالی ٢٠٢٦ بەهای بەرز بووەوە، کاتێک بۆ شوێنگردنەوەی ئۆریلین چوامینی یاریی کرد و ئاستێکی بەرزی بەرانبەر عێراق، نەرویج و پاراگوای و مەغریب پێشکەش کرد.
ئەگەر گواستنەوەی کۆنێ بۆ چێڵسی سەر بگرێت، واتەی ئەوەیە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی داهاتووی ڕیال مەدرید لە پلانەکانیدا نەماوە، لە گرێبەستێکدا کە ڕەنگە یەکێک بێت لە گەورەترین سوپرایزەکانی کۆتا کاتژمێرەکانی گواستنەوەی هاوینە.