رۆژنامەی ھەولێر

لە کۆڵانەکانی خۆشەویستیدا

حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف

 

خالید كۆچه‌ری شاعیر له‌ پێشه‌كیی كتێبی (خه‌ونێكی ونبوو له ‌كۆڵانه‌كانی خۆشه‌ویستی)ـەکەدا دەربارەی ئەم كۆشیعره ده‌ڵێت: ساڵی (2011) كۆشیعرێكم بە ناونیشانی (جانتای سەفەری ئەمجارەت پڕیەتی له گریان) چاپ و بڵاوكردەوه كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شیعرانەی لەئامێز گرتبوو کە له نێوان ساڵانی هەشتایەكان تا ساڵی 2011 نووسیبوومن بۆیه‌ به باشم زانی جارێكی تر ئەو شیعرانەی له نێوان ساڵانی هەشتا و نەوەدەكان نووسیبوویانم لەم كتێبەدا به جیا بڵاویان بكەمەوه، لەگەڵ هەندێک شیعری دیکە كه‌ بۆ یەکەم جارە بڵاویان دەكەمەوه.
(وا ڕاهاتووم شیعر به زمانێكی سادە بنووسم، دوور لە فەنتازیای نوێگەری و هه‌رگیز به دوای وشەی نامۆدا نەگەڕاوم بۆ تەوزیفكردنی شیعرێكی تازەم، هەموو كەسێكیش ئازاده چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكات، له ژیانمدا شیعرم نەكردۆته وەزیفه تا پێی بژیم و هیچ شاعیرێكی كوردیش به (نانی شیعر) نەژیاوه، شیعر بۆ خۆم دەنووسم تا خۆمی پێ دڵنەوایی بدەمەوه، تا ئازارەكانمی تیا رەنگڕێژبكەم و ئەوەی له دڵمایه بیاندركێنم و لەگەڵ مردندا نەیبەمه ژێر گڵ.)
خۆشبەختم له ناو ژانرە ئەدەبییەكاندا شیعرم هەڵبژاردووه دووپاتی دەكەمەوه (شیعر بۆ خۆم دەنووسم) بەڵام هەركات بڵاوم کردەوە، دەبێته مولكی خوێنەر، منیش وەك ئێوەی خوێنه‌ر دەبمه خوێنەری شیعرەكانی خۆم، من لەدنیای نووسیندا (شیعر) بۆ خۆشەویستی دەنووسم، رەنگە كەسانێك دەستخۆشیم لێ بکەن و كەسانێك رەفزم بده‌نێ، بەڵام جوانی سرووشتی ژیان ئەوەمان پێدەڵێت: هیچ شاعیرێكی دیكه له شاعیرێكی دیكه ناچێت، منیش دنیایەكی جوانم هەڵبژاردووه، کە ئەویش دنیا جوانەکەی خۆشەویستیی پێ دەڵێن؛ زۆرن ئەو شاعیرانەی له كیشوەرە جوانەكەی ئەشقدا ماڵێكیان هەیه له جوانی كتێب و پیرۆزیی ئەشق، شیعری ئاشقانه دەنووسن.
ئەوەتا (نالی) له‌ژێركاریگەری خۆشەویستی (حەبیبە)دا شیعری نووسیوە، (مەولەوی) بۆ ئەشقی (عەنبەر خاتون) ع ح ب بۆ خاتوو (بەدریە) و جەمال شارباژێڕی بۆ (پەری) و هەردی شاعیر بۆ(ست فاتیمه)، ئەمانەو دەیان نموونه له شاعیرانی كوردو عەرەب و شاعیرانی جیهانی.
تۆ بڵێی منیش دوای مردنم نەبمه چیرۆكی بەرئاگردانی جوانی مێژووی ئەشق، بۆ ئەو (لەیلا)یەی خۆشم ویستووه و شیعرم بۆی نووسیوە، بۆ ئافرەتێك سەرتاپا دڵ و دەروونمی داگیر كردووه به ئەڤینه پیرۆزەكەی، بۆته موسافیری باڵێۆزی نیشتمانی ئەشقم و بۆته ئیلهامبەخشی سەدان شیعرم، كاتێك دوو خۆشەویست تا ترۆپکی خۆشویستن یەكتریان خۆش دەوێت و دوایی بۆ یەكتر نابن، ئەو خۆشەویستییه به نەمری دەمینێتەوە و، هەرگیز یەكتر لەبیر ناكەن.
بێگومانم ئەوەی پەلوپۆی له ئاونگی گوڵ وەر نەدابێت، كزەباش لێوی ناسكی لەتلەت ناكات، ئەوەی هەناسەی تاڵی بۆ یەكنەبوون نەچەشتبێت، هەرگیز پیر نابێت!
***
•خالید كۆچه‌ر، له‌ شیعری (خەونێكی ونبوو له كۆڵانەكانی خۆشەویستی)دا پێمان ده‌ڵێت:

ئەگەر دڵی شاخ مێژووی بخوێندبایەوه،
منیش مێژووی ئەشقی تۆم دەنووسییەوه!
ئەی یار
ئەو رۆژەی تۆم ناسی
خۆشەویستیت
خۆشبەختیی پێ بەخشیم
كه تۆ هاتی
هەور بووه باڵای گەردوون
باران باری و باران دایكرد
دەشتایی دڵمی پڕ كرد له خۆشەویستی
دوای تەمەنێك له باران
دوای تەمەنێك له یاد
دوای تەمەنێك له گریان
دوای تەمەنێك له ژوان
غەزەلی ئەشق و گۆرانی ژیان
دەبنە ڕەشماڵی كۆچەرییان
بۆ ئەو قەسیدەی هێشتا نەمنووسیوه
ئەی كیژۆڵەی خەم و غوربەتی شەوانم
كه بیر له تۆ دەكەمەوه
سەرتاپای جەستەم
دەبێته ئاگری ئەشق و خۆشەویستی
له خودا دەپاڕێمەوه
كەس به ئاگری خۆشەویستی
نەسووتێت!
***
ـــــ شیعری (خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی)ـی خالید کۆچەری شاعيره‌، دەقێکە لە سنووری نێوان غەزەل و دانپێدانانی ڕۆح؛ دەقێک کە ئاشق تێیدا تەنها باس لە خۆشەویستی ناکات، بەڵکو خۆشەویستی وەک چارەنووس و وەک ڕووداوێکی گەردوونی دەبینێت. شاعیر لەم دەقەدا زمانێکی ڕۆمانسی و هەستیار بەکار دێنێت، بەڵام لە ژێر ئەو نەرمییەی وشەکان، هەستێکی قوڵی تەنهایی و ونبوون هەڵدەسووڕێت. ناونیشانی شیعرەکە خۆی کلیلی تێگەیشتنە لە دەقەکە؛ (خەونێکی ونبوو) ئاماژەیە بۆ خەونێک کە پێش ئەوەی تەواو ببێت، لەناو شەقامەکانی خۆشەویستی ون دەبێت. واتە ئەشق لێرە ناتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئاسوودەیی، بەڵکو ونه‌ و هەمیشە به‌ دوای دۆزینه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت.
دەستپێکی شیعرەکە بەستراوە بە وێنەی (شاخ و مێژوو) کاتێک شاعیر دەڵێت: (ئەگەر دڵی شاخ مێژووی بخوێندبایەوە، منیش مێژووی ئەشقی تۆم دەنووسییەوە) لێرە شاخ تەنها سروشت نییە؛ شاخ بۆتە هێمای جێگیری، سەختی و مێژووی نه‌نووسراوی مرۆڤ. شاعیر خۆی لەبەرامبەر ئەو شاخەدا دەبینێت و ئارەزوو دەکات ئەشقەکەی وەک مێژوویەکی پیرۆز تۆمار بکرێت. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی خۆشەویستی لە دیدی شاعیردا تەنها هەستێکی کاتی نییە، بەڵکو شتێکە شایستەی ماندووبوونی مێژووه‌.
لە بەشی دواتردا، هاتنی یار وەک ڕووداوێکی شۆكهێنه‌ر دەردەکەوێت؛ (هەور بووە باڵای گەردوون، باران باری و دایکرد) لێرە خۆشەویستی بە باران دەچوێندرێت؛ بارانێک کە دڵی وشک و دەشتایی شاعیر دەژینێتەوە. وێنەی (دەشتایی دڵ) یەکێکە لە جوانترین وێنەی نێو دەقەکە، چونکە دڵ وەک خاکێکی بێئاو نیشاندەدرێت کە تەنها بە بارانی خۆشەویستی سەوز دەبێتەوە. شاعیر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەڵێت: پێش ناسینی یار، ژیانی وشک و بێڕەنگ بووە. دووبارەکردنەوەی (دوای تەمەنێک) لە ناوەڕاستی شیعرەکە، ڕیتمێکی ماتەمئامێز و بیرەوەریی پێدەدات. (دوای تەمەنێک له باران، دوای تەمەنێک له یاد، دوای تەمەنێک له گریان) ئەم دووبارەکردنەوەیە تەنها جوانکاری زمانی نییە؛ بەڵکو هەستێکی قورس و چاوەڕوانیەکی درێژ دەگوازێتەوە. شاعیر وا هەست دەکات تەمەنی خۆی لە نێوان چاوەڕوانی، گریان و ژوان و یاددا بەسەر بردووە. لێرە کات بۆتە بارێکی دەروونی، نەک تەنها ژمارەی ساڵەکان.
• كۆچه‌ر له‌ شیعری (ونبوون له كۆڵانەكانی یاد)دا له‌ دڵه‌ ونبووه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت و نایدۆزێته‌وه‌ وه‌ك ده‌ڵێت:

له دڵه ونبووەكەی خۆم دەگەڕێم
له كۆڵانەكانی یاد
به دوایدا دەگەڕێم و
هەرچەند دەكەم نایدۆزمەوه
تكایه ئەوەی سۆراخێكی پێ دەزانێت
به كورتەنامەیەك
بروسكەهەواڵێك
به تەلەفۆنێك
ئاگادارم بكاتەوه
با چیتر لەو بێدەنگییە گەورەدا
سەرگەردان نەبێت
به قاسیدی (لەیلا) كەم بڵێن:
(کۆچەر)
ئەو شاعیره (كۆچەر)ەی،..
زەمەنێك بوو خۆشت دەویست
ئێستا لەبەردەم سووتانێکی بێکۆتا
قەسیدەی یاد دەنووسێتەوە!
***
ــــ شیعری (ونبوون لە کۆڵانەکانی یاد)ی خالید، دەقێکی تەواو ناوخۆیی و دەروونییە؛ دەقێک کە شاعیر تێیدا لەگەڵ (یاد و تەنهایی و ونبوونی خوود) ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەم شیعرە زیاتر لەوەی غەزەلێکی ئاشقانە بێت، دانپێدانانێکی بوونییە لەسەر مرۆڤێک کە لە نێوان بیرەوەری و بێدەنگیی ژیاندا سەرگەردان بووە. ناونیشانی دەقەکە خۆی کلیلی خوێندنەوەیە؛ (ونبوون) لێرە تەنها ونبوونی کەسێک نییە، بەڵکو ونبوونی مانا و ئارامیی ڕۆحە لە ناو (کۆڵانەکانی یاد)دا. یادیش لە دیدی شاعیر شوێنێکی ئارام نییە، بەڵکو گەڕانێکی بێکۆتاییە.
شاعیر كه‌ ده‌ڵیت: (لە دڵە ونبووەکەی خۆم دەگەڕێم) یەکێکە لە قوڵترین دانپێدانانەکانی دەق. شاعیر لێرە خۆی بە مرۆڤێکی دابڕاو لە خۆی دەناسێنێت؛ واتە تاکو ئاستێک لە تەنهایی و شکستی دەروونیی گەیشتووە کە بوونی خودی خۆشی له ‌لا نامۆ بووە. (دڵە ونبووەکە) هێمای ڕۆحێکە کە لە ژێر بارە قورسەکانی بیرەوەری و ئەشق شکاوە و ناتوانێت شوێنی ئارامی و ئاسووده‌ییی خۆی بدۆزێتەوە.
(کۆڵانەکانی یاد) لەم دەقەدا شوێنێکی جۆگرافی نییە؛ ئەوە ناوچەیەکی دەروونییە کە شاعیر تێیدا هاتووچۆ دەکات. (یاد) لە ئەدەبی ڕۆمانسیدا زۆرجار پەناگەیەکی ئارامە، بەڵام لەم شیعرەدا یاد بۆته‌ شوێنێک کە مرۆڤ هەرچۆنێك بگەڕێت، ناتوانێت خۆی و خۆشەویسته‌ ونبووەکەی بدۆزێتەوە. ئەمەش دەقەکە لە ئاستی هەستێکی سادەی دڵتەنگی بەرز دەکاتەوە بۆ قەیرانێکی بوونی.
شاعیر دواتر بە شێوەیەکی تراژیدی داوای هاوکاریدەکات كه‌ ده‌ڵێت: (تکایە ئەوەی سۆراخێکی پێ دەزانێت) ئەم بانگەوازە هەڵگری واتایەکی قووڵە؛ چونکە ئاشق لێرە وەک مرۆڤێکی ونبوو هاوار دەکات، بەڵام کەس وەڵامی ناداتەوە. (بە کورتە نامەیەک، بە برووسکە هەواڵێک، بە تەلەفۆنێک) ئەو ئامرازانەن کە پەیوەندیی مرۆڤەکان پێیان دروست دەبێت، بەڵام لێرە هەموویان بوونەتە هیوایەکی دوور و ئەگەری گەیشتن بە شوێنێکی ونبوو. شاعیر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە شکستی پەیوەندیی مرۆڤ دەکات؛ ئەوەی کە مرۆڤ لە ناو جیهانێکی پڕ لە دەنگ و ئامراز، هێشتا تەنها و بێوەڵام ماوەتەوە.
بەکاربردنی (بێدەنگیی گەورە) یەکێکە لە جوانترین هێماکانی دەق. (بێدەنگی) لێرە تەنها نەبوونی دەنگ نییە، بەڵکو بوونی قورس و ترسناکی تەنهاییە. شاعیر لەو بێدەنگییەدا (سەرگەردان)ـە، واتە ناتوانێت ڕێگای دەرچوون بدۆزێتەوە. ئەم وێنەیە زۆر نزیکە لە بیرکردنەوەی بوونگەرایی، کە تێیدا مرۆڤ خۆی لە جیهانێکی بێوەڵام و بێمانادا دەبینێت.
لە بەشی کۆتایی شیعرەکەدا، دەقەکە دەگاتە ئاستی قەسیدەیەکی تراژیدی. کاتێک كه‌شاعیر دەڵێت: (بە قاسیدی (لەیلا) کەم بڵێن: (کۆچەر… ئەو شاعیرە کۆچەرەی زەمەنێک بوو خۆشت دەویست) لێرە خۆی وەک ئەفسانەیەکی ئاشقانە دەبینێت. ناوی (لەیلا) ئاماژەیەکی ئاشكرایه‌ بۆ میراتی كۆنه‌ ئەشقێكی کلاسیکییه‌ كه‌ له‌ چیرۆکی ئه‌فسانه‌یی (لەیلا و مەجنون)دا هاتووه‌ بەڵام (کۆچەر) ئەم میراتی ئەشقه‌ كۆنه‌ كلاسیكییه‌ی (له‌یلاو مه‌جنوون) شێوەیەکی نوێ و له‌ ده‌قێكی نوێتردا دووبارە ده‌كاته‌وه‌ (مەجنون)ـی ئەم دەقە، شاعیرێکە کە لە (جیهانی یاد و بێدەنگی)ـدا دەژیێ.
شاعیر له‌ كۆتایی شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێت: (ئێستا لەبەردەم سووتانێکی بێکۆتا قەسیدەی یاد دەنووسێتەوە) کورتکراوەی تەواوی فەلسەفەی دەقەکەیە. شاعیر لێرەدا نووسین بە سووتان دەچوێنێت؛ واتە شیعر لە ئەنجامی ئازار و ترپه‌تاوه‌كانی ڕۆح لەدایک دەبێت. (قەسیدەی یاد)یش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بیرەوەری بۆ شاعیر هەم سەرچاوەی شیعرە و هەم سەرچاوەی ئازار. بۆیە نووسین لەم دەقەدا به‌ته‌نێ کردارێکی جوانکاری نییە، بەڵکو شێوازێکە بۆ مانەوە و بەرگەگرتن لە سووتانی ناخ.
ئەم شیعرەی (خالید کۆچەر) دەربڕینی ڕۆحێکی ڕۆمانسی و شکاوەیە کە لە نێوان(یادو تەنیایی و ئاگرى خۆشەویستیدا)دەژی. زمان لەم دەقەدا سادەیە، بەڵام ژێر ڕۆشنایی ئەو سادەییەدا فەلسەفەیەکی قوڵی مرۆیی خۆمان نیشان ده‌دات ؛ فەلسەفەیەک کە مرۆڤ وەک بوون و بوونه‌وه‌رێكی هەمیشە گەڕاو و هەمیشە ونبوودا دەبینێته‌وه‌.
***
•شاعیر.. له‌ شیعری (دڵی غه‌ریبان)ـدا بەدەم پیاسەی رۆژانی ڕابردەوە، تەماشای ئێوارە جوانەکانی ژوان دەکا و دەستی (لەیلا) که‌ی دەگرێت. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: ئەو(لەیلا)یەی له هیچ (له‌یلا)یەک ناچێت! ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:

ئەم دڵه غەریبەی من
تەنیا جێگای یەک خۆشەویستی
لێ دەبێتەوه
تەنیا ژنێکی خۆش دەوێت و
شیعری بۆ دەنووسێت و گۆرانی بۆ دەڵێت
بەدەم پیاسەی رۆژانی ڕابردووەوە
تەماشای ئێوارە جوانەکانی
ژوان دەکات
دەستی (لەیلا)یەک دەگرێت
بەڵام چ (لەیلا)یەکە
ئەو (لەیلا)یەی له هیچ (له یلا)یەک
ناچێت!
***
ـــــ كۆچه‌ر له‌ شیعری (دڵی غەریبان)ـدا جارێکی دی وەک شاعیرێکی ڕۆمانسی دەردەکەوێت؛ شاعیرێک کە خۆشەویستی بۆی تەنها هەستێکی کاتی نییە، بەڵکو ناسنامەی ڕۆح و شوێنی مانەوەی مرۆڤە. ئەم دەقە بە ڕواڵەت سادەیە، بەڵام لە ژێر ئەو سادەییەوە بیرکردنەوەیەکی قووڵ لەسەر (تاکبوونی خۆشەویستی و پیرۆزیی یاد) هەڵدەگرێت.
كۆچه‌ر له‌ دەستپێکی شیعرەکەدا ده‌ڵێت: (ئەم دڵە غەریبەی من، تەنیا جێگای یەک خۆشەویستی لێ دەبێتەوە» بنەمای سەرەکیی دەقەکە دادەنێت. دڵ لێرە تەنها ئەندامێکی هەستکردن نییە، بەڵکو نیشتمانێکی دەروونییە کە تەنها یەک کەس مافی نیشتەجێبوونی تێدایە. وشەی «غەریب»یش زۆر گرنگە؛ چونکە شاعیر دڵی خۆی وەک شوێنێکی دوورخراوه‌ و بێپەنا دەبینێت. ئەو غەریبییە تەنها غەریبیی نیشتمان یان شوێن نییە، بەڵکو غەریبیی ڕۆحە لە جیهانێکدا کە مرۆڤی تێدا تێناگات.
لە ڕوانگەی دەروونییەوە، شاعیر دڵی خۆی بە بوونێکی یەکجار دڵسۆز و وه‌فادار پیشاندەدات؛ دڵێک کە (تەنیا ژنێکی خۆش دەوێت) یان باشتر بڵێین: (ته‌نها ژنێك دڵی ئه‌وی پیاوی داگیر كردبێت) ئەم تەنهاییەی خۆشەویستی لە ئەدەبی ڕۆمانسیدا بەهایەکی پیرۆزی هەیە، چونکە ئاشق ناتوانێت دڵی خۆی دابەش بکات. بۆیە (شیعر و گۆرانی) هەمووی بۆ یەک (بوون) دەنووسرێت. لێرە هونەر خزمەتکاری خۆشەویستییە؛ واتە (شیعرنووسین و گۆرانیگوتن) نەک بۆ ناوبانگ، بەڵکو بۆ پاراستنی وێنەی یارە.
کاتێک شاعیر دەڵێت: (بەدەم پیاسەی ڕۆژانی ڕابردوو تەماشای ئێوارە جوانەکانی ژوان دەکات) دەقەکە لە ئاستی ئێستا دەگوازرێتەوە بۆ بیرەوەری. پیاسەکردن لە ڕابردوو هێمای ئەوەیە کە ئاشق لە ئێستادا ناژی، بەڵکو لە ناو یاد و بیره‌وه‌ریه‌کاندا دەژیێ. (ئێوارە جوانەکانی ژوان)یش وێنەیەکی ڕۆمانسی و سینەمایی دروست دەکات؛ ئێوارە لە ئەدەبدا زۆرجار به‌ (زه‌رده‌په‌ڕ) دێت واته‌ کاتی نێوان ڕووناکی و تاریکییە، واتە کاتی هەڵواسین و بیرکردنەوە. بۆیە ژوان لێرە تەنها دیدار نییە، بەڵکو شوێنی پیرۆزی یادە.
بەڵام چەقە فەلسەفییەکەی دەقەکە لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە شاعیر دەڵێت: (دەستی (لەیلا)یەک دەگرێت .. بەڵام چ (لەیلا)یەک؟) لێرە ناوی (لەیلا) تەنها ناوی ژنێک نییە، بەڵکو هێمای خۆشەویستیی ئەفسانەیی و ڕۆژهەڵاتییە. لە میراتی كۆنه‌ئەشقی كلاسیكی (لەیلا و مەجنون)دا، (لەیلا) بووە وێنەی خۆشەویستییەکی مەحاڵ و پیرۆز. بەڵام (خالید) ئەم هێمایە دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە بە شێوەیەکی تایبەتی. ئەو دەڵێت: (ئەو (لەیلا)یەی لە هیچ (لەیلا)یەک ناچێت). واتە یارەکەی لە سنووری هەموو وێنە کلاسیکەکانی خۆشەویستی دەرچووە؛ بوونێکی بێهاوتا و ناکرێت بە هیچ نموونەیەکی تر بچوێندرێت.
ئەو یارەی شاعیر باسی دەکات، تەنها «لەیلا»ی ئەفسانە نییە؛ بەڵکو بوونێکی تایبەتی و تاکە. بەم شێوەیە، دەقەکە لە تکرارکردنه‌وه‌ی میراتی كۆنه‌ئەشقی کلاسیک دەرباز دەبێت و دەگاتە دروستکردنی (لەیلا)یەکی نوێ؛ لەیلایەک کە لە ناو خەیاڵ و بیرەوەریی شاعیردا ژیانێکی تایبەتیی هەیە.
•شاعير له‌ شیعری (نەمتوانی لەبیرت بكەم) دڵی له‌ لای شۆخه‌ ژنێكدا به‌جێ هێشتووه‌ كه‌ به‌ منداڵی یەكترییان ناسیوه‌ و خۆش ویستووه‌؛ وه‌ك ده‌ڵێت:

هێشتا دڵم
لای ئەو شۆخه ژنە جێ هێشتووه
به منداڵیی یەكتریمان ناسی و یەكتریمان خۆش ویست
له ناو باخچەی خەونێكی گەورەدا
ئاوێزانی یەكتر بووین
چەند بەدبەخت بووین
تەمەنێكمان له حەسرەت بەڕێ كرد
ئەوەتا دوای ئەو هەموو ساڵەی
دوورکەوتنەوه و لێكدابڕان
هێشتا دڵم لای یادگارەکانت جێ هێشتووە
بۆ چرکەیەکیش بێت
نەمتوانیوە لەبیرت کەم!
***
ــــ كۆچه‌ر لە شیعری (نەمتوانی لەبیرت بکەم) جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە بنەماییترین قۆناغه‌كانی ئەدەبی ڕۆمانسی؛ واتە (نەمریی یاد)؛ ئەم دەقە قەسیدەیەکی دڵتەنگیی سادە نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی قووڵە لەوەی کە چۆن خۆشەویستی دەتوانێت لەناو مرۆڤدا ببێتە بەشێک لە ناسنامەی بوونی، تا ئەو ئاستەی جیاکردنەوەی خوود و یادەکان نامومکین بێت.
شاعیر له‌ سه‌ره‌تادا كه‌ ده‌ڵێت: (هێشتا دڵم لای ئەو شۆخە ژنە جێ هێشتووه‌) زۆر گرنگە لە ڕووی دەروونییەوە. شاعیر لێرەدا دڵی خۆی وەک شتێکی جیاواز لە خۆی دەبینێت؛ وەک ئەوەی جەستە لێرەیە، بەڵام ڕۆح و هەست لە شوێنێکی تر ماونەتەوە. (شۆخە ژن)یش تەنها وەسفێکی ڕووکار نییە، بەڵکو هێمای ژیان، ناسکی و جوانیی ئەو یادەیە کە شاعیر ناتوانێت لێی رزگار بێت.
(بە منداڵی یەکتریمان ناسی و یەکتریمان خۆش ویست) دەقەکە دەبەستێتەوە بە بیرەوەریی پاک و سەرەتایی. منداڵی لە ئەدەبدا زۆرجار هێمای بێگەردی و ڕاستگۆیی هەستە. بۆیە شاعیر خۆشەویستییەکەی بەو سەردەمە دەبەستێتەوە کە هێشتا جیهان بێ فێڵ بوو. ئەمە واتایەکی قووڵی دەروونیی هەیە؛ چونکە ئەو خۆشەویستییەی لە منداڵیدا لەدایک دەبێت، زۆرجار لە ناخی مرۆڤدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە.
(لە ناو باخچەی خەونێکی گەورەدا ئاوێزانی یەکتر بووین) یەکێکە لە جوانترین وێنەکانی نێو دەقەکە. (باخچە) لێرەدا هێمای شوێنی گەشەکردنی خۆشەویستییە و (خەون)یش ئاماژەیە بۆ جیهانی ئومێد و ئارەزوو. شاعیر خۆی و یارەکەی وەک دوو بوون دەبینێت کە لە سێبەری خەونێکی گەورەدا پێکەوە خه‌ونیان دیوه ‌و گەشەیان کردووە. بەڵام ئەم وێنە جوانە دوای دەمێک دەشکێت، چونکە ژیان ناهێڵێت خەونەکان بە تەواوی بمێننەوە.
کاتێک شاعیر دەڵێت: (چەند بەدبەخت بووین، تەمەنێکمان لە حەسرەت بەڕێ کرد) دەقەکە لە ناسکیی بیرەوەری دەچێتە ناو تراژیدیای کات. (حەسرەت) لە ئەدەبی ڕۆمانسیدا تەنها ئاخ و داخ نییە؛ بەڵکو ژیانکردنە لە ژێر باری ئەوەی نەبووە و نەگەیشتووە. شاعیر لێرە دان بەوەدا دەنێت کە بەشێکی زۆری تەمەنیان لە چاوەڕوانی و ئازار و خه‌مدا تێپەڕیوە، نەک لە ژیانێکی تەواو و ئارامدا.
بەکارهێنانی (دوورکەوتنەوە و لێکدابڕان) گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەم دوو وشەیە لە شیعری خالید کۆچەردا زۆرجار دووبارە دەبنەوە. دووری لە دیدی وییەوە، تەنها جیاوازیی شوێن نییە؛ بەڵکو شکانی ناوەوەی ناخ و ده‌روونی مرۆڤە. لێکدابڕانیش تەنها جیابوونەوەی دوو ئاشق نییە، بەڵکو دابڕانی مرۆڤە لە بەشێک لە خوود بۆیە شاعیر دەڵێت: (هێشتا دڵم لای یادگارەکانت جێ هێشتووە) واتە ئەو هێشتا نەیتوانیوە خۆی لەو مێژووە ده‌رباز بكات.
شاعیر له‌کۆتاییی شیعرەکە ده‌ڵێت: (بۆ چرکەیەکیش بێت، نەمتوانیوە لەبیرت کەم) شاعیر لێرەدا بە شێوەیەکی ڕووت و بێپەردە دان بە شکستی خۆی دادەنێت؛ شکستی لە فه‌رامۆشکردن. بەڵام ئەم (نەتوانینە) لە هەمان کاتدا جۆرێکە لە پاراستنی گه‌وره‌یی و پیرۆزیی خۆشەویستی. واتە لە دیدی شاعیر، فه‌رامۆشکردن مه‌رگی خۆشەویستییە، بۆیە هەرچەند (یاد) ئازار بێت، هێشتا مانەوەی لە ناخدا باشترە لە ونبوونی تەواو.
***
•كۆچه‌ر له‌ (نیشتمانێك له جوانی شیعر) دا پێمانده‌ڵێت:

ئەگەر خوداوەند هیچی پێنەبه‌خشیبم
جوانە كچێكی فریشتەی پێناساندم
بووه دڵخوازو..
خۆشەویست و دەزگیرانی شیعرەكانم!
سوپاس ئەی جوانترین (لەیلا) م
بوویت به جوانترین نیشتمانی شیعرم!
***
ـــ لەم شیعرەدا، (خالید کۆچەر) خۆشەویستی بە ئاستێکی پیرۆز و هه‌بوون ناو دەبات؛ تا ئەو شوێنەی یار تەنها بوونێکی دڵداری نییە، بەڵکو دەبێتە (نیشتمان) ئەم گواستنەوەیە لە (ژن) بۆ (نیشتمان) زۆر گرنگە لە ڕووی ڕەخنەییەوە، چونکە نیشتمان لە هەستی مرۆڤدا شوێنی ئارامیو ناسنامە و گەڕانەوەیە. بۆیە کاتێک شاعیر دەڵێت: (بوویت بە جوانترین نیشتمانی شیعرم) واتە هەموو هونەر و هەست و بوونی شیعریی خۆی لە یارو نیشتماندا کۆکردۆتەوە.
دەستپێکی دەقەکە بە شێوەی موناجاتێکی سوپاسگوزاری دەردەکەوێت: (ئەگەر خوداوەند هیچی پێنەبه‌خشیبم، جوانە کچێکی فریشتەی پێ ناساندم) لێرە یار وەک بەخشینێکی خودایی دەردەکەوێت، نەک تەنها وەک مرۆڤێکی ئاسایی. بەکارهێنانی وشەی (فریشتە) یار لە ئاستی جەستەیی بەرز دەکاتەوە بۆ بوونێکی ڕووحانی و پاک. ئەمەش لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی ڕۆمانسییە کە مەعشوق زۆرجار وەک بوونێکی ئەفسانەیی و بەرز دەبینرێت.
لە هەمانکاتدا، شاعیر پەیوەندیی نێوان خۆشەویستی و شیعر زۆر بەهێز دەکات. یار (دەزگیرانی شیعرەکان)یەتی واتە سەرچاوە و پارێزەری ئیلهام. لێرە شیعر بێ یار ناتوانێت بوونی هەبێت. ئەم بیرۆکەیە لە میراتی ڕۆمانسیزمدا زۆر گرنگە؛ چونکە شاعیر وەک بوونێک دەبینرێت کە لە ڕێگای خۆشەویستی توانای داهێنان دەدۆزێتەوە.
(لەیلا) لەم دەقەدا جارێکی تر هێمای خۆشەویستییەکی ئەفسانەییە، بەڵام (کۆچەر) ئەو هێمایە دەهێنێتە ناو جیهانی تایبەتیی خۆی. ئەو «لەیلا»یەی باسی دەکات، تەنها میراتی ئەفسانەیی نییە؛ بەڵکو ئەو ژنەیە کە بۆتە نیشتمانی شیعره‌كانی.
***
• (كۆچه‌ر) له‌ (دوای دوازدە ساڵ لێکدابڕان) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای ئەو یادەوەریانەی چەپکێ یادیان کردە ڕووناکی بۆ ئەو ڕۆژانەی هەرگیز لەیاد ناکرێن! هه‌روه‌ك له‌و شیعره‌یدا ده‌ڵێت:

دوای دوازدە ساڵی لێکدابڕان دەگەڕێمەوە
لای ئەو یادەوەریانەی
چەپکێ یادیان کردە ڕووناکی
بۆ ئەو ڕۆژانەی هەرگیز لەیاد ناکرێن!
ئەوە من و تۆین
جارێکیتر چاومان بە چاوی یەکتر دەکەوێتەوە!
ئەوەتانێ
دوو ئاشقی گەنمڕەنگ
تەماشای گەڵا وەریوەکانی پاییز دەکەن
گەنجیم لە کۆڵانی یادگارەکانت جێ هێشتووە!
***
ـــ دوای دوازدە ساڵی لێکدابڕان، دەقێکه‌ کە تێیدا کات و یاد و دووبارە گەڕانەوە بە یەکەوە ده‌لكێن (دوازدە ساڵ) لێرە تەنها ژمارەیەکی کاتی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ درێژیی ته‌مه‌نی خه‌م و ئازار و چاوەڕوانی. شاعیر لەبەرامبەر ئەو ماوە درێژەدا، هێشتا نەیتوانیوە یادەکان لە ناخی خۆیدا بسڕێتەوە.
(دەگەڕێمەوە لای ئەو یادەوەریانەی چەپکێ یادیان کردە ڕووناکی) لە ڕووی هونەرییەوە. زۆر قوڵ و پڕواتایه‌ (چەپکێ یاد) وێنەیەکی شاعیرانەیە بۆ بیرەوەرییەکان؛ وەک ئەوەی یادەکان گوڵن و شاعیر هەڵیانگرتوون. (ڕووناکی)یش لێرە بەرامبەر تاریکیی تەنهایی و دوورییە. واتە بیرەوەری دەتوانێت ئەوەی کات تاریکیکردووە، دووبارە ڕوونی بکاتەوە.
کاتێک شاعیر دەڵێت: (ئەوە من و تۆین، جارێکی تر چاومان بە چاوی یەکتر دەکەوێتەوە)، دەقەکە ساتێکی سینەمایی و پڕلە هەناسەی چاوەڕوانی دروست دەکات. چاو لە ئەدەبی خۆشەویستیدا زۆرجار زمانێکی بێدەنگە؛ بۆیە دووبارە یەکتر بینین، لێرە زیاتر لە دیدارێکی ئاساییە، بەڵکو گەڕانەوەی ڕۆحە بۆ شوێنی یەکەم.
وێنەی (دوو ئاشقی گەنمڕەنگ تەماشای گەڵاوەریوەکانی پاییز دەکەن) یەکێکە لە جوانترین وێنەکانی نێو دەقەکە. پاییز لە ئەدەبی ڕۆمانسی هەمیشە هێمای کۆتایی، وەرین و بیرەوەرییە. بۆیە تەماشاکردنی گەڵاوەریوەکان لە لایەن دوو ئاشقەوە، ئاماژەیە بۆ تێپەڕبوونی تەمەن و خەونەکان. (گەنمڕەنگ)یش هەستێکی کوردانە و خاکه‌ڕایی بە دەقەکە دەبەخشێت.
کۆتاییی ده‌قه‌كه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (گەنجیم لە کۆڵانی یادگارەکانت جێ هێشتووە!) لە ڕووی دەروونییەوە زۆر کاریگەرە. شاعیر لێرە دان بەوەدا دەنێت کە بەشێکی زۆری تەمەنی و ڕۆحی خۆی لەو شوێنانە ماوەتەوە. واتە گەنجی بۆ ئەو تەنها قۆناغێکی تەمەن نییە؛ بەڵکو ئەو ساتانەیە کە لەگەڵ یار ژیاوە.
***
• شاعیر له‌ شیعری (ڕێژنە یاد)دا ده‌ڵێت:

ڕێژنە بارانێك دەباڕێت
تێکەڵ به ڕەنگی جوانی ئەستێره دەبێت
بەكەم ژوان و دوا ژوان و
تەواوی یادگارە جوانەكانی تۆم دێنێتەوە یاد
باران بۆنی پیرۆزی تۆی لێ دێت
بیرتە ئەو رۆژەی بۆ یەكەمجار یەكتریمان ناسی و
یەكتریمان خۆش ویست
تێكەڵ به ناخ و ئەشقی یەكتر بووین
پاییز نزیك دەبووەوه له وەرزی زستان
لەناكاو ڕێژنەبارانێك باری
چەند جوان بوو هەموو جەستەت وەكو بەفر
له ژێر سێبەری کراسە زەردەکەت سەمای دەکرد
سوپاس ئەی جوانترین مێژووی ئەشقی من
***
ـــ ئەم شیعرە یەکێکە لە ناسکترین و هەستیارترین دەقەکانی (خالید کۆچەر) چونکە تێیدا (باران، پاییز، جەستە، یاد) بە شێوەیەکی مۆسیقیانە تێکەڵ دەبن. دەقەکە لە بنەڕەتدا قەسیدەیەکی (یادکردنەوە)ی خۆشەویستییە؛ خۆشەویستییەک کە سروشت دووبارە زیندووی دەکاتەوە.
(ڕێژنە بارانێک دەبارێ، تێکەڵ بە ڕەنگی جوانی ئەستێرە دەبێت) دەستپێکێکی تەواو شاعیرانەیە. باران لە شیعره‌كانی (کۆچەر)دا زۆرجار هێمای پاکبوونەوە و هەڵچوونی یادە. بەڵام لێرە باران تەنها سروشت نییە؛ بەڵکو هەڵگری ڕەنگ و جوانیی ئەستێرەیە، واتە ئاسمان و زەوی بە یەکەوە دەبەستێت.
(باران بۆنی پیرۆزی تۆی لێ دێت) یەکێکە لە هەستیارترین وێنەکانی دەقەکە. بۆن زۆر بەهێزترین هەستە لە گەڕانەوەی یاد. شاعیر لێرە یار لە سروشتدا هەست پێدەکات؛ وەک ئەوەی باران خۆی بووبێتە جێگرەوەی بوونی یار.
کاتێک دەڵێت: (تێکەڵ بە ناخ و ئەشقی یەکتر بووین) شاعیر هەوڵ دەدات ئاوێته‌بوونی تەواوی ئاشق و مەعشوق نیشان بدات. ئەمە لە فەلسەفەی ڕۆمانسیزمدا واتایەکی قووڵی هەیە؛ چونکە خۆشەویستی لێرە تەنها نزیکیی جەستە نییە، بەڵکو ڕۆچوونی دوو ڕۆحە له‌ یه‌كدیدا.
وێنەی (پاییز و ڕێژنەباران) هەستێکی جوان و ساردی ناسک بە دەقەکە دەبەخشێت. بەڵام لەناو ئەو ساردییەدا، جەستەی یار (وەکو بەفر) سپی لە ژێر (کراسە زەردەکەیدا سەما دەکات!) ئەم وێنەیە جۆرێکە لە تێکەڵبوونی سروشت و جەستە؛ واتە یار خۆی دەبێتە بەشێک لە وەرزی پاییز.
له‌ كۆتاییدا كه‌ ده‌ڵێت: (سوپاس ئەی جوانترین مێژووی ئەشقی من) زۆر مانادارە. شاعیر… یاره‌كه‌ی تەنها وەک مرۆڤێک نابینێت، بەڵکو وەک به‌شێك له‌(مێژوو) ژیان و ته‌مه‌نی خۆی ته‌ماشای ده‌كات واتە بوونێک کە تەواوی ژیان و بیرەوەرییەکانی پێوە بەستراون. بەم شێوەیە، خۆشەویستی لەم دەقەدا دەبێتە مێژووی ناخی مرۆڤ؛ مێژووێک کە کات ناتوانێت بیسڕێتەوە.
***
• خالید كۆچه‌ر له‌ (چاوەڕوانی)ـی مه‌عشوقه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: کۆڵانە یادەوەرییەکانی من و تۆ… رێگا دوورەکانیان له‌یه‌كتر نزیکتر دەکرەوە هه‌تا له‌ چاوه‌ڕوانیی یه‌كتردا بتوێینه‌وه‌، وه‌ك شاعیر له‌ شیعری (چاوه‌ڕوانی)ـدا ده‌ڵێت:

کۆڵانە یادەوەرییەکانی من و تۆ
رێگا دوورەکانیان نزیکتر دەکرەوە لە یەکتر
بیرتە ئەو ڕۆژەی،..
شیعر دەمی گوڵاڵەی ماچ دەکرد
هاتم بۆ لات..
تۆش لەبەر دەرگا چاوەڕێت دەکردم
کراسێکی تەنکی پەمەییت لەبەردا بوو
هەموو جەستەت وەکو حەزێکی گەورە
چاوی نیشتمانی شیعرمی پڕ کرد لە (ماچ) و
دەمیشمان لە لێوی یەکتر نەدەبۆوە
ئەویتریان بۆ تۆ جێ دێڵم:
لە دەفتەری بیرەوەریەکانت بیاننووسەوە!!
***
ــــ شیعری (چاوەڕوانی)ـەکەی خالید کۆچەری شاعیر دەقێکی تەواو ڕۆمانسی و نوستالۆژییە؛ دەقێک کە تێیدا (یاد، جەستە، چاوەڕوانی، شیعر) بە شێوەیەکی ناسک و هەستیار ئاوێته‌ی یه‌كدی دەبن. ئەم ده‌قه‌ لە بنەڕەتدا گەڕانەوەیە بۆ ساتێکی پیرۆزی ئاشقانە؛ ساتێک کە شاعیر هەوڵ دەدات لە ڕێگای زمان و بیرەوەرییەوە لە مه‌رگی کات ڕزگاری بکات. ناونیشانی (چاوەڕوانی) خۆی ئاماژەیە بۆ بارێکی دەروونی کە لە ئەدەبی ڕۆمانسیدا زۆر گرنگە؛ چونکە ئاشق هەمیشە لە دۆخی چاوەڕوانیدا دەژی، تەنانەت کاتێک ژوانیش ڕووی داوە دەقەکە بە وێنەی (کۆڵانی یادەوەرییەکان) دەست پێ دەکات؛ وێنەیەک کە زۆر قوڵە لە ڕووی فەلسەفییەوە. (کۆڵان) لێرە تەنها شوێنی هاتووچۆ نییە، بەڵکو بۆتە ئارشیفی یاد و خۆشەویستی. شاعیر دەڵێت: (ڕێگا دوورەکانیان نزیکتر دەکرده‌وه‌ لە یەکتر) واتە بیرەوەری توانای ئەوەی هەیە سنووری دووریی کات و شوێن ببه‌زێنێت ئەم بیرۆکەیە لە ئەدەبی نوستالۆژیدا زۆر دیارە؛ کە(یاد) دەتوانێت ئەوەی لە ڕاستیدا دوورە، لە هەستدا نزیکی بکاتەوە.
(چاوی نیشتمانی شیعرم) یەکێکە لە قووڵترین هێماکانی دەق. شاعیر چاوی یار بە (نیشتمان) دەچوێنێت. نیشتمان لە هەستی مرۆڤدا شوێنی ئارامی، ناسنامە و گەڕانەوەیە؛ بۆیە کاتێک چاوی یار دەبێتە (نیشتمانی شیعر) واتە شاعیر لە چاوی ئەو ژنەدا مانای ژیان و سەرچاوەی شیعری خۆی دەبینێت. ئەمە شێوازێکی تایبەتی (کۆچەر) ـە کە خۆشەویستی بە بوونێکی نیشتمانیی و پیرۆز وه‌سفده‌كات
بەکارهێنانی «ماچ» لەم دەقەدا زۆر گرنگە، چونکە ماچ تەنها کردارێکی ئاشقانە نییە؛ بەڵکو زمانێکی ناخ و ڕۆحییه‌. کاتێک دەڵێت: (دەمیشمان لە لێوی یەکتر نەدەبووە) شاعیر هەوڵ دەدات ساتێک لە تێكه‌ڵبوونی تەواوی ئاشق و مەعشوق نیشانبدات؛ ساتێک کە تێیدا سنووری نێوان (من و تۆ) لادەچێت. ئەم بیرۆکەیە زۆر نزیکە لە فەلسەفەی ڕۆمانسی، کە خۆشەویستی وەک تێکڕژانی دوو بوون دەبینێت.
شاعیر له‌ کۆتاییی دەقەکەدا ده‌ڵێت: (ئەویتریان بۆ تۆ جێ دێڵم، لە دەفتەری بیرەوەرییەکانتدا بیاننووسەوە) هەڵگری واتایەکی زۆر قوڵە. شاعیر لێرە دان بەوەدا دەنێت کە هیچ بیرەوەرییەک بە تەواوی ناگوترێت. هەمیشە بەشێک لە خۆشەویستی نه‌وتراو نابێت و دەبێت لە ناو (دەفتەری یاد)دا بمێنێتەوە. (دەفتەری بیرەوەرییەکان)یش هێمای په‌ناگه‌ و نەوای ڕۆحە؛ شوێنێک کە مرۆڤ ساتە پیرۆزەکانی تێدا پاراستووە.
ئەم شیعرەی (کۆچەر)ده‌قێكی ناسکی ڕۆمانسییە کە تێیدا (چاوەڕوانی و یاد) بوونەتە شێوازی مانەوەی خۆشەویستی. شاعیر لە ڕێگای زمانێکی سادە بەڵام پڕ لە هێما، هەوڵ دەدات ئەو ساتانەی کات دەیانکوژێت، لە شیعر و یاددا زیندوویان ڕابگرێت.