بەهزاد حەوێزی
کات بەسەرچوو
نەمانتوانی وەکو خانەخوێیەکی دڵنەرم
میوانداریی ئەوین بکەین
تەنیا شەوێک
بەیەکەوە بخەوین
دوا خەونی خۆمان بۆ دواڕۆژ بەجێبێڵین
***
هەست و هۆش و بیر و گیانمان شلوشەکەت بوون
داهێزران
هێندەی پەپوولەی نیگاکان هەڵفڕێنن
کەچی دواجار نەمانتوانی وەکو جاڵجاڵۆکەیەک خانووچکەیەکیان
بۆ بچنین
***
تەمەن بەسەرچوو
بەدەم ئاوڕدانەوەیەک کڵافەی منداڵیی و هەرزەیی و گەنجیمان هەڵکردەوە
نەمانزانی بەسەر چ دەلاقەیەک دەفتەری یاداشتەکانمان هەڵگرتووە
نەمانتوانی گیای نەمری بڕنین

