رۆژنامەی ھەولێر

چەند یادداشتێکی کورت لە ستایشی خوێندنەوەدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەمیشە و بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبمەوە کە ئێمە بۆچی بخوێنینەوە؟ خوێندنەوە چیمان پێ دەبەخشێت؟ من پێشتر چەندینجار بە شێوەی جیاجیا و لە بۆنەی جیاجیادا وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. بەڵام حەز دەکەم ئەمجارەش کەمێکی دیکەی لەبارەوە بدوێم.

سەرەتا دەمەوێت نموونە لە دیالۆگێکی گرنگ و کاریگەریی دوو کاراکتەری ڕۆمانی “قومری و قومری” تەحسین یوجەل بهێنمەوە کە سامان کەریم کردوویەتی بە کوردی. لەو دیالۆگەدا کە لە نێوان دوو خانم دایە، کە یەکیان خوێندەوار و خوێنەرە و ئەویتریان نەخوێندەوارە. توناخانم، کە ئافرەتە خوێندەوارەکەیە خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە و ماڵێکی جوان و کەشخەیە، هەر بۆیە خزمەتکاری گرتووە. “قومری” خزمەتکاری ماڵی توناخانمە. قومری ڕۆژێک سەرنج دەدات توناخانم کتێب دەخوێنێتەوە و پێی سەیر دەبێت و دەپرسێت “تونا خانم بۆچی دەخوێنیتەوە؟ تاکو ئێستا هەر بۆ قوتابخانە دەچیت؟” قومری پێیوایە خوێندنەوە تایبەت بە خوێندکاران و مامۆستایان، هەر بۆیە توناخانم سەرسامانە سەیری دەکات و دەڵێت “مرۆڤ تەنها لەبەرئەوە کتێب دەخوێنێتەوە ، بۆ قوتابخانە دەچێت؟” قومری لە وەڵامدا دەڵێت “مرۆڤ ئەگەر بۆ قوتابخانە نەچێت، بۆچی دەخوێنێتەوە؟ تۆ هاوسەرگیریت کردووە و مێرد و ماڵ و هەموو شتێکت هەیە.” تونا خانم بیر لە قسەکانی قومری دەکاتەوە و هاوکات بیر لە پرسیاری بۆچی دەخوێنمەوەش دەکاتەوە و لە وەڵامدا بە قومری دەڵێت “لەبەرئەوە دەخوێنمەوە، تا لە شوێنی خۆمەوە بۆ شوێنگەلی تر بچم، بەڵێ دەتوانرێت وا بوترێت: تا لە شوێنی خۆمەوە بۆ شوێنگەلێکی تر بچم.”
ئەم دیالۆگەی نێو ئەم ڕۆمانە، چەندە سادەیە، هێندەش گرنگە، چونکە وەڵامی پرسیارێکی گرنگ دەداتەوە، کە زوو زوو لە خوێنەران دەکرێت. توناخانم لە ڕۆمانەکەدا خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزە و نووسەر دەیەوێت لەڕێی بوونی ئەو کتێبانە و خوێنەربوونییەوە ئەو بەهێزییەی پێ ببەخشێت، چونکە بەهێزی لەخۆوە دروست نابێت پێویستی بە باکگراوندێک و هۆکارێک هەیە، کە لێرەدا نووسەر کتێبەکان و خوێنەربوونی تونا-ی کردووە بە خاڵی بەهێزی ئەم کەسایەتییە. هەر بۆیە لە ڕۆمانەکەدا توناخانم فریوی دیوە فریودەرەکەی مۆدێرنە ناخوات، وەکو چۆن قومری عاشقی سەلاجە و شتەکانی دیکەی نێو جیهانی مۆدێرن دەبێت و لە کۆتاییدا بە چارەنووسێکی غەمگین دەکات.
لێرەوە دەتوانین بڵێین هەر مرۆڤێک دەتوانێت ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت لە خوێندنەوە، بۆیە دەشێ هەمیشە وەڵامەکان بۆ هەمان پرسیار جیاواز بێت، چونکە هەر خوێنەرە و ئامانجێکی دیاریکراوی هەیەو خوێنەری بێئامانح خوێنەرێکی سەرگەردانە.
کاتێک بۆ یەکەمجار دەستم بە خوێندنەوە کرد، تاکە ئامانجێک کە هەمبوو ئەوە بوو لەو دونیایە ڕابکەم کە بەسەرمدا سەپێنرا بوو. واتە خەونی ئەوەی بەر دونیایەکی دیکە بکەم، ئامانجی سەرەتایی خوێندنەوە بوو، (یان تونا گوتەنی لە شوێنی خۆمەوە سەفەر بکەم). لە قۆناغەکانی دواتردا ئامانجەکان گەورەتر بوون، خەونی ئەوەی ئەو کۆتوبەندانە بپسێنم کە کۆمەڵگە و کولتوور و ئایدۆلۆژیاکان بۆم دروست دەکەن. کاتێکیش زیاتر و زیاترم خوێندەوە ویستم بگۆڕێم، لە مرۆڤێکەوە کە تاکە دیدگایەکی هەیە ببمە مرۆڤێک دونیا لە یەک پەنجەرەوە نەبینێت.
ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەیت کتێب چیمان لا دروست دەکات، یەکەم ئەرک کتێب پرسیار دروستکردنە لە هزری خوێنەردا. هاوڕێیەکی خوێنەر کە ماوەیەک لەمەوبەر گفتوگۆمان لەبارەی خوێنەربوون و نووسەربوونەوە دەکرد ئەو گوتی “خوێندنەوە بۆ من تەنها پرسیارکردن نییە، بەڵکو لەگەڵ پرسیاردا چێکردنی بیری ڕەخنەیی و هاوکات تێڕامانە لە هەموو شتێک، بە کوردبوونیشەوە.”
خوێندنەوە تەنها یەک دەرگا ناکاتەوە، ئەگەر کتێبگەلێک تەنها یەک دەرگا بۆ خوێنەر واز بکەن، ئەو کتێبانە لە کتێبە مەترسیدارەکانن، بەڵام کتێبە ڕاستەقینەکان هەم دەرگای زۆر واڵا دەکەن و هەم بە پێگەی خۆمان ئاشنا دەکەن. مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی و نەتەوەکەی بناسێت خوێنەربوون ڕێگە ڕەسەن و ڕاستەقینەکەیە. واتە خوێنەربوون جگە لەوەی مرۆڤ لە شوێنی خۆیەوە بۆ شوێنگەلی تر دەبات وەکو لە نموونەکەی توناخانم ئاماژەمان پێدا، دەتوانێت بیریی ڕەخنەییش دروست بکات، چونکە خوێنەرەکان هەمیشە لە یەک پێستدا نامێننەوە، ئەوان بەردەوام لە گەورەبوون و پێگەیشتندان.
هاوڕێیەکی خوێنەرم ئەوەی بۆ باسکردن ئەگەر مانگێگ نەخوێنێتەوە هەست بەوە دەکات تووشی چەقبەستن و وەستان دەبێت، گوتیشی “هەست دەکەم تەمەنیشم دەوەستێت، چونکە هیچی نوێ فێرنابم، کە بۆ داهاتووم سوودمەند بێت.” ئەو گوتی “هەموو ئەوەی بەشی زۆری کەناڵە میدیاییەکان و سۆشیال میدیا پێم دەدات زانیاریی ڕۆژانە و شتی فریودەرن، بەڵام ئەوەی کتێب پێمدەدات مەعریفەیە، کە بۆ هەمیشەیی سوودمەند دەبم لێی.
کتێبەکان بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین گەورەمان دەکەن، کامڵترمان دەکەن، ژیاندۆستترمان دەکەن. هاوکات دیدگای ڕەخنەیی و پرسیاریی هەمیشەییمان تێدا دەچێنن.
کتێبەکان بەبێ ئەوەی منەتمان بەسەردا بکەن، هەر کاتێک بیانخوێنینەوە شتی نوێمان پێ دەدەن و لە هەموو زەمەنێکیشدا نوێن. هەر ئەمەشە ڕۆحی خوێنەرەکان هەمیشە بە نوێی دەهێڵێتەوە، هەر بۆیە گرنگە ستایشی خوێنەرەکان بکرێت، چونکە ئەوان ڕۆحە زیندووەکەی کۆمەڵگەن.