رۆژنامەی ھەولێر

سەردەمی قەیرانی مانا و تامی ژیان

پ.د. نەزاکەت حسێن
قەیرانی مانا، رەنگە دەستەواژەیەکی نوێ بێت بۆ ژیانی مرۆڤەکان بەکار بێت، لەو چەمک و زاراوانەن کە تەکنەلۆجیا و ژیانی گریمانەیی بەرهەمیان هێناوە. بەو واتایەی بەدوای چەمک و پێناسی نوێین بۆ شتەکان، بۆ ژیان بۆ مرۆڤەکان بۆ شێوازی ژیان، کە سەردەمی دیجیتاڵی و پەیوەندیە دیجیتاڵیە بێهەستەکان و تەکنەلۆجیای زیرەک بۆی رەخساندووین. ئەوسا وشەی قەیران یان هەڵاوسان رەنگە زۆرترین کات بۆ بواری سیاسی و ئابووری بەزۆری بەکار هاتبێت، کەمتر بۆ بواری تری کۆمەڵایەتی و سۆسۆلۆژی بەکار هاتووە.
لە سادەترین پێناسەوە بۆ قەیرانی ‘مانا’ بڕۆین کە مەبەستمان چیە لەم چەمکە لەم وتارەدا، بریتیە لە’ قەیرانی مانا بۆ ژیان و تامکردنی ژیان؛ ‘تامی ژیان مرۆڤ دەیکات، چ کات دەیکات؟ کەی دەیکرد؟ ئێستا بۆ نایکات؟ شیکارێکی کورتی ئەم بابەتەیە. سەرەتا با بێین بەراوردێکی کورت و سادە بکەین لەنێوان تاکەکانی ئەمڕۆ و ئەوتاکانەی رابردوو کە تامی ژیانیان دەکرد، تاکەکانی ئەمڕۆ دەتوانن پەیوەندییان هەبێت بە ژمارەیەکی فراوانی مرۆڤەوە لە پارچەکانی جیهاندا و بە ئاسانی دەستیان بگات بە هەموو زانیاریەک، دەرفەتەکان یەکجار زۆرن لە بەردەستیاندا کە هەرگیز بە خەویش بیریان لێ نەکردووەتەوە، ئامرازەکانی بەردەستیان تەواوی کارەکانی بۆ ئاسان کردوون، بەڵام ئەمە هەستی گۆشەگیری و تەنهایی و ‘خاڵیبوون’ـی لا دروست کردوون، دەبێت لێرەدا شتێکی جەوهەری ون بێت، کەمرۆڤ لەم دەرفەت و پەیوەندیە فراوانە هەستی تەنهایی و خاڵیبوونی بۆ دروست دەبێت و تام و مانای ژیان نازانێت، دەتوانیت سەیری خۆت بکەیت، کاتێک بۆ یەک چرکە تەکنەلۆجیای پەیوندیەکانت دەپچڕێت و دادەبڕێت لە پەیوەندیە ئۆنلاینەکانت لەو کاتەدا ‘خاڵیبوون، بێزاری و بێدەنگیت’ بۆ دروست دەبێت بەخێرایی، خاڵیبوون بەو مانایەی واهەست دەکەیت ئیتر هیچی تر نیە بیکەیت و کەس نەما قسەی لەگەڵ بکەیت و تەنها کەوتوویتە، ئەمە هەمووی روو دەدات بە خێرای کاتێک پەیوەندیە دیجیتاڵیەکەت بەهۆی کێشەیەکەوە یان پچرانی هێڵی ئینتەرنێتەکەت رادەوەستێت بۆ یەک چرکە. خەیاڵ بکەینەوە بۆ سەردەمەکانی ناوەڕاست، خەڵک کاری قورسی دەکرد لەبەر هەتاو، باوباپیرانمان کاریان دەکرد لە ناو کێڵگەکان، دروێنەیان دەکرد لەبەرهەتاو بەدەست، ژیان قورس بەدەست دەهات بە قوربانی، تووش دەبوون بە نەخۆشی مەترسیدار و مردنی پێش وەختە، بەڵام دەیانزانی شوێنیان چیە لەم جیهانە، باوەڕیان بە چ خوایەک هەیە، هاوسەرگیری لەگەڵ کێ دەکەن، بەڵام ئەوان شتێکیان هەبوو ئێمە ونمان کرد، ئەوان دەیانزانی کێن، ئامانجیان چیە، چ ژیانێک پێشبینی دەکەن بۆ خۆیان. هەموو جووڵەیەکی جەستە و هێز و بازویان دەیانزانی مانای چیە، هەموو وەرزێک ئاو و هەوایەکی تایبەتی بۆ دەهێنان و جۆرێک لە بەروبووم و میوەی تایبەتی بۆ دەهێنان، جۆرێک لە ئەرک و کاری بۆ دروست دەکردن. هەموو پەیوەندیەکیان گەرەنتی و جێگیر بوو، پەیوەندەی کۆمەڵایەتیەکان کە تامی بەجێ دەهێشت بۆ نەوەکان، رەنگە لە گەنجیدا بمردنایە بەڵام دەیانزانی بۆ چی دەژین، ئەمە بەراورد بکە بە گەنجی ساڵی ٢٠٢٤ کە دەگات بەزانیاری زیاتر لەهەموو سەردەمی ئیمپراتۆرەکان، پەیوەندی دەکات بە ژمارەی یەکجار زۆر خەڵک لە جیهان، دەرفەتی ئیشکردنی زۆر زیاترە لە دەهەی رابردوو، بەڵام هەموو بەیانیەک هەڵدەستێت دەبێت ناسنامەی خۆی بپارێزێت لە روشان، هەوڵ دەدات خۆی پێناسە بکاتەوە کێیە؟ شوێنی چیە لەم ژیانە، نازانێ چۆن بڕیار بدات، کامە باوەڕ هەڵبژێرێت لە نێوان هەزاران ئایدیا و ئۆفەری دیجیتاڵی، بڕیار بدات لەنێوان هەزار ئیش کامە باشە پێش ئەوەی تەخەڕوج بکات، چۆن مامەڵە بکات لەگەڵ پەیوەندیە شلە نەگیرساوە ناجێگیرە گریمانەییەکاندا؛ خۆشەویستی و پەیوەندیە رۆمانسیەکان دەبێت پێناسە بکاتەوە، تەمەنی لە نەوەدەکانە بەڵام وادەزانێت زۆر ژیاوە، ژیان زۆر درێژە و بۆی تەواو نابێت، بەتەواوەتی ئەوەیان ون کردوە کە چی بکەن لەگەڵ ژیاندا. ئامێری زۆر پێشکەوتومان بەرهەم هێناوە بۆ پەیوەندیەکانمان ئاپمان هەیە بۆ پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە بەڵام ریکۆردی بەرزی تەنهاییمان تۆمار کردووە، بەو ئامێرەی ناودەستمان دەچینە تەواوی کتیبخانەی مرۆڤایەتی بەڵام توانامان بۆ تەرکیز دابەزیوە.
دەرمانمان بەرهەم هێناوە بۆ چارەسەری سترێس و دڵتەنگی، بەڵام هۆکارەکانی تووش بوون بە سترێس زۆر زیاترە لە توانامان بۆ بەکارهێنانی چارەسەرەکان، گرفتەکەش ئەوەیە تاکە تەکنیکێک نیە بۆ چارەسەری قەیرانی مانا و سۆز.
کاتێک تووشی قەیرانی دارایی دەبین چارەسەرەکەی ئاسانە، پارە زیاتر دروست دەکەین، قەرزدان کەم دەکەینەوە، داهات زیاد دەکەین. کاتێک جیهان تووشی کێشەیەکی حوکمڕانی دەبێتەوە هەوڵ دەدەین هاریکاری بکەین دەتوانین سەربازەکانمان ئامادە بکەین و، هتد.
بەڵام چی دەکرێت کاتێک ملیۆنان مرۆڤ تووشی ئەوە دەبن لەیەک کاتدا کە مانای ژیان ون دەکەن.
رووبەڕووی ئاڵنگاریەک دەبینەوە چۆن مامەڵەی ئەمە بکەین، بەڵام دەبێت دانیشین گفتوگۆ بکەین چۆن بژین نەک تەنها ئامێر و تەکنەلۆجیا بەرهەم بێنین.
ئەمە ئەو قەیرانە نیە کە لەگەڵ چارەسەربوونی قەیرانی سیاسی و ئابووریدا ئەویش چارەسەر ببێت، ئەمە قەیرانی ‘مانا’یە، بەردەوامیش قووڵ دەبێتەوە. داتاکان دەریان‌خستووە کە رێژەی خەمۆکی بەردەوام زیاد دەبێت لە ناو ئەو کەسانەی کە زانیارییان هەیە لە رووی تیۆریەوە کە چی ژیانیان دڵخۆش دەکات، بێزاری و بێتاقەتی رێژەکەی بەردەوام بەرز دەبێتەوە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان، رێژەی خۆکوشتن بەردەوام بەرز دەبێتەوە لە ناو ئەو کەسانەی ئاستی خوێندەوارییان بەرزە و داهاتی باشیان هەیە. ئەمە هێشتا سەرەتایە، تەکنەلۆجیا کە ویستی ئێمە ئازاد بکات داخڵی کردین بە ژیانێک کە زۆر زووە بۆ تێگەیشتن لێی. سەدەیەک هەوڵ درا کۆمەڵگەیەک بەرهەم بێت نەوەکان ئاسوودە بن تیایدا، بەڵام پێچەوانەکەی دروست بوو.
فەلسەفەکان بۆ ژیان تووشی هەڵاوسان بوون، لە نموونەی دین کە ئایدیای وای دابوو بە مرۆڤایەتی کە ناخۆشیەکانی ئەم ژیانە دەبێتە هۆکاری ئاسوودەیی و مانەوەی ژیانی ئەبەدی. کاپیتاڵیزم کە وای وێنا کردبوو کە کارکردنی باش ژیانێکی باش دابین دەکات، نەشناڵیزم کە دەیوت قوربانیدان بۆ نیشتمان دەبێتە مایەی شکۆ و سەربەرزی بۆ وڵاتەکە؛ سۆسیالیزم ئەوەی پێ دەوتین کە رابردوو ژیان سەخت بوو، بەڵام دەبویە بناغە بۆ ئاسوودەییی ئێستا و داهاتوو، ئێستا هەموو ئەم فەلسەفانە تووشی هەڵاوسان بوون بۆ ئەمڕۆی ژیانی گەنج ناگوجێن وکاری پێ ناکرێت. کەواتە لێرەدا شتێکی جەوهەری ونە، ئەویش ئەوەیە قەیرانی سۆزداری و تام و چێژکردن لە ژیانمان ون کردووە. تەکنەلۆجیا و ژیانی گریمانەیی دەروونی و سایکۆلۆژی نەخۆشی خستین ئەندێشەمانی ماندوو کردوە، کە چەندە ژیان پڕە لە دەرەفت، لە شت لە خۆشی، کەچی تاکەکان تامی ناکەن، هێشتا سەرەتایشە؛ یوڤاڵ نوح هەراری فەیلەسوفی سەردەمی ئەم بوارە دەڵێت ‘نابێ بڵێین زووە، لێگەڕێین کە تەکنەلۆجیا بەم شێوە ژیانمان وێران بکات، چارەسەر ئەوەیە دەبێت کۆ بینەوە، لانی کەم ئەوانەمان لەم مەترسیە تێگەیشتووین پێکەوە لینک دروست بکەین گفتوگۆ بکەین، ئەوەتا هەموو ئەلگۆریتمێک کە ئێمە بە تەنها ئەزموونی دیجیتاڵی بکەین داماندەبڕێت لە ژیانە واقعیەکە، هەموو شاشەیەک کە دەبێتە نێوەند لەوە کەم دەکاتەوە کە تۆ پەیوەندیەکی رەسەنی کۆمەڵایەتی دروست بکەیت.”
چارەسەری دەبێت ئەوەبێت فێر بین کە ئەو شتانەی فشارەی لەسەر دروست کردووین کەمی بکەینەوە، بتوانین پەیوندیەک بۆ نێوان مرۆڤەکان بدۆزینەوە کە پشت نەبەستێت بە تەکنەلۆجیا، جۆرێک لە رێچکە و نەریت دابنێین کە لایەنی سۆزداریمان جێگیر بکات و هەموو دامەزراوەکان بەکاری بێنن، رەنگە چارەسەرەکە ئەوە بێت لە کۆتاییدا کە پێویستمان بە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە نەبێت کە ژیان مانای چیە؟ ئەمە باشترە وەک لەوەی بوەستین لەوە زیاتر خەڵک تووشی قەیرانی سۆزداری ببێت، بەڵکو کار بۆ بارێکی جێگری سایکۆلۆژی بکەین.
یوڤاڵ نوح هەراری دەڵێت ‘نابێت راوەستین تاکو دامەزراوە نەریتیەکان هەڵاوسان بکەن، بەڵکو فۆرمی نوێی دامەزراوە بەرهەم بێنین، هەرچەندە ئەمە نابێت بە شکستی مرۆڤ بزانین ئەم قەیرانە’مان’ یان روونتر بیڵێین بۆشایی سۆزداریەی ٢٠٢٦ رەنگە ئازاری لەدایکبوونی شارستانیەکی نوێی مرۆڤایەتی بێت، ئەم قەیرانە نیشانەی شکستی مرۆڤ نیە، بەڵکو یەکەم جارە مرۆڤ سەرکەوتن بەدەست دێنیت کە پشکنینی کێشەیەکی مرۆڤایەتی بۆ ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ کردووە لە جیهاندا.
دەبێت پێناسەی بکەینەوە مرۆڤ مانای چیە، ژیان چیە، ئێمە تەنها جەستە نین بەڵکو رۆحیشین، دەبێت ئەو داهێانە بکەین ئەو توانا بەرزەی تەکنەلۆجیا تێکەڵ بکەین بە هەست و سۆز و هۆش، ئەم سەردەمە رەنگە روویەکی شارستانی مرۆڤایەتی بێت کە ئێمە ئاوێتەی تەکنەلۆجیا بکەین بە هەست و سۆزو رۆح”.
دەبێت کۆ ببینەوە، گفتوگۆ بکەین، رێگەیەکی میهرەبانی هەست و هۆش بنیاد بنێین بۆ رزگاربوونی مرۆڤەکان لە قەیرانی تامی ژیان و بێهەستی و هەستی نامۆیی وخاڵیەتی. بەڵام یەکەم جارە لە مێژوودا کە بە هۆشەوە تێدەگەین لەم قەیرانە رووبەڕوومان بووەتەوە، بگەڕێین بۆ چارەسەری، وا بە خێرایی.