رۆژنامەی ھەولێر

یەکی ئەیلوولی ١٩٩٤

حەمەسەعید حەسەن
خۆم گۆڕی خۆم هەلدەکەنم
لانکەیەکم دەیان ساڵە
چەقۆ و خەنجەر ڕادەژەنم

١٩٨٩ دوو برای، لە زیندانی ئەبووغرێب لە سێدارە دەدرێن. هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان بە براژنەکانیشییەوە، بۆ باشووری عێراق دوور دەخرێنەوە. پێش ڕاپەڕین دوو جار دەستگیر دەکرێت. ١٩٩٣ کۆشیعرێکی سی و چوار لاپەڕەیی: (ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن) بڵاو دەکاتەوە.

لە یەکی ئایاری ١٩٩٤دا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، لە یاریگای سلێمانی کۆبوونەوەیەک ساز دەکات، تێیدا ئەبووبەکر عەلی لەبری دانیشتووانی گەڕەکی حامیە دەپەیڤێت و بە دەسەڵاتدارانی شار دەڵێت: (ئێوە نەک هەر ژیانێکی گوڵینی وەک ژیانی خۆتانمان بۆ دابین ناکەن، ئەوەتا لێ ناگەڕێن، ژیانێکی قوڕینیش بەسەر ببەین.) ١٦ی ٨ی ١٩٩٤ ئاسایش دەیگرێت، بە سەختی ئەشکەنجە دەدرێت، لە یەکی ئەیلوولی ١٩٩٤دا، لە شەقامی بێسارانی کە دەکەوێتە نێوانی باخی گشتی و یانەی فەرمانبەرانەوە تیرۆر دەکرێت. ساڵێک بەسەر مەرگیدا تێناپەڕێت، دایکیشی سوێی دەبێتەوە.

تۆیش هەر وەکوو
کچانی تری شاتەکەم
با نیت، شنەی
چەم نیت، زنەی
شەستەباران نیت، پڕووشەی
تەنیا درۆ و عەتر و بۆیە و
بووکەشووشەی

لە گڵی واقیع جۆرە گۆزەیەکی چێ دەکرد، هەر لە گۆزەی شەرابی خەیام، یان گۆزەی سەر شانی کچی شیعری گۆران دەچوو. کە شیعرەکانی دەخوێنییەوە، چونکە لە دڵێکی پاکژەوە هەڵدەقوڵان، هەر لە کۆپلەی یەکەمەوە سەرنجیان دیل دەکردی. شیعرێکی دەنووسی، نەتدەتوانی شاعیرەکەیت خۆش نەوێت، ئاخر هەر زوو دەکەوتییە بن هەژموونی ئەفسوونی شێوازی دەربڕینییەوە. شیعرێکی دەنووسی، دەتگوت قسەی دڵی تۆ دەکات و تۆیش لە نووسینیدا بەشداریت.

لە یەکی ئەیلوولی ١٩٩٤دا، ئەویش لەگەڵ خەڵکی خانووە بێتاپۆکانی حامیەی سلێمانیدا، بە ئومێدی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان، لەبەردەم باڵاخانەی پارێزگادا ئامادە دەبێت. پاسەوانەکان بەو بیانووەی نوێنەری خەڵکە وگوایە بۆ گوتوبێژ بۆ لای پارێزگاری دەبەن، بە زۆرەملێ پێش خۆیانی دەدەن، ئەویش چونکە پێشتر زەبریان لێ وەشاندبوو، لە دەستیان هەڵدێت. پاسەوانەکان وەک بڕیاری کوشتنی ئەو شاعیرە هەژارەیان پێ بووبێت، بە تەقە هەڵی دەبڕن و برینداری دەکەن. بەوەندە لێی ناگەڕێن، دەگەنە سەری و دەیکوژن.

دەیکوژن و بە مەرجێک تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری دەکەنەوە بە هێمنی بینێژن. دوو گولـلەی پێوە دەبێت، یەکێکیان بە پشتییەوە و ئەوەی تریان بە ناو دەمییەوە، ئاخر داکۆکیی لە هەژاران دەکرد، کە تاوانێکە دەکەوێتە خانەی دەمدرێژییەوە! مەرگی ئەبووبەکر عەلی هەر لە مەرگی لۆرکا دەچوو. لۆرکا وەکوو منداڵ هیچ گوناهێکی نەبوو، کەچی هەر کە فاشیستەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، گرتیان و بردیان و کوشتیان.

من دەڕۆم و
تکایە پێی بڵێن ئیتر
بە دیدارم ناگاتەوە
وەک چەم دەڕۆم
چەمیش ئاوڕ ناداتەوە
*