وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند؛ لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە هەنگاوە کردەییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان دەستیان پێکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کارە لەپێشینەکان، چاپکردنی کتێبی نوێ بووە کە نزیکەی 20 ملیۆن کتێب چاپ کراون. راشیگەیاند: “تا ئێستا 90٪ـی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان، ئەگەر بارودۆخەکە رێگر نەبێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 99٪ـی کتێبەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان.” هەروەها گوتیشی: 264 کۆنتێنەری کەلوپەل گەیشتوونەتە پەروەردەی شارۆچکەکان و پرۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکان بەردەوامە.
سەبارەت بە ریفۆرم لە کەرتی پەروەردە، ئالان حەمە سەعید جەختی لە پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی کردەوە لە رێگەی زیادکردنی پەیمانگا و ئامادەییە پیشەییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئینگلیزی لە ناوەندەکانی خوێندندا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، 32 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵ ئامادەکراون، کە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بوون 8 لە سلێمانی، 6 بۆ 8 لە هەولێر، 8 لە دهۆک، یەک لە ڕاپەڕین، دوو لە گەرمیان و دوو لە زاخۆ. سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنیش، گوتی: “نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دابینکردنی نەوت، هەروەها رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تری ئەو باڵەخانە نوێیانە.”
وەزیری پەروەردە رایگەیاند؛ سبەی، 1ـی ئەیلوول، مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە و پرۆسەیەکی فراوانی ڕاهێنان دەستپێدەکات. “بۆ ماوەی 19 رۆژ پرۆسەی راهێنان بەردەوام دەبێت، تێیدا هەر مامۆستایەک 5 بۆ 6 رۆژ راهێنان لەسەر بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت.”
بۆ ئاسانکاری مامۆستایانیش، وەزارەت بڕیارێکی دەرکردووە، هەر مامۆستایەک نیشتەجێی دەرەوەی شار بێت، دەتوانێت لە نزیکترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەشداری خولەکانی راهێنان بکات پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆیان.

