رۆژنامەی ھەولێر

یانەی هەولێر، لە یارییەکی گرنگدا ڕووبەڕووی مینای بەسڕە دەبێتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە گەڕی چوارەمی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆی ڕووبەڕووی یانەی مینا دەبێتەوە، کە تا پێش دەستپێکی یارییەکانی گەڕی چوارەم، بە ٧ خاڵ لە ڕیزی چوار یانەکەی ڕیزبەندیی پێشەوە بوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، کاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو، لە یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریریی تایبەت بە یانەی هەولێر، یانەی هەولێر ڕووبەڕووی یانەی مینا دەبێتەوە، لە کاتێکدا یانەی هەولێر بە ئاستێکی باش دەردەکەوێ و بەختی خراپی نەیهێشت سێ خاڵی یارییەکەی جەوییەش مسۆگەر بکات، دەنا ئێستە خاوەنی ٩ خاڵ و پێشەنگی خولەکە دەبوو. میناش ئاستێکی بەرزی هەیە تا ئێستا و خاوەنی ٧ خاڵە، بۆیە یانەی هەولێر دەیەوێ مینا ڕابگرێ و ببێتە خاوەنی ١٠ خاڵ و بچێتە پێشەنگی خولەکە.
ئەمڕۆ هاندەرانی یانەی هەولێر بە جۆش و خرۆشەوە دەچنە یاریگە بۆ هاندانی یانەی شارەکەیان، کە بە یانەی ئیمپراتۆر ناسراوە و خاوەن چوار ناسناوی خولی عێراقە.
هاوکات هاندەرانی یانەی هەولێر، بە خەمبارییەوە دەچنە یاریگەکەیان، دوای ئەوەی یەکێک لە سەرسەختترین هاندەرەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد، کە کۆڤان نەوزاد بوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ناسرابوو.
لە یارییەکی دیکەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەر ئەمڕۆ یانەی تەڵەبە کاتژمێر ٠٦:٤٥ی ئێوارە، ڕووبەڕووی یانەی نەفت دەبێتەوە.