رۆژنامەی ھەولێر

لە کتێبی ژینگە و پەروەردە و خوێندندا

 

 

خوێندنەوە: جەمال گردەسۆری

لە ناوەندەکانی خوێندندا تەندروستی و خواردن و پاکوخاوێنی و ژینگەیەکی گونجاو کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر بیرکردنەوە و گەشە و تەندروستی و دەرووندروستیی قوتابی، چونکە پاراستنی تەندروستی قوتابی تەواوکەری ئەو ڕێگا دوورودڕێژەیە لە ناوەندەکانی خوێندن لە سەرەتادا بە چەند بابەتێکی سادەو ساکار دەست پێ دەکات بەڵام دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ لەشساغی و تەندروستباشی.
ئەوانیش بریتین لە: قوتابی فێربکرێت کە لە توالێت دەرچوو دەستی خۆی بشوات، خواردنی باش و تەندروست بخوات، دوور بکەوێتەوە لە خواردنی ناتەندروست و سەرعارەبانە، چونکە لە سەرەتا و کۆتایی قوتابخانە فێرگە ماڵی قوتابییە، لایەنی تەندروستی هەمیشە دەبێت بە گرنگی و بایەخەوە تەماشا بکرێت و بە کردار لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابی و کارگێڕی قوتابخانە ڕەنگ بداتەوە.
با ئەوەش لەبیر نەکەین تەندروستیی قوتابخانەکان لە یەک لایەنەوە سەیر ناکرێ و تەنیا لە باڵەخانەیەکی جوان و پاک و خاوێنی پۆلەکان خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو بەشێکە لە بەردەوامی پەروەردەی باش، چونکە کاتێ قوتابی هەوڵی خۆدۆزینەوەی دا لە فەرهەنگی ژینگەیەکی لەبار و تەندروستی باش ئەوا کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر فێربوون و تێگەیشتنی قوتابی، بۆیە دەتوانین بڵێین تەندروستی قوتابی لە قوتابخانەکان بابەتێکی گرنگەو پێویستە سەرجەم هەوڵ و پەیامەکان لە چەندین هەنگاوەوە کاری لەسەر بکرێ، یەکێک لەو بوارانە لایەنی چاپەمەنی و کتێبە، هەرکتێبێک لە چوارچێوەی پەروەردە و تەندروستی بەچاپ بگەیەندرێت جێگەی بایەخ و پێزانینە، چونکە کتێبخانەی کوردی لەم لایەنە زۆر هەژارە، ڕاستە هەوڵی لابەلا هەن بەڵام بەو ڕێژە و بەو جۆرە نین کە سودی گشتیی بۆ هەموو لایەک هەبێ.
یەکێک لەو هەوڵانە بریتییە لە کتێبی (ژینگە و پەروەردە و خوێندن) لە نووسینی ئاری ئاغۆک، ڕاستە ناونیشانی بابەت لە بواری ژینگە خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژینگە و تەندروستی پەیوەندیەکی گرنگیان بە یەکەوە هەیە، بۆیە لە ناوەرۆکی ئەم کتێبەدا گرنگیدان بە بابەتی تەندروستیی قوتابخانەکان بەدی دەکرێت، ئێمەش لەو لایەنەوە ڕانان و شیکارییەک بۆ ئەم کتێبە دەکەین، بەشێک لەو بابەت و ووتارانە دەستنیشان دەکەین کە تایبەتە بە تەندروستی قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندندا.

١. گرنگیی تەندروستیی قوتابخانەکان
ناونیشانی ئەم بابەتە لە لاپەڕە ١١ تا ١٦یە، تێیدا نووسەر بە شێوەیەکی گشتی باس لە گرنگیی تەندروستیی قوتابخانەکان دەکات، بێگومان تەندروستباشی قوتابی بەر لە نەخۆشکەوتنیەتی بۆیە تەندروستیی قوتابخانەکان پەیوەندی بە کاتی نەخۆش کەوتنی قوتابییەوە نیە، بەڵکو بابەتێکە بۆ لەشساغی و تەندروست باشی قوتابی لە هەموو قۆناغ و بە هەموو تەمەنێکەوە.
بۆیە لەم لایەنەوە نووسەر لە بەشێکی نووسینەکەیدا بە ناونیشانی (گرنگیی تەندروستیی قوتابخانەکان) دەڵێت؛ قوتابخانە تەنها ڕێگەیەک نییە بۆ فێربوون و زانست و زانیاری، بەڵکو مەڵبەندێکە بۆ گەشەکردنی ئەقڵ و دنیابینی و تەندروستباشی قوتابی بە شێوەیەکی گشتی، بۆیە نابێت قوتابخانە بەیەک ئاڕاستەی دیاریکراو ببەستینەوە، چونکە چەند بابەتێک هەیە پێویستە بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانە هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن، یەکێک لەو بابەتە گرینگانە کە دەبێت لە بازنەی قوتابخانە بایەخی پێ بدرێت ئەوا بریتییە لە چاودێری تەندروستی قوتابی، کە بە تەندروستیی قوتابخانەکان ناسراوە.
-ئەم دەسپێک و باسکردنەی نووسەر دەربارەی تەندروستیی قوتابخانەکان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە گوزارشتە لەوەی نووسەر وەک بەرپرسیاریەتیەکی مرۆیی و کارگێڕی پەیام و ناوەرۆکی ئەم کتێبەی باس کردوە ئەوا ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی تەندروستیی قوتابخانەکانە لە ناوەندەکانی خوێندن ئەویش لە پێناو باشترکردنی فێربوون و تێگەیشتنی قوتابی کە بە هۆیەوە سەرنجی باشتر و توانای فراوانتر دەبێت، لە ئەنجامدا قوتابیەکی تەندروست واتە قوتابخانەیەکی تەندروست و کۆمەڵگایەکی تەندروستباش.
نووسەر لە پەیامەکەی بەردەوام دەبێت و لە بەشێکی تری ناوەرۆکی ئەم بابەتە دەڵێت؛ خاڵێکی تر تایبەت بە تەندروستی قوتابی بریتییە لە باری ژینگەی قوتابخانە کە ئەمانیش بریتین لە (تانکی ئاو، پاکوخاوێنی تەوالێت، شوێنی دەستشوشتنی قوتابی لە ڕووی پاک و خاوێنی و دانانی سابوون، هەروەها ژمارەی قوتابی لە ناو پۆل و هەواگۆڕکێی ناوپۆل، پاکوخاوێنی گۆڕەپان و سەنتەری قوتابخانە) ئەمانە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەوشی تەندروستیی قوتابی هەیە، کاتێ ژینگەی قوتابخانە باش و گونجاو بێت ئەوا بێگومان قوتابی دوور دەبێت لە پەتا و نەخۆشی.
ئەم شیکردنەوەی ئاری ئاغۆک وەک نامەیەکە بۆ کارگێڕی قوتابخانەکان تاوەکو لەگەڵ فێربوون و زانست و زانیارییەوە ئەوا پێویستە بە بایەخەوە لە تەندروستیی قوتابخانەکان بڕوانن چونکە ڕەوشی ژینگەی قوتابخانە یەکسانە بە تەندروستی قوتابی بەشێوەیەکی گشتی.

٢. چۆن قوتابی لە پەتای ئەنفلۆزای وەرزی ئاگادار بکەینەوە؟
ئەم بابەتەش لە لاپەڕە ٤٧ تا ٥٠ بڵاو بۆتەوە، کە تیایدا نووسەر باس لە بابەتێکی گرنگیی تەندروستی قوتابی و قوتابخانە دەکات، ئەویش پەتای وەرزی یە، بەڕاستی ئەمە بابەتێکی گرنگە بۆیە بەشێک لەناوەرۆکی نووسینەکەی بڵاو دەکەینەوە کە دەڵێت: “بەخۆشحاڵییەوە ساڵانە تیمە تەندروستییەکان هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری دەست پێ دەکەن، تا زانیارییەکی باش بگەیەننە مامۆستا و قوتابی بۆ خۆپاراستن لە پەتای وەرزی، ئەمەش وەک لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕی و کاری وەزیفی ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن، بەڵام دەبێت ئەم پەیامە تەنیا لەلایەن تیمەکانەوە نەبێت، بەڵکو پەروەردە و مامۆستا هاوکار بن بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە مرۆییە، چونکە نەخۆشکەوتن و تووشبوونی یەک قوتابی بەم پەتایە، یەکسانە بە نەخۆشکەوتنی سەرجەم قوتابییانی قوتابخانە، بۆیە پێویستە وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی و نیشتیمانی هەموومان هاوکار بین لەو هەڵمەتە هۆشیارییەدا.”
باسکردن و خستنەڕووی ئەم بابەتە گرنگە، بەو مانایە دێت کە لە ناوەندەکانی خوێندندا لە باخچەی منداڵان تا قۆناغی ئامادەیی پێویستە کارگێڕی قوتابخانە ئاگاداری سەرجەم نەخۆشییە گواستراوەکان و پەتای وەرزیەکان بن، چونکە پەتا واتە سەرەتای تووشبوون بە نەخۆشی، جا ئەم نەخۆشییە ئەگەر لە ناوەندەکانی خوێندن بێت ئەوا خێراتر بڵاو دەبێتەوە و کاریگەری لەسەر قوتابی دەبێت، دواجار کار لە پرۆسەی خوێندن دەکات، بۆیە دەستنیشانکردنی ئەم بابەتە گرنگە وەک وەئاگا هاتنەوەیەکی خێرای قوتابی و مامۆستا و خێزانە تا بتوانن زوو پێڕابگەن و بەر لە هەموو شتێک قوتابی تا چاکبوونەوە نەچێتە قوتابخانە، چونکە بۆ تەندروستی خۆی و قوتابی دەوروبەر باشتر و سەلامەتترە.

٣. جگەرەکێشانی مامۆستا لە قوتابخانە
ئەم بابەتە سەرنجی منی ڕاکێشا، کە ناونیشان و ناوەرۆک و پەیام و زەنگێکی مەترسیدارە، دەبێ بەدواداچوونی لەسەر بکرێ، لە لاپەڕە ٧ تا ١٠ ناوەرۆکی ئەم بابەتە بڵاو بۆتەوە، لە گۆشەیەکدا دەڵێت: “کاتێ قوتابی لە قوتابخانە هەڵسوکەوتی مامۆستا دەبینێ ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر رەفتار و بیرکردنەوەی دروست دەکات، جا ئەو هەڵسوکەوتە لە بازنەی باشی و جوانی بێت، یاخود بە پێچەوانەوە، بۆیە لە ناوەندنی خوێندندا چاوەکانی قوتابی هەمیشە لەسەر مامۆستان هەم لە ڕووی پەروەردەوە هەم لە ڕووی فێرکردن و زانست و زانیارییەوە هەرهەنگاوێکی مامۆستا یەکسانە بە کۆپی کردنی هەمان هەنگاو لە بیرکردنەوە و دروستکردنی لەلایەن قوتابییەوە.”
بۆچوونی منیش بۆ ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە پێویستە مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندندا تەنها پەیامی گەیاندنی وانەی زانست و زانیاری نیە، بەڵکو ڕەفتاری مامۆستا، ڕەنگدانەوەی کەسایەتیەکەیەتی، هەرچەندە مرۆڤ ئازادە لە هەر کار و کردەوەیەک کە دەیکات، بەڵام جگەرەکێشان لە حەرەمی قوتابخانە و لەبەر چاوی قوتابی بەشێوەیەکی گشتی دیاردەیەکی جوان نیە، پێش هەموو شتێک قوتابخانە سەنتەری ژینگەپارێزی و تەندروستییە، ئەگەر بێت و مامۆستایان ئەو یاسایە جێبەجێ نەکەن، ئەی چۆن لەقوتابی بگەیەنین کە جگەرەکێشان و بابەتە ناتەندروستیەکانی تر، کارێکی خراپ و نەشیاوە! بۆیە دەبێت بەڕێوەبەر و کارگێڕی قوتابخانە ئاگاداری ئەو دیاردە نا تەندروست و ناژینگەییە بن.

لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە مامۆستا ئاری دەکەین کە لەم کتێبەیدا وەک خەمخۆرێکی ژینگە و پەروەردە، لە رێگەی نووسین و بڵاوکراوە و سەردانە مەیدانییەکانی هەمیشە لە خەمی تەندروستی قوتابیدایە.