رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: پەروەردەی عێراق بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ڕایدەگەیێنێت، پابەندی بڕیار و ڕێنمایەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانین، بۆ ئەو مەبەستە نووسراوێکمان ئاراستەی ھەموو قوتابخانەکان کردووە کە پابەندی ھەمان پۆشاکی یەکپۆشی ھەرێمی کوردستان بن. دەشڵێ: خوێندنی کوردی لە کەرکووک کێشەی کەمی قوتابخانەی ھەیە و زیاتر لە ١٠٠ قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

١٤١٣٢٢ قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە ٧٣٨ قوتابخانە لەژێر سەرپەرشتیی ١٥٩٤٣ مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەخوێنن کە نزیکەی ١٠٠ ھەزاریان لە ٥٥٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی کەرکووکن.
لە کەرکووک، شنگال، خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن ھەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە ھەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک پابەندی ڕەنگەکانی جلی یەکپۆشی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان دەبن. دەشڵێت، لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر تایبەتمەندیی خوێندنی کوردی لەو شارە دروستبووە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، گوتیشی: سەرجەم کارگێڕیی باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان، پێویستە بە تەواوی پابەندی بڕیاری یەکپۆشی بن، کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەرچووە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەوەشی گوت: وەکو خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە دوای ٢٠٠٣ـەوە واتە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق وەکو بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکەین، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ٥٥٨ قوتابخانە ھەن، ساڵانە یەک ملیۆن پەرتووک لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم بۆمان دێن و بەسەر قوتابخانەکان دابەش دەکەین، میلاک، بودجە و مووچە و ھەر پێداویستییەکی دیکە لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ھەموو ئەو پاڵپشتیانەی سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە وای کردووە ئەو پرۆسەیە لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان درێژە پێ بدەین.
سەبارەت بە کێشەی کەمی قوتابخانە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، گوتی: لە ھەموو پەروەردەکان ئەو کێشەیە ھەیە، بەڵام لە سنووری پەروەردەی کەرکووک ئەو کێشەیە زیاترە، ھۆکارەکەش ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئێمە ناکات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی ئەو بارودۆخەی کە ھەیە وەکو پێویست کاری لەسەر بینای قوتابخانەکان نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند ڕێکخراوێکی دیکە چەند قوتابخانەیەک نۆژەنکراونەتەوە، بەڵام قوتابخانەی نوێ دروست نەکراوە، ئەوەش بۆ ئێمە بۆتە کێشە زیاتر لە ٣٠ قوتابخانە ھەن سێ دەوامی تێدا دەکرێت، ١٠٠ قوتابخانە پێویستیان بەوە ھەیە نۆژەن بکرێنەوە، بۆیە کێشەیەکی زۆرمان لەڕووی بیناوە ھەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ئەم کێشانە ڕامان گرێت، یان دەوامی پەکخست بێت، بەڵکو ساڵانە دەوامی خۆمان دەکەین.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دەشڵێ: بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کرد، زەوی بدرێتە فەرمانبەر و مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە سوپاسەوە وەزیری پەروەردە داواکاریەکەمانی گەیاندە ئەنجوومەنی وەزیران، پێش چەند ڕۆژێک دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیری پەروەردە موژدەی ئەوەیان پێداین سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی داوە و بەم زووانە لە باشترین شوێن زەوی بە مامۆستا و فەرمانبەرانی کەرکووک دەدرێت.