سلێمان تاشان – ههولێر
باس لەوە دەکرێ زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە و دەستیان بە چالاکییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بڕی بەنزینیش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکات و کۆتایی بە قەیرانی گرانیی بەنزینی بازرگانی بهێنێت.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کاتێک بەرهەمهێنانیان ڕاگرت کە چەند هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەکان و مەترسی بۆسەر کێكڵگەکان و گیانی کرێکاران هاتە کایەوە و هەر بۆیەش کۆمپانیاکان خێرا بەرهەمهێنانیان وەستاند بۆئەوەی لە لایەک گیانی کرێکارانیان بپارێزن و لە لایەکی دیکە ڕێگری لە هەر جۆرە زیان و ڕووداوی نەخوازراو بگرن.
ئەمە تایبەت نەبوو بە هەرێمی کوردستان تەنانەت لە پاریزگاکانی عێراقیش ژمارەیەک کۆمپانیا بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرت و تەنانەت کرێکارەکانیان بۆ دەرەوە گواستەوە.
هەرچەندە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستبەکاربوونی ئەو کۆمپانیایانە و بەرهەمهێنانی نەوتی ڕانەگەیاندووە بەڵام میدیاکانی ناوخۆیی و جیهانی لە زاری هەندێک سەرچاوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە گەڕانەوەی سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان دەکەن.
دوێنێ سێشەممە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم لە راپۆرتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵیدا بڵاوی کردەوە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دژوار لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵەوە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا لە نێوان ١٩ـی تەممووز تاوەکو 15١٥ی ئابی ٢٠٢٦ بەهۆی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە راگیرابوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشی گرووپە میلیشیاکان بکات و تەنانەت داوای کرد کە سیستمی بەرگری و ڕێکاری پپێویست بۆ پارێزگاریکردن لە کێڵگەکانی نەوتی کوردستان دابنرێت.
لەو کاتەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە بەرهەمهێنانی بەنزینیش کەمی کردووە و هەر بۆیەش نرخەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
هەر چەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حەوتسەد و پەنجا دیناری لە قەیرانەکەی کەم کردووەتەوە بەڵام هێشتا نرخی جۆرەکانی بەنزینی بازرگانی بەرزە و لەوەتەی دوو دەیەی ڕابردوو هیچ کاتێک نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە بەرز نەبووە. ڕۆژانە لە دەیان بەنزینخانەی هەرێمی کوردستان بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت بەڵام کێشە لەودایە بەشی هەموو هاووڵاتییان ناکات. لەگەڵ ئەمەدا ڕێ بە هاوردەکردنی بەنزینیش لە دەرەوە دراوە و هەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان کراوە بەڵام نەیتوانیوە نرخی بە تایبەتی بەنزینەکانی جۆری موحەسەن و سووپەر ئاسایی بکاتەوە.
دوو هۆکار هەبووە لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین هۆکارێک جیهانی بووە و هاوشێوەی هەموو وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستانیش نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە.
هۆکاری دووەم پەیوەندی بە چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراق هەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیاتی پارە نەوتی پێداون و ئەو کۆمپانیایانەش نەوتەکەیان هەر لە بازاڕ ساغ کردووەتەوە و بە پاڵاوگەکانیان فرۆشتووە و پاڵاوگەکانیش کردوویانەتە بەنزین و خستوویانەتە بازاڕ.
راستە هەرێمی کوردستان خۆی ڕۆژانە پەنجا هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت بەڵام ئەمە نیوەی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەنزینیش پڕ ناکاتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە فەرمی داوای لە حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکات چونکە ئەگەر دادپەروەری پێڕەو بکرێ هەرێمی کوردستان پێویستە زیاتر لە سەد و بیست هەزار بەرمیل نەوتی بۆ دابین بکرێت.
بە گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیایانە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە و نرخی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە دابەزین بکەن.

