رۆژنامەی ھەولێر

قەرەیلان: ‪دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت‬

كارزان گلی – هه‌ولێر

موراد قەرەیلان، پێی وایە بەبێ ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا ئەنجامی نابێت، چونكە ناكرێت كەسێك ئەندازیاری ئەو پرۆسەیە بێت، كەچی لە زینداندا بمێنێتەوە.

موراد قەرەیلان، بەرپرسی باڵای پەكەكە، لەبارەی چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، هەڵسەنگاندنی تایبەتی هەیە و دەڵێت، دەمانەوێت لەگەڵ توركیا ببین بە دۆست و کۆتایی بە دژمنایەتی بهێنین.
قەرەیلان، قسەی بۆ ئاژانسی ئێم‌ئەی كردووە و دەڵێت: ”ئەم چوارچێوە یاسایە، تازەیە و هەنگاوێكی بەبایەخە، بەڵام ئەم یاسایە كەموكووڕییەکی زۆر و هەڵەشی تێدایە، بۆ نموونە پڕۆژەیاسایەكە بەهیچ شێوەیەك باس لە ئازادکرانی سەرۆك ئاپۆ ناكات، لە كاتێكدا ئەوەی ئەو پڕۆسەیەی دەست پێ كردووە سەرۆك ئاپۆیە. هەروەها لەناو ئەو پڕۆژەیاسایەدا باس لە پرسی كوردیش نەكراوە، باس لە دیموكراتی نەكراوە و باس لەو حەساسیەتە و بزووتنەوەیەی گەلەكەمان نەكراوە، تەنیا باس لە چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە كراوە، لە كاتێكدا كێشەی كورد ١٠٠ ساڵە هەیە. گەریلا لە ئەنجامی چیدا لە مێژوودا دەركەوت؟ ئەگەر ئەمە بە جوانی شی نەكرێتەوە، كێشەكە لە بنەڕەتەوە چارەسەر ناكرێت.“
قەرەیلان داكۆكی لەوە دەكات، دەبێت عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و گوتەیەكی پێشووتری خۆی دەهێنێتەوە كە گوتبووی ”ئەگەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت، ناتوانم بە یەك گەریلا بڵێم چەك دابنێ“ دەڵێت ئێستاش لەسەر هەمان بۆچوونم.
زیاتر دەڵێت: ”ئیدی دەتوانم پێیان بڵێم، هاوڕێم بڕۆ سەرۆك ئاپۆ پێشوازیت لێ دەكات، ئاپۆ دەتبینێت، واتە ئەگەر ئاپۆ بێتە ناو پڕۆسەكە و پێشوازی لە هاوڕێكانی بكات، كۆبوونەوە بكات و گەریلا بڕوا پێ بهێنێت بۆ فڕێدانی چەك و بڵێت ئیدی ئێمە ئەم خەباتە لە رێگەی شەڕ و چەكەوە كۆتایی پێ دێنین و لە ڕێگەی یاسا و سیاسەتەوە ئامادەی گفتوگۆین، ئەوكات گەریلاش بڕوا دەكات چەك دابنێت.“
قەرەیلان وەكوو پەیامێك بۆ توركیا، دەڵێت ئێمە دەمانەوێت دژمنایەتی لەگەڵ توركیا كۆتایی پێ بهێنین و لەگەڵیاندا ئاشت ببینەوە، ئێمە دەمانەوێت بەشداری لە كۆماری دیموكراتدا بكەین، بەڵام وای دەبینین لایەنی بەرامبەر ئەوەی ناوێت.
چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، بە كۆی دەنگ لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر درا، بەمەش ئەو ١٢ مادەیەی ناو ئەو پرۆژەیاسایە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە، بەو مەرجەی پەكەكە بە كردار و بە تەواوی چەك دابنێت.