كارزان گلی – ههولێر
روسیا و هیندستان، دەستیان خستە ناو دەستی یەكتری دژی هەموو ئەو بڕیارانەی وڵاتانی ئەورووپا دژی روسیا دابویان و هیندستان قەرەبووی دەكاتەوە، ئەمەش جیهانی تووشی شۆكێكی گەورە كردووە و میدیاكانیش بەگرنگەوە باسی دەكەن.
بەهۆی ئەوەی روسیا پەلاماری ئۆكڕاینایدا و ماوەی چوار ساڵە شەڕێكی سەخت لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بوونی هەیە، وڵاتانی ئەورووپا، ٥٠ هەزار بەرهەمی خۆیان بۆ رووسیا راگرت، بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمانەش پەیوەندیی بەتەكنەلۆژیا هەبوو، بەڵام رووسیا بۆ ئەوەی بتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو بەرهەمە بكاتەوە، دەرگایەكی تری دۆزیوەتەوە ئەویش هیندستانە.
هەردوو وڵات، رێككەوتنیان كردووە، هەموو ئەو بەرهەمانەی وڵاتانی ئەورووپا قەدەغەیان كردووە بۆ رووسیای بنێرن، هیندستان بۆیان دەنێرێت، بەمەش رووسیا لە بەڵایەكی گەورە رزگاری دەبێت و ئیدی بۆشایی تەكنەلۆژیا و ئەو بەرهەمانەی نابێت كە وڵاتانی ئەورووپا لێیان قەدەغە كردبوو.
دەزگای هەواڵگری وڵاتانی ئەورووپا ئاشكرایان كردووە، هیندستان بەنهێنی و بەبێ ئەوەی بەئاشكرا رایبگەیەنێت، دەستی خستووەتە ناو دەستی رووسیا، بەرهەمی ئەلكتڕۆنیات و مەكینە و كەلوپەلی هەستیاری تەكنەلۆژی بۆ رووسیا دەنێرێت، واتە ئەگەر هیندستان ئەو بەرهەمانە لە ئەورووپاش بكڕێت، بەنهێنی بۆ رووسیای دەنێرێت. روسیا خۆشخاڵە بەو رێككەوتنەی لەگەڵ هیندستانی كردووە، چونكە ئەو بۆشاییەی لەكۆڵ بووەتەوە كە بەهۆی قەدەغەكردنی بەرهەمی تەكنەلۆژی ئەورووپا دووچاری ببووەوە.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، وڵاتانی ئەورووپا زۆر نیگەرانن لە هیندستان، چونكە نازانن ئەو بەرهەمە تەكنەلۆژیانە كامانەن كە بۆ رووسیای دەنێرن، رەنگە بەرهەمەكان جۆریان ئەوەندە زۆر بێت، ئەستەمە بتوانن دەستنیشانی بكەن، ئەمەش وا دەكات رووسیا بتوانێت درێژە بەشەڕ لەگەڵ ئۆكڕاینا بدات.
نیكۆلاس فێنتۆن، لێكۆڵەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی پێیوایە، ئۆكڕاینا ئەو توانایەی هەیە دەستی بەسەر زۆرێك لە تەكنەلۆژیاكانی رووسیادا گرتووە، ئەمەش وای كردووە رووسیا دووچاری گرفتی گەورە ببێتەوە.
نیكۆلاس دەڵێت: ”كاتێك هێزی ئۆكڕاینی دەست بەسەر ئەو تەكنەلۆژیایانە دەگرێت و پاشان ناوەكەی دەكاتەوە، دەبینێت هەموو ئەو تەكنەلۆژیایانە بەرهەمی وڵاتانی ئەورووپایە، ئەمەش گومانی دروست كردبوو كە وڵاتانی ئەورووپا، قەدەغەیان كردووە بەرهەمی تەكنەلۆژی بۆ رووسیا بنێرن و ئەی ئەمە لە گوێ گەیشتە رووسیا؟ پاشان دەركەوت، هیندستان ئەو بەرهەمانە دەداتە رووسیا و رێككەوتنیان هەیە و رێككەوتنەكەش نهێنییە.“
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە هیندستان بە پێدانی ئەو بەرهەمانە بە رووسیا، پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكانی كردووە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نەخێرە، چونكە هەر لە سەرەتاوە هیندستان رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك پابەندی ئەو بڕیارانە نابێت كە ئەورووپا دژی رووسیا داویەتی و ئەوان وڵاتێكی سەربەخۆن و هەموو پەیوەندییەكی ئابووریی لەگەڵ رووسیا دەهێنەوە.
وڵاتانی ئەورووپا، تاوەكوو ئێستا هیچ رێكارێكیان دژی هیندستان نەگرتووەتە بەر، چونكە ئەوان بەرهەمیان فرۆشتووەتە هیندستان نەك رووسیا، بۆیە رەنگە هیندستان دووچاری كێشە بكەن و داوای یاسایی لەسەر تۆمار بكەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا بڕیاریان نەداوە، ئاخۆ بۆ لەمەودوا بەرهەمی تەكنەلۆژی بۆ هیندستان دەنێرن، یان بەتەواوی بایكۆتی هیندستانیش دەكەن؟

