رۆژنامەی ھەولێر

بەرلەوەی هزری نەتەوایەتی دروست بێت، هەستی نەتەوایەتی هەبووە

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

 

پ.ی.د. هۆشەنگ ساڵح نەجاڕ، مامۆستای بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆرا لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد، ئەندامی یەکەی بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆی سەلاحەدین، لە دیمانەیەکى “هەولێر”ـدا تیشکی خستەسەر سەرەتاکانی دروستبوونی هزری نەتەوایەتیی کوردی؛ هۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرهەڵدانی هزری نەتەوایەتی کوردی و قۆناغەکانی دروستبوونی بیری نەتەوایەتی کوردی، دەستکەوتەکانی دروستبوونی سەرەتاکانی هزری نەتەوایەتی کوردی.

بە شێوەیەکی گشتی، هزری نەتەوایەتی چۆن دروست دەبێت و چۆن گەشە دەکات؟
بەرلەوەی هزری نەتەوایەتی دروست بێت، هەستی نەتەوایەتی هەبووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە زمان و کەلتووری نەتەوایەتی، ئەمە بابەتێکی سروشتی ئاساییە، هەموو مرۆڤێک لەنێو خانەوادە پاشان کۆمەڵگاکەی بەو هەستەوە پەروەردە دەبێت، زمان فێردەبێت پاشان ئاشنا بە بنەما کەلتوورییەکانی کۆمەڵگاکەی دەبێت، هەستی نەتەوایەتی لا دروست دەبێت و لەگەڵییدا گەورە دەبێت، پێگەی کەسایەتی خۆی بەهۆیەوە بنیات دەنێت، هەستی نەتەوایەتی خۆڕسکە، بەرلەوەی ببێتە بیری نەتەوایەتی، بە قۆناغی شانازییکردن بە (خێزان-ماڵبات) پاشان کۆمەڵگەی خێڵ تێپەڕ دەبێت، واتە ئەو سەرەتا لە چوارچێوەی کۆمەڵگا خێڵەکییەکەیدا ئەم هەستەی لا گەشە دەکات، شانازییکردن بە زمانی خێڵ (شێوەزار)، ئایین و دابونەریتی کۆمەڵگاکەی، بۆیە ئەم هەستە هەر تەنها لە چوارچێوەی خێڵدا قەتیس دەمێنێتەوە و چەمکی (خۆیی) بۆ بەکاردێت، بەدەر لەم چوارچێوە، بە هاوزمان و هاونەتەوەکانی خۆی، لە دەرەوەی خێڵەکەی دەڵێت (بێگانە). بەڵام دواتر شێوە ڕێککەوتنێک دروست دەبێت، کە هاوزمانەکانی خۆی لەسەر ئەم ڕێککەوتنە کۆ دەبنەوە، بنەماکە تخووبی خێڵ دەبەزێنێت، دەپەڕێتەوە بۆ خێڵە هاونەتەوەکانی لە جوغزێکی جوگرافییدا، کە دیاردە سروشتییەکانی ناو ئەو جوغزە جوگرافییە، کاریگەری گەورەیان لەسەر شێوەڕەفتاری ئەو خەڵکانە دەبێت. بەمەش کۆنفدراسیۆنی خێڵ دروست دەبێت، پاشان ڕێککەوتنەکە فراوانتر دەبێت، ئەمجارە کارتێکەری دەرەکی دێتە ناو بابەتەکە، دەپەڕێتەوە بۆ نەتەوەگەرایی، واتە هەستی شانازیکردن بە زمان و کەلتووری هاوبەش لە مەودایەکی جوگرافی بەرفراواندا. کە دواتر خاڵی هاوبەشی دیکەشی دێتە ناو وەک بەرژەوەندی هاوبەش، بەمەش هەستی نەتەوایەتی دەگوێزرێتەوە بۆ بیری نەتەوایەتی.

هۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان چین کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی هزری نەتەوایەتی کوردی؟
هزری نەتەوایەتی کوردی بەر لەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵ پێبگات، سەرەتا لەسەر ئاستی تاک (دەستەبژێر) پێگەیشتووە، هەردوو هۆکاری مێژوویی کۆمەڵایەتی ڕۆلی خۆیان لە دروستبوونیدا بینیوە، ئەوەی ئێستا وەک بەڵگەیەکی ڕوون بۆ ئەم سەرەتایە لە بەردەست بێت، پێمان دەڵێت پێگەیشتنی هزری نەتەوایەتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەم، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەوڵەتی عوسمانی بۆ شەڕی سەفەوییەکان سوودی لە پێگەی ئەو هۆزە کوردییانە بینی کە لە شێوە سیستەمێک خۆیان ڕێک خستبوو، پێی دەگوترا میرنشین، ئەگەرچی بەڵگەی تەواو لەبەردەست نین کە لەوکات و ساتەدا میرە کوردەکان تاچەند نەتەوەییانە بیریان کردبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هێشتا بیری نەتەوایەتی بە چەمکە تازەکەی، لە هەموو جیهان بە تەواوی نەخەمڵیبوو، بەڵام ئەو سەردەمە کەسایەتیێکی وەک میر شەڕەفخانی بەدلیسی کە دێت مێژووی کورد و میرنشینە کوردییەکان دەنووسێتەوە، ئەمە پێمان دەڵێت دەستەبژێری کورد لەو قۆناغە نەتەوەییانە بیری کردووەتەوە، هێندە نابات لەسەدەی هەڤدە ئەحمەدی خانی دەردەکەوێت، ئەحمەدی خانی لە هۆنراوەکانیدا بە تەواوی بیری نەتەوایەتی ڕەنگ دەداتەوە. دەتوانین بڵێین هەریەک لە میر شەرەفخان و ئەحمەدی خانی لە سەدەی شازدە و هەڤدە سەرەتایەکی ڕوونی دەرکەوتنی بیری نەتەوایەتی کوردیین.

قۆناغەکانی دروستبوونی بیری نەتەوایەتی کوردی چی بوون؟
هەرچەندە جیاکردنەوەی قۆناغە مێژووییەکانی بیری نەتەوایەتی کوردی پێویستی بە هەڵوەستەلەسەرکردنێکی تایبەتی هەیە، بەڵام ئەوەی کە ئاماژەمان پێی دا، تا ڕاددەیەک دیاریکردنی سەرەتایەکەیە، دوای ئەوە لە سەرەتای سەدەی نۆزدە، بیری نەتەوایەتی پێی ناوەتە قۆناغێکی کرداری گرنگەوە، چەند بەڵگەیەک هەن کە هەردوو میرنشینی بابان و بۆتان، لە سیستەمی فەرمانڕەوایی دەرەبەگایەتییەوە بۆ فەرمانڕەوایی نەتەوەیی وەرچەرخابێتن، بەتایبەت لە قۆناغێکدا کە بەهۆی سەردەمی ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕەنسییەوە، بیری نەتەوایەتی لە ئەوروپاش گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیبوو. قۆناغێکی دیکە لە دوای ڕووخانی میرنشینە کوردییەکان لە سەدەی نۆزدە دەستپێدەکات، کە پیاوانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و هەندێک لە دەرەبەگەکانی کورد دەسەڵاتی ناوچەکانی کوردستانیان گرتەدەست. لەو سەردەمە دەستەبژێری کورد لە جوغزی فەرمانڕەوایی یان دەرەوەی فەرمانڕەوایی، ڕایەڵەی بیری نەتەوایەتی کوردییان کەوتە دەست، ئەم بیرەش زۆر بە ڕوونی لە هەڵوێستەکانی بنەماڵەی بەدرخانی و شێخانی تەریقەت لە سلێمانی و جەزیرەی بۆتان و نەهری و دواتر لە بارزانییش ڕەنگ دەداتەوە. هەر لەم قۆناغە ڕۆلی ڕۆشنبیرانی کوردیش دێتە پێشەوە، شاعیرانی کلاسیکی کوردی وەک سالم و شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەناوخۆی کوردستان و نالی و حاجی قادری کۆیی لە ئەستەنبۆڵ، لە بەرهەمەکانیاندا سیمای گەشەسەندنی ئەم بیرە بە تەواوی خۆی دەردەخات، تا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، بیری نەتەوایەتی کوردی پێی نایە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە، لە چوارچێوەی چالاکی ڕۆشنبیری و بوواری ڕێکخراوەیی و کاری ڕۆژنامەگەری پراکتیزە دەبێت، پاشان بەرەو قۆناغی خەباتی بزووتنەوەی چەکداری و دواتریش بزووتنەوەی سیاسی هەنگاوی ناوە.

دوای یەکەم جەنگی جیهانی و دابەشبوونی کوردستان، چ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە گوتاری نەتەوایەتی کوردیدا دروست بوو؟
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کێشەی نەتەوایەتی کورد، خەسڵەتێکی نێودەوڵەتیانەی وەرگرت و لە پرسێکی ناوچەییەوە بووە پرسێکی جێسەرنجی جیهانی. زلهێزەکانی جیهان کە دەبوایە چارەنووسی نەتەوەکانی ژێر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی یەکلا بکەنەوە، پرسی کوردیان بە هەردوو بەرئەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەکەوە بردە ناو بابەتی گفتوگۆی کۆنگرە و کۆنفرانس و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانەوە، کۆنگرەکانی پاریس، پاشان سیڤەر، لۆزان، لەندەن، برۆکسێل، قاهیرە و ئەوانی دیکە، هەمووی پرسی کوردی تێدا تاوتوێ کراوە. بەڵام سەبارەت بە گوتاری کورد بە داخەوە کورد خاوەن گوتارێکی یەکگرتوو نەبووە، تا دەرفەتی بەنێودەوڵەتیکردنی کێشەکەی بقۆزێتەوە، گوتاری جیاوازی ناوچەیی کارتێکراو بە ئایین و فەندەمێنتالیزم، بیری دەرەبەگایەتی، مۆتیڤی دەرەکی، دید و لێکدانەوەی ناواقیعییانە، کێشەی کوردیان بە پارچەیی و بێئاکامی و پەراوێزخراوی هێشتەوە.

ئایا هزری نەتەوایەتی کوردی لە ئێستادا هەمان تایبەتمەندییەکانی سەدەی بیستەمی هەیە، یان لە ژێر کاریگەریی گلۆباڵیزم و گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
ئێستا کە جیهان گۆڕانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، کورد هەنگاوی گەورەی لە گەشەسەندنی بیری نەتەوایەتی ناوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆر شت بە هەمان خەسڵەتی سەد ساڵ پێش ئێستا و زیاتریش لەوە ماونەتەوە، هێشتا لەناو کورد هەستی دەرەبەگایەتی هەر ماوە، هێشتا لە زۆر شوێن کورد بە قەد ئەوەی شانازی بە خێڵەکەی دەکات، بە نەتەوەکەی ناکات. هێشتا لە دەرەوەی تخووبی خێڵەکەی، خەڵکەکەی دیکەی لا بێگانە و نامۆیە، هێشتا لەناو کورد ئایینی گۆشکراو بە ئایدۆلۆژیا، زەبری خۆی لە پێشکەوتنی بیری نەتەوایەتی کورد دەوەشێنێت، ناهێڵێت لەوە زیاتر بیر بکاتەوە یان هەنگاو بنێت. هێشتا هەستی خۆبەکەمزانین و سایکۆلۆژیای تێکشکاو، تاکی کوردی لە بۆتەی مرۆڤێکی تەریک لە نەتەوەکانی دیکەی جیهان هێشتووەتەوە، ئەگەرچی خاک و زمان و کەلتوور هاوبەشە بەڵام هێشتا نەتەوەی کورد نەبووەتە خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش، تا هاوبەشانە بەرگری لەو بەرژەوەندییانە بکات، هەر ئەمەش وایکردووە، کورد لە دڵەڕاوکێی سیاسییدا بژی دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی نەناسێت، نەزانێت کێ دۆستە و کێ دوژمنیەتی، لە هەمووی کارەساتبارتر، ئەو بازدانە نەرێنیەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بەسەر قۆناغەکانی پێشکەوتن یان کامڵبوونی بیری نەتەوایەتییدا داویەتی، بەرلەوەی بەو قۆناغانەدا تێپەڕێت، کە نەتەوە بە ئینتیماوە پەروەردە دەکەن، هاتووە، خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی گلۆبالیزمدا گونجاندووە، بۆیە زۆر وێستگەی خەباتی نەتەوایەتی هەن بە بەتاڵی ماونەتەوە، ئەمە نەوەیەکی گلۆبالیزمی نانەتەوەییانەی بەرهەم هێناوە، کە ئینتیمایەکی لاواز بە خاک و وڵات و نەتەوەکەی دەبەستێتەوە. لە کاتێکدا ئێستا یەکێک لە دروشمە ناڕاستەوخۆکانی گلۆبالیزم ئەوەیە کە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە، دەبێ لە ڕێگەی هێزی ئابوورییەوە دەوڵەت دروست بێت، کەواتە هێشتا ئێمە بە دەوڵەتی نەتەوەیی نەگەیشتووین، دەبێت بیر لە دەوڵەتی ئابووری بکەینەوە. تۆ سەیری بکە ئەمە چ پازدانێکە؟ ناوی بنێین چی؟

دەستکەوتەکانی دروستبوونی سەرەتاکانی هزری نەتەوایەتی کوردی چی بوو؟
دەستکەوتەکانی بیر یان هزری نەتەوەیی کورد، بەدرێژایی ئەو قۆناغانەی ئاماژەمان پێی دان، زیاتر خۆی لە دروستبوونی بزاڤی ڕۆشنبیری و پاراستنی زمان و کەلتوور دەبینێتەوە، واتە ئەو خەباتەی کورد بەهۆی گەشەسەندنی بیری نەتەوایەتی دەستی داوەتێ، یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەوەبووە، کە بە کوردی گوتووە: تۆ کێی؟ ڕابردووت چیە؟ پێویستە بۆچی تێبکۆشی؟ هەروەها ئەزموونی حوکمڕانی کورد لە هەندێ قۆناغی مێژوویی، هەمیشە ئەوەمان پێ دەڵێت، کورد ئەگەر هەلومەرجی بۆبڕەخسێت توانای خۆبەڕێوەبردن و دەوڵەتداری هەیە، وێڕای کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەڵام دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بووەستێت و ئەزموون پەیدا بکا، شێوە حوکمڕانییەکەی شێخ مەحموودی حەفید و کۆماری کوردستان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و قۆناغی ڕێککەوتننامەی ئادار و ئەزموونی حوکمڕانی کوردی دوای ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١، سەرەڕای کێشە و ئاستەنگەکان بەڵام وەڵامێکن بۆ ئەوانەی کە پێیان وایە کورد نە ئەوسا و نە ئێستا نەیتوانیوە و ناتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، بۆیە بە درێژایی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، کورد هەوڵی سەربەخۆیی نەتەوەیی داوە و داوای قەوارەیەکی سەربەخۆی خۆبەڕێوەبردنی کردووە. بەڵام وەک ئاماژەمان پێی دا چونکە پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە، بۆیە دەبێت هەموو هەنگاوەکانی لەسەر بنەمایەکی نەتەوەییانە بنێت، دەبێت کورد، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە، تا دەکرێت لە خزمەت بەهێزکردنی بیری نەتەوایەتیدا بێت. لەمەشدا ئامرازە کاریگەرەکانی وەک زمان، مێژوو، کەلتوورمان ببنە ئامانجی یەکەمی بایەخپێدان و پێشخستن. پێویستە هەموو ناوەندە ڕۆشنبیری و ئەکادیمی و پەروردەییەکانمان لە خزمەت ئەو پرسەدا بێت، ئەگەر بەدەر لەوە، پێمان وابێت دەتوانین قەوارەیەکی بەهێزی ئابووری دروست بکەین و ببینە جێسەرنجی جیهان، دڵنیابە ناتوانین ئەوە بکەین، دەبێت دواجار یاریزانانی ناو پێشبڕکێیەکە کوردی دڵسۆز و خزمەتگوزار بن، ئەگەرنا هەرزوو لەو پێشبڕێیەکە جێ دەمێنین.