ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
پووکانەوە و لاوازداگەڕانی ئێسک یەکێکە لەو گرفتە تەندروستییە مەترسیدارانەی کە دوای تەمەنی ٤٥ ساڵان و بەتایبەت لەگەڵ وەستانی سووڕی مانگانە (تەمەنی نەشۆران)دا ڕووبەڕووی خانمان دەبێتەوە. ئامارە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە هەر دوو ژن کە دەگەنە ئەم تەمەنە، یەکێکیان دووچاری کەمداگەڕانی چڕیی ئێسک و مەترسیی شکان دەبێتەوە.
د. سروە جەمال مراد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، ڕوونی دەکاتەوە کە لەبەر گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان لەم قۆناغەی تەمەندا، چڕیی ئێسک بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ئەمەش وا دەکات ئێسکەکان لاواز و فشۆڵ ببن و بە زەبرێکی بچووک بشکێن.
هەڵووژە وشکە؛ چارەسەرێکی سروشتی و هەرزان و کەمتێچوو
لە بەرامبەر ئەم کێشە تەندروستییە باوەدا، توێژینەوەیەکی زانستی کە لە گۆڤارە ناودارە ئەمریکاییەکەی (The American Journal of Clinical Nutrition)دا بڵاو کراوەتەوە، دەرئەنجامێکی گرنگ و ئومێدبەخشی بۆ خانمان ئاشکرا کردووە.
توێژینەوەکە کە بۆ ماوەی ساڵێک چاودێری و بەدواداچوونی بۆ ٢٣٥ ئافرەتی بەتەمەن کردووە، دەریخستووە کە خواردنی ڕۆژانەی تەنها ٥ بۆ ٦ دانە هەڵووژە وشکە (یاخود بڕی یەک مشت)، یارمەتییەکی زۆری خانمان دەدات لە پاراستنی چڕیی ئێسکیان، بەتایبەتی ئێسکی ڕان کە زیاتر لە هەموو ئێسکێک مەترسیی شکانی لەسەرە.
میکانیزمی کارکردنی هەڵووژەی وشک
توێژەران ڕوونی دەکەنەوە کە خواردنی بەردەوامی هەڵووژەی وشک لێ ناگەڕێ ئەو ماددە کیمیایی و سایتۆکاینە زیانۆکانە کەڵەکە ببن کە هۆکارن بۆ هەوکردن و تێکشکاندنی پێکهاتەی ئێسک لە دوای تەمەنی نەشۆران (راوەستانی سووڕی مانگانە)، بەمەش دەبێتە قەڵغانێکی سروشتی بۆ پاراستنی جەستە لە پووکانەوەی ئێسک.
ئێستە وەرزی هەڵووژەیە و خانمان دەتوانن بۆخۆیان ئەم چارەسەرە سروشتییە وشك بكەنەوە و هەڵیبگرن بۆ خۆیان.

