رۆژنامەی ھەولێر

هاشم باپیر خۆشناو؛ هەڵۆیەک لە جەستەی پێشمەرگەدا

هاودەنگ فارووق
مرۆڤە جوامێر و خەباتکارەکان بە تەمەن ناپێورێن، بەڵکوو بەو مێژووە لە مەحەک دەدرێن کە لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتدا تۆماریان کردووە. هاشم باپیر خۆشناو یەکێک لەو فەرماندە و سەرکردە دیارانەی زیاتر لە شەست ساڵە پێشمەرگەیە؛ پیاوێک ژیانی خۆی بە تەواوی بەخشییە خۆڕاگری و ڕێبازی ڕزگاریی گەلەکەی. جەستەی ئەم تێکۆشەرە کتێبێکی کراوەی مێژووی کوردبوونە؛ هەر برین و ساچمەیەک بە جەستەیەوە، یادەوەریی داستانێک و ڕۆژێکی سەختی پێشمەرگایەتییە. لەم ڕێگە پڕ لە قوربانییەدا، سێ برای گەنجی بوونە بەخششی نیشتمان و شەهید بوون، بەڵام هاشم خۆشناو وەک چیایەک بەپێوە مایەوە و کاروانەکەی نەکراوەتە نیوەڕێ.

ئەمڕۆ، ئەم سەربازە وڵاتپارێزە زیاتر لە ٤٥ ڕۆژە لە ژێر چاودێریی چڕی نەخۆشخانەدایە. کاتێک ڕووی تێدەکەیت، تەنها نەخۆشێک نییە؛ بەڵکوو قارەمانێکی ماندوویینەناس دەبینیت کە نیوە سەدە زیاترە جەستە و ڕووحی بە مێژووی خەباتی کوردستانەوە گرێداوە. ئەو پیاوە کۆمەڵایەتی، خانەدان و خۆشئاخڤەی ڕۆژانێک لە مەیدانی نبەردیدا ڕووبەڕووی گوللە، تۆپ و فڕۆکەی دوژمن دەبۆوە، ئێستا لەسەر تەختی ساردوسڕی نەخۆشخانەدا لەگەڵ ئازارێکی تردا دەجەنگێت. بەڵام لە چاو و ڕوخساریدا هەمان ئیرادەی جاران بەدی دەکرێت؛ چونکە هەندێک مرۆڤ تەنها جەستەیان پیر دەبێت، بەڵام باوەڕ و خۆڕاگرییان هەرگیز ناچەمێتەوە.
خاڵە گەورەم، هاشم باپیر؛ شایەتحالێکی زیندووی سەردەمێک لە سەروەرییە. تێکۆشەرێکی ئازا و دەستکراوە کە ساڵانێکی درێژ تەمەنی لە خزمەتی خەڵک و خاکدا بەسەر برد. ئەو دەستانەی ڕۆژێک چەکی شەرەفیان بۆ بەرگری لە نیشتمان هەڵگرتبوو، ئەمرۆ لەسەر تەختی نەخۆشخانە پێویستیان بە دوعا و هیوای چاکبوونەوەی ئێمەیە. ئەرکی هەموانە پێش ئەوەی ئەم سەرمایە نەتەوەییانە ببنە یادەوەری، لە ژیانیاندا ڕێزیان لێ بگرین و بەهای خەباتەکەیان بزانین.
خاڵە هاشم! تۆ زیاتر لە شەست ساڵە هاوسەفەری مێژووی خەباتی؛ دەیان برین بە جەستەتەوە، سێ برای شەهید و تەمەنێک لە سەربەرزی لە پشت سەرتن. پەیامی ئەمڕۆمان بۆ تۆ روونە: ئەو پیاوەی شەست ساڵ بەرامبەر زۆرداری ونەهامەتی نەکەوت، نابێت بە ئاسانی بەرامبەر نەخۆشی بچەمێتەوە. بە دڵێکی پڕ لە هیوا و دوعاوە، چاوەڕێی ئەو ڕۆژەین بە تەندروستییەکی باشەوە لە دەرگای نەخۆشخانە بێیتە دەرەوە؛ چونکە ئەو خاکەی شەست ساڵ تێکۆشانت بۆ کرد، هێشتا پێویستی بە بوون و یادەوەرییە زیندووەکانی تۆیە.