رۆژنامەی ھەولێر

كشانەوەی ئەمریكا، تەنگەڵانێكی ستراتیژی بۆ كورد

مەشخەڵ كەوڵۆسی
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان عێراق وئەمریكا، كە بڕیارە لەكۆتایی مانگی داهاتوودا بەتەواوی جێبەجێ بكرێت، یەكێكە لەو تەنگەڵانە ستراتیژییانەی كە تاكو ئێستا هاتبنە بەردەمی كورد و سەركردایەتی سیاسی كوردستان.
لەكاتێكدا ئەم پێشهاتە ڕوودەدات، هیچ گرەنتییەكی مافەكانی خەڵكی كوردستان نەكراوە، هیچ بڕگەیەكی دەستور جێبەجێنەكراوەو، تەنانەت مووچەی خەڵكی كوردستان بڕاوە و، یاری بە قووت و بژێوی كورد دەكرێت و، وەكو خێر جاروبار مووچەیەك بۆ كورد دەنێردرێت، ئەگینا بودجە و شادەماری ئابووری و بڕیاری كورد گیراوەو، بەهیچ شێوەیەك نیازێك نیە بۆ ئەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان، بەو مافانەشەوە كە دەستوری عێراق دانی پێداناون، بدرێن و، ئیدی خەڵكی كوردستان هەست بە ئارامی بكەن، پرسیار لێرەدا ئەمەیە: هەر ئەو نەدانی مافە لە قۆناغەكانی پێشوودا بووەتە هۆی هەڵایسانی شۆڕشەكان و، گەلی كورد بە سەدان هەزار شەهیدی بەخشیوە، ئێستاش هەمان زەمینەی نادادی و نەدانی ماف ئامادەگی نیە؟ ئێستا هەمان زەمینەی نائارامی ئامادە نیە؟.
بۆ ئەوەی لەڕاستی دوورنەكەوینەوە دەڵێم: ئەوەی وایكردووە ئەم هەموو چەوساندنەوەیەی گەلی كوردستان لە عێراقی حوكمی شیعەكاندا سەر نەكێشێت بۆ شۆڕشی پێچەوانەی كورد، ئەوەیە كە حكومەتی عێراق لەبەر چەندین هۆكاری خودی و بابەتی لاوازبووەو، نەیتوانیوە چەوساندنەوەی ئابووری و سیاسی و دەروونی بگۆڕێت بۆ پاكتاوی نەژادی وەكو قۆناغەكانی تر، هەر بۆیە گەلی كورد كەمتر پاساوەكانی بەرپاكردنی شۆڕشی بینیوە، بەڵام هەركە ئەمریكا و هاوپەیمانان لەم گۆڕەپانە دووركەوتنەوە، هیچ گرەنتییەك نیە بۆ ئەوەی عێراق لەپاڵ گوشارە ئابووری و دارایی و سیاسیی و دەرونی و یاساییەكاندا، پەنا نەباتە بەر بەكارهێنانەوەی هێزی سەربازی بۆ سەپاندنەوەی دەستەڵاتی خۆی بەسەر كوردستاندا و، هەر لەو كاتەشدا ئیدی پاساوەكانی هەڵایساندنەوەی شۆڕش، هەموو بازنەكانی خۆیان تەواو دەكەن و، ئێمە ڕووبارێك خوێنی تر دەبینین.
ئەوەی مایەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە، ئەوە نیە كە عێراق بەو نیازە خراپەوە دێتەوە پێشەوە، ئەوەش نیە كە ئەمریكا دەكشێتەوەو، لەگەڵیدا دەستی عێراق واڵا دەبێت، بەڵكو لەوەدایە كە بۆچی كورد ئاوابێخەمە؟ ماوەی كەمتر لەمانگێك ماوە بۆ ئەو گۆڕانكارییە گەورەیە، تا ئێستا نە حیزبەكان لەسەر ئەو بابەتە كۆبوونەتەوە، نە میدیاكان خەڵكیان وریا كردۆتەوە، نەك بابەتەكە بووەتە جێگەی بایەخی خەڵك.
هەر بەڕاستی ئێمە نەتەوەیەكین دەمانەوێت بۆ داهاتوو بژین و لەداهاتوودا بژین؟ یان هەر ڕۆژ بەڕێدەكەین و، هەر كێشەیەكیش هاتە پێشەوە دەستدەكەین بە شیعر نوسین و شانامە هۆنینەوە؟
كوا یەك كوراسە و یەك لێكۆڵینەوە و، یەك مێزگرد لەسەر ئەم بابەتە هەستیار و كاریگەرە؟ كوا كۆبوونەوە و پلانی ئێمە؟ كوا ئامادەسازیمان بۆ ئەگەرەكانی داهاتوو؟ چی بكەین ئەگەر عێراق ڕاستەوخۆ دوای كشانەوەی ئەمریكا دەستوری هەڵپەسارد؟ چی بكەین ئەگەر نیازی هەبوو بیانوگرتن بە چەكی پێشمەرگە لەبەرانبەر چەكی میلیشیاكان بكاتە دەروازەی گەڕێكی نوێی بیانوگرتن بە هەرێمی كوردستان؟ چی بكەین و كاردانەوەمان چی بێت، ئەگەر گەمارۆی دارایی توندتركردەوەو، فشارەكانی قورستركرد؟ ئەگەر لایەنە عێراقییەكان خەیاڵی سەپاندنەوەی مەركەزیەتیان كردە پرۆژەی سیاسی كە بەمانای هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵییەت و هەمواری دەستوردێت، كورد چی بكات؟.
هەموو ئەم دڵەڕاوكێ و پرسیارانە، بایی ئەوە مەترسی لەخۆیان ناگرن كە پێكەوە بپرسین: هەرێمی كوردستان چۆن ئاوا بێخەمە لەو پێشهاتە مەترسیدارە؟ كاتی ئەوە نیە میدیاكان و حیزبەكان گورجوگۆڵانەتر بێنە پێشەوەو، ئەو بابەتە و مەترسیی و لێكەوتەكانی بكەینە ڕۆژەڤی سیاسی و میدیایی و جەماوەری؟