ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 38ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئەم کارەساتە نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی مێژوویی، بەڵکو وەک تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتی بناسێنن. دکتۆر دیندار زێباری جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیدا چارەسەر بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان.
زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنفالی بادینان بەشێک بووە لە پڕۆسەیەکی داڕێژراو بۆ کوشتنی بەکۆمەڵ، ڕاگواستنی زۆرەملێ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کە بەپێی ڕێکەوتننامەی ساڵی 1948ی ڕێگری لە جینۆساید و ڕێکەوتننامەکانی جینێفی ساڵی 1949، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێن. ناوبراو داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بەم دۆسیەیە جێبەجێ بکات و هەنگاوی کردەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ڕزگاربووان و کەسوکاری ئەنفالکراوان بنێت.
کەمپەینی ئەنفال زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕژێمی پێشووی عێراق بوو لە ساڵی 1988دا، کە لە 8 قۆناغی جیاوازدا ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و تێیدا نزیکەی 182,000 هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی. ئەنفالی بادینان وەک کۆتا قۆناغی ئەم کەمپەینە دادەنرێت کە ناوچەکانی دهۆک و دەوروبەری گرتەوە و بووە هۆی وێرانکردنی سەدان گوند و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان بەرەو سنوورەکانی تورکیا. سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەم پڕۆسەیەی وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام هێشتا پرسی قەرەبووکردنەوە و دۆزینەوەی تەرمەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا وەک یەکێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە.

