وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
ڕۆمانەکان تەنها بۆ ئەوە نین کە چیرۆکێک یا ڕووداوێک بگێڕنەوە، بەڵکوو دەبنە پەناگەیەکیش بۆ حەسانەوەی ڕۆحی ماندوومان، دەبنە ئارامییەک بۆ جەنجاڵییەکانی ژیانی پڕ لە ژاوەژاو و ئازارمان!
ڕۆمان لە ڕەواندنەوەی ماندوویەتی، چۆن یارمەتیمان دەدات؟
کەسێکی نەناسراو کە پسپۆڕی سۆفتوێر (Software developer) بوو، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لەندەنەوە پرسیارێکی نارد بۆ (گاردیەن – theguardian) کە بەم شێوەیە بوو: »تکایە دەکرێت چەند ڕۆمانێکم پێ بناسێنن کە کاتێک لەسەر کارەکەم دەگەڕێمەوە ماڵەوە، بیانخوێنمەوە تا ماندوویەتیم بڕەوێننەوە؟«.
گاردیەنیش پرسیارەکەی دایە (ڕیچڵ جۆیس – Rachel Joyce) نووسەری کتێبەکانی (سەفەرە سەیرەکەی هارۆڵد فرای – The Unlikely Pilgrimage of Harold Fry ) و (دووکانی مۆسیقا – The Music Shop). ئەویش وەڵامەکەی بەم شێوەیەی بوو کە کاریگەرە بۆ هەموومان:
»هەرگیز بۆ من، چیرۆکی دوورگە سەیروسەمەرەکان سەرنجڕاکێش نەبوون و زۆر لە سوپەرهیرۆکانیش (پاڵەوانە سەرسوڕهێنەرەکان) تێنەدەگەیشتم، بەڵام هەندێک ڕۆمان هەن کە کاتێک هەستم بە دۆخێکی سەخت کردووە، ئاستی ڕوحییان بەرز کردوومەتەوە و دەروونیان باشتر کردوم. بە بڕوای من باشترین ڕێگەی ڕاکردن و حەسانەوە و خۆدزینەوەیە لە واقیع هەر ئەمەیە«.
لە سەرووی لیستی کتێبەکاندا، من ئەم کتێبانی خوارەوە پێشنیار دەکەم کە وادەکەن مرۆڤ لە کاتی ماندووبوون و ڕاڕایی بە خوێندنەوەیان بحەسێتەوە:
یەکەم: ئانا کارێنینا
یەکەم کتێبی دڵخوازی من کە لە سەرووی لیستەکەشمدا جێگەی گرتووە، ڕۆمانی (ئانا کارێنینا – Anna Karenina) لە نووسینی (لێو تۆلستۆی – Leo Tolstoy)ـیە. ئانا ژنێکی جوان و زیرەکە و پەیوەندییە سۆزدارییە پڕ لە جۆش و خروشەکەی لەگەڵ (کۆنت ڤرۆنسکی – Count Vronsky) دەبێتە هۆی لەناوچوونی خۆی. چیرۆکی ئانا هاوشانی چیرۆکی ئانا، چیرۆکی (کۆنستانتین دیمیترۆڤیچ لێڤین/ کۆستیا – Konstantin Dmitrievich Levin) هاتووە کە هەوڵ دەدات ئاسوودەیی و مانایەک بۆ ژیانی بدۆزێتەوە. ئەمە شاكارێکی دەوڵەمەند و ئاڵۆزە: تەنانەت سەگەکەی لێڤینیش کەسایەتی و دەنگی خۆی هەیە.
دووەم: لەگەڵما بمێنەرەوە
دووەم پێشنیاری من، ڕۆمانی (لەگەڵما بمێنەرەوە – (Abide With Meیە لە نووسینی (ئێلیزابێس ستراوت – Elizabeth Strout). چیرۆکی پیاوێکی باشە کە خەریکی ڕێبەرایەتیکردنی کەنیسەی شارۆچکەیەکی دیار و خێزانە نوێیەکەی خۆیەتی، لە هەمان کاتیشدا خۆشی سەرگەردانە. ئەم ڕۆمانە، چیرۆکێکی درەوشاوەیە دەربارەی خۆشەویستی، لەدەستدانی بڕوا، دووڕوویی و نهێنییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.
سێیەم: سەفەرەکانم لەگەڵ پورم
سێیەم ڕۆمان (سەفەرەکانم لەگەڵ پورم – Travels with My Aunt )ـە لە نووسینی (گراهام گرین – Graham Greene). چیرۆکی ڕۆمانەکە باسی (هێنری پولینگ – Henry Pulling) بەڕێوەبەری خانەنشینکراوی بانک دەکات. هێنری لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە دایکی، چاوی بە پورە حەفتا ساڵەکەی دەکەوێت. پورەکەی هانی دەدات گەشتی لەگەڵدا بکات، بەم شێوەیە لەگەڵ تاوانبارانی جەنگ، ئەندامانی CIA و ئاڵوودەبووان دادەنیشێت و هەڵسوکەوت دەکات، هەروەها دەبێتە هاوکار لە شکاندنی یاساکانی دراو. بەم شێوەیە و وردە وردە ژیانی لەو بێزارییە دوور دەکەوێتەوە کە لە شارەدێیەکەی خۆی تی کەوتووە و ئیتر جۆش و خرۆشی دەکەوێتە نێو ژیانییەوە.
چوارەم: گۆرانی بێ ساز
ڕۆمامنێکی دیکە کە هۆکارە بۆ رەواندنەوەی بێزاری و ماندووبوون، ڕۆمانی (گۆرانی دەشتاییەکان – Plainsong )ـە نووسینی: (کێنت هاریف – Kent Haruf). جیرۆکی ڕۆمانەکە لە شارۆچکەی خەیاڵی بە ناوی (هۆڵت کانتی – Holt County) لە (کۆلۆرادۆ – Colorado) ڕوودەدات. لەم کتێبەدا باس لە کۆمەڵگە بچووکەکان دەکرێت کە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ گوزەرانی ژیانیان. خوێندنەوەی ئەم کتێبە پڕ لە هەستی ئومێدەواری بە ژیانی هەموو مرۆڤەکان دەبەخشێت.
دەرەنجام:
»ئەم کتێبانە بەهۆی ئەو دانایی و هەستی هاوسۆزییەی کە هەیانە، لە لیستی ئەو ڕۆمانانەی مندا جێدەگرن کە بە خوێندنەوەیان دەکرێت ماندوویەتیمان بڕەوێنرێتەوە. بڕوام بەم کتێبانە هەیە و هیوادارم بۆ ئێوەش هەمان ئەندازە سیحراوی بن. «
سەرچاوە: گاردین
بەستەری بابەتەکە: https://www.theguardian.com/books/2018/may/19/book-clinic-best-escapist-novels

