رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەك بەرەو پەروەردە (٥) لە لاپەڕەكانی کتێبەوە بۆ پەڕەی ژیان

خەرمان کەمال پیربال
قوتابی لە قوتابخانەدا ڕۆژانە پەڕەیەک لە کتێبێک دەخوێنێتەوە، وشەیەک لەبەر دەکات، پرسیارێک وەڵام دەدات و لە کۆتاییدا نمرەیەک وەردەگرێت. بەڵام پرسیارێکی گرنگ هەیە: ئایا ئەوەی قوتابی لە پەڕەکانی کتێب فێری دەبێت، دەتوانێت لە پەڕەکانی ژیان بەکاری بهێنێت؟
ئەرکی قوتابخانە تەنها ئەوە نییە کە قوتابی بخوێنێت، بنووسێت و لە تاقیکردنەوەدا نمرەی باش بهێنێت؛ بەڵکو پەروەردەکردنی مرۆڤێکە کە بتوانێت لە ژیاندا بیر بکاتەوە، بڕیار بدات، بەرپرسیار بێت، کێشە چارەسەر بکات و لەگەڵ کەسانی دەوروبەری بە ڕێز و هاوکاری بژیت.
لە سەردەمێکدا کە زانیاری بە خێرایی لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیاوە بەردەستە، ئەرکەكە تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە. ئەمڕۆ قوتابی دەتوانێت بە چەند وشەیەک هەزاران زانیاری بدۆزێتەوە؛ بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بزانێت کام زانیاری دروستە، چۆن لێکی بداتەوە و چۆن بە شێوەیەکی دروست بەکاری بهێنێت. بۆیەکتێب دەستپێکە، نەک کۆتایی، کتێب هەرگیز گرنگیی خۆی لەدەست نادات و دەروازەی زانینە، بیرۆکە دەبەخشێت و مرۆڤ بە جیهانێکی فراوانتر ئاشنا دەکات. بەڵام ئەگەر خوێندن تەنها لە سنووری پەڕەکانی کتێبدا بمێنێتەوە، ئەوا بەشێکی گرنگ لە ئامانجی پەروەردە لەدەست دەچێت.
قوتابی پێویستی بە دەرفەت هەیە ئەوەی فێری بووە لە ژیانی ڕاستەقینەدا تاقی بکاتەوە. ئەگەر لە وانەیەکدا باس لە ژینگە دەکرێت، پێویستە قوتابی تەنها پێناسەی ژینگە لەبەر نەکات، بەڵکو فێربێت چۆن ژینگە بپارێزێت. ئەگەر لە وانەیەکدا باس لە هاوکاری دەکرێت، دەبێت دەرفەتی ئەزموونکردنی هاوکاریی هەبێت. ئەگەر باس لە بەرپرسیارێتی دەکرێت، دەبێت بتوانێت لە پڕۆژە و چالاکییەکانی قوتابخانەدا بەرپرسیارێتی وەربگرێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە لاپەڕەكانی کتێب دەبەستێتەوە بە ژیانی ڕۆژانەوە.
لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵی مامۆستا زۆر گرنگە. چونكە پردی نێوان كتێب و ژیان مامۆستایە؛ مامۆستا خۆ هەر گوێزەرەوەی وانە نییە و، مامۆستایەتییش تەنها گواستنەوەی زانست نییە؛ بەڵکو دەتوانێت وانەکە بە ژیانی ڕۆژانەی قوتابییەوە ببەستێتەوە. مامۆستای سەرکەوتوو ئەوەیە کە پرسیارێک لە ناو کتێبەوە دەهێنێتە ناو ژیان. لەجێی ئەوەی تەنها بپرسێت (ئەمە چییە؟)، دەتوانێت بپرسێت: (ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەتدا ئەمەت بەسەردا هات، تۆ چی دەکەیت؟)
لەو ساتەدا فێربوون لە لەبەرکردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ بیرکردنەوە.
قوتابی کە فێری بیرکردنەوە دەبێت، لە داهاتوودا تەنها وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ناکات، بەڵکو دەتوانێت پرسیاری نوێش دروست بکات. ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین ئامانجەکانی پەروەردە.
قوتابخانە دەتوانێت شوێنێک بێت کە قوتابی تەنها وانەی بیرکاری، زمان، مێژوو و زانست نەخوێنێت، بەڵکو وانەکانی ژیانیش فێر بێت:
چۆن گفتوگۆ بکات؟ چۆن کات و بەرپرسیارێتی خۆی ڕێکبخات؟ چۆن لەگەڵ کێشەیەک ڕووبەڕوو ببێتەوە؟ چۆن لە هەڵەکانی خۆی فێر بێت؟ ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە هیچ تاقیکردنەوەیەکدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەهێنرێن، بەڵام لە ژیانی داهاتووی قوتابییەکدا زۆر گرنگتر لە زۆر پرسیاری تاقیکردنەوەن. بۆیە پەروەردەی سەردەمی نوێ پێویستی بە قوتابییەک هەیە ئەو زانیاریانەی كە فێری بوە چۆن لە ژیانی ڕۆژانەی بەكاریان بهێنێت، واتا لە نمرەوە بۆ تواناكان گرنگترینە.
هەر قوتابییەک کۆمەڵێک پەڕەی بەتاڵی لە بەردەمدایە. ئەو پەڕانە، پەڕەکانی داهاتووی ژیانی ئەون. قوتابخانە و مامۆستا ناتوانن هەموو شتێک لە پەڕەکانی داهاتووی قوتابی بنووسن، بەڵام دەتوانن ئەوەی پێ بدەن کە خۆی بتوانێت بە دەستی خۆی ئەو پەڕانە بنووسێت. لەبەر ئەوە، ئامانجی پەروەردە نابێت تەنها ئەوە بێت کە قوتابی پەڕەکانی کتێب بە باشی بخوێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بتوانێت لە پەڕەکانی ژیاندا بە دانایی، بەرپرسیارێتی و هیوا بنووسێت. چونکە کتێب کۆتایی ڕێگای فێربوون نییە، کتێب دەستپێکی ڕێگایەکە بۆ ژیان. ئەگەر ئامانجی پەروەردە ئامادەكردنی مرۆڤ بۆ ژیانە، پرسیارێك بەردەوام لە بەردەمماندا دەبێت: کاتێک قوتابییەک دوای ساڵانێک لە قوتابخانە دەرچوو، چی لەگەڵ خۆی دەبات؟ تەنها بڕوانامەیەک، یان توانایەک بۆ نووسینەوەی پەڕەکانی ژیانی خۆی؟