ئامێز ئاری ئاغۆک
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە (FAP) ەکان بە شێوەیەکی ئاسایی لەناوپەیکەرە ماسولکەدا بە ناچالاکی دەمێننەوە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە چاکبوونەوەی ئێسک لەدوای شکانیدا. توێژینەوەکە لەسەر چەند مشکێک ئەنجامدرا و Clec3bیان دیاریکرد وەک نیشانەیەکی بۆ خانە پێشەکییە ناچالاکەکان، ئەمەش ڕێگەی بە توێژەران داوە بەدواداچوون بۆ ڕەفتارەکانیان بکەن.
لە بارودۆخی ئاساییدا، خانەکان لە ماسوڵکە و بەرگە ئێسکی ڕووکەشدا مانەوە و نەبوونە خانەی دروستکەری ئێسک. بەڵام دوای شکانی ئێسک، ئەو خانە پێشەکییە ناچالاکانە بەخێرایی بەرەو شوێنی برینەکە جووڵان و گۆڕان بۆ (osteoblast) کە ئێسکی نوێ دروست دەکەن، هەروەها گۆڕان بە خانە سترۆماکانی مۆخی ئێسک، کە یارمەتیدەرن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژینگەی پشتگیریی ئێسک. دوای ٣ هەفتە، نزیکەی ٢٨٪ لە خانەکانی دروستکەری ئێسک (osteoblast) کە بەشداری چاکبوونەوەی شکانی ئێسک دەکەن، لە خانەکانی Clec3b-lineage ـەوە دروست بووبوون. توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی Single-cell RNA sequencing نیشانی دا کە ئەو خانانە لە کاتی گەشەکردن و گۆڕان بۆ خانەکانی دروستکردنی ئێسک و خانە سترۆماکان، شێوازی کارکردن و نیشانە مۆلیکولییەکانیان دەگۆڕن.
هەروەها توێژەرەکان ئەوەیان دۆزیەوە کە پەیکەرە ماسولکە (skeletal muscle) سەرچاوەی سەرەکی ئەو خانە نوێکەرەوانە بوو، نەک بەرگە ئێسک. تەنانەت کاتێک بەرگە ئێسکـەکە لابرا، ئەو خانانە هێشتا توانییان بگەنە شوێنی شکانی ئێسکەکە و بەشداری بکەن لە دروستکردنەوەی ئێسکی نوێ. بەڵام ئەم خانانە تەنها یارمەتیدەری چاکبوونەوەی ئێسک نەبوون، هەندێک جار دەبنە هۆی دروستبوونی ئێسکی نائاسایی لە شوێنێک کە نابێت ئێسک لێی دروست بێت، وەک ناو ماسولکە یان شانە نەرمەکان، دوای برین. کاتێک توێژەرەکان ڕێگرییان لە چالاکیی دروستکردنی ئێسکی ئەو خانانە کرد یان خودی ئەو خانانەیان لابرد، هەردوو جۆری دروستبوونی ئێسک کەم بوو، هەم چاکبوونەوەی ئێسکی شکێنراو و هەم دروستبوونی ئێسکی نائاسایی.
بە گشتی ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە خانە ناچالاکەکان لە پەیکەرە ماسولکەدا دەتوانن دوای زیان یان برین ببنە خانەیەکی گرنگ بۆ دروستکردنی ئێسک. ئەم ئەنجامانە ئەوە دەردەخەن کە ئامانجگرتن لە FAP ـەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی ئەگەری بەکارهێنرێت بۆ باشترکردنی چاکبوونەوەی شکانی ئێسک، لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی چالاکیی ئەو خانانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە گەشەکردنی ئێسکی نائاسایی دوای برینە توندەکان.
سەرچاوە؛
https://en.scu.edu.cn/

