وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
ئەگەر پێتان وایە پەرتووک ناتوانێت مرۆڤ بخاتە پێکەنین، پێشنیازی من بۆ ئێوە وودی ئالێنە. (ئالێن ستوارت کۆنیگسبێرگ – Allan Stewart Konigsberg) کە دواتر ناوی هونەریی (وودی ئالێن – Woody Allen)ی بۆ خۆی هەڵبژارد، کۆمیدییەن، نووسەر، دەرھێنەر، ئەکتەر، موزیسیان. بە کورتی هەموو شتێکە.
لەوانەیە ئێستا زیاتر وودی ئالێن بەهۆی فیلمەکانییەوە بناسین؛ ئەو فیلمانەی لە سی ساڵی ڕابردوودا، ساڵانە دانەیەکی لێ دروست کردن؛ بەڵام دەبێت بگوترێت بەر لەوەی فیلمساز بێت، کۆمیدییەن و نووسەرە.
وودی ئالێن، لە ساڵی ١٩٥٢ دەستی بە نووسینی تەنز بۆ ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤزیۆنییەکان کرد، بە کورتی بۆ هەموو ئەو شوێنانەی دەنووسی کە دەستی پێیان ڕادەگەیشت. کتێبی (مەرگ لە دەرگا دەدات – Death Knocks)، کۆمەڵە تەنز، چیرۆک و شانۆنامەیەکی بژاردەیە کە زۆربەیان لە دەیەی حەفتا و هەشتاکان نووسراون و ئەودەم دانە دانە لە گۆڤاری (نیویۆرکەر) بڵاوی دەکردنەوە.
باشترین ڕێگا بۆ وەسفکردنی تەنزە تایبەتەکەی وودی ئالێن، خوێندنەوەی نووسینەکانی خۆیەتی؛ چونکە کەم کەس لە نێو ئەدەبیات هەیە وەک ئەو یاری بە هەموو شتێک بکات و شتی گەمژانە و ڕووداوی کاریکاتۆری بخاتە نێو چیرۆکەکانییەوە. خوێنەر دەتوانێت زۆر بە ئاسانی سنووری ئەم گاڵتەجاڕییانە بدۆزێتەوە.
یەکێک لە تەکنیکەکانی ئالێن بۆ دروستکردنی فەزا و کەشی کۆمیدی، گەمژەکردنی خۆی و ئەو چەمکانەیە کە هەمیشە بۆ مرۆڤ جێی پرسیار بوون؛ چەمکەکانی وەک مەرگ و ژیان، خۆشەویستی و جودایی، بوونەوەرە خەیاڵی و بانسرووشتییەکان و.. ئالێن بە جۆرێک هێندە سادە ئەم چەمکانە دەردەبڕێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی چەمکەکان بە شێوەی کاریکاتۆری دەربکەون.
»ئەمڕۆ، سەرەڕای ئەوەی جەردە خۆفرۆشەکانی ژەنەڕاڵ ئارۆیۆ پەلاماریان داین و نزیکەی نیوەی سەربازەکانیان کۆمەڵکووژ کردین، بە گشتی ڕۆژێکی زۆر باش بوو«.
بۆ نموونە، کەسایەتیی سوقرات لە شانۆنامەیەکدا لە ڕۆڵی سوقرات دەڵێت:
»مەرگ.. مەرگ وێنەیەکی هێماداری نەبوونە، وەک خۆشیان چاک دەزانن شتێک کە نەبێت ناتوانێت بوونی هەبێت.. کەواتە، مەرگ بوونی نییە و تەنها وەهمێکە«.
تەکنیکی دۆکیۆمێنتاری، تەکنیکێکی دیکەیە کە هەندێک جار وودی ئالێن بەکاری دەهێنێت، بە شێوازێک چیرۆک و حیکایەتەکە بۆ خوێنەر دەگێڕێتەوە کە تەواوی کاتەکە بیر لەوە دەکەیتەوە چۆن شتی وا ڕێی تێدەچێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە بە دانانی ڕەگەزی دروستکراو لەنێو چیرۆکەکە، سات بە سات سنووری نێوان گاڵتە و حەقیقەت زەقتر دەکاتەوە. لە کۆتاییشدا هەستێکی خۆش دەمێنێتەوە کە سەرچاوەکەی دابڕانی ڕاستیی چیرۆکەکەیە لەو ڕاستییەی کە ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین. خۆشییەکی هەیە کە هاوشێوەی خۆشیی خوێندنەوەی دەقێکی تراژیکە و لەگەڵ کەسایەتییەکان هاوسۆز دەبیت و ئاسوودە دەبیت لەوەی ئەم ڕووداوانە لە ڕاستیدا ڕوویان نەداوە.
لە لایەکی دیکەوە، وودی ئالێن زۆربەی جار دەقەکانی لە چەند چین و ئاستێک دەگێڕێتەوە. ئاستێک لە چیرۆکە سەرەکییەکە و ئاستێکی دیکە هاوتەریب لەگەڵ چیرۆکەکە کە هەندێکجار لە دەق دەردەچێت و ڕێک دەیکێشێت بە ڕووخساری خوێنەر و دەبێتە هۆی پێکەنینی. وەک ئەو کاتانەی لە فیلمەکانیدا لەپڕ سەری بەرەولای کامێرا وەردەگێڕێت و قسە لەگەڵ کامێراکەدا دەکات؛ خۆی ئەم کارە بە دابڕینی خوێنەر/بینەر لە دەقی سەرەکیی بەرهەمەکە و نیشاندانی لایەنێکی دیکەی ڕاستییەکە کە دەکرێت وودی ئالێنی فیلمساز بێتە هۆی دروستبوونی کۆمیدیا.
وەک دوائاستی نووسینەکانی وودی ئالێن، دەکرێت سەرەنج بخەینە سەر ئەو ئاماژە زۆرانەی کە لە ناو نووسینەکانیدا هەن؛ وەک ئاماژەی مێژوویی و هونەری و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی کە بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاشنا لە نێوان دەق، ژیانی ڕۆژانە و زانیاری گشتیی خوێنەر، جۆرە کاریکاتۆرێکی تایبەت بەرهەم دەهێنێت کە کەمتر لە نێو ئەدەبیاتی تەنز دەیبینین. ئەگەر بمانەوێت ئەوم شێواز و ئاماژەیە بیخەینە ناو جۆرە ئەدەبییە تایبەتەکانەوە، نزیکترین بژاردە «پارۆدی» یان نەقیزەیە.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش کە لە نووسینەکانی وودی ئالێندا دەبینرێت، یارییکردن بە وشەکان و داھێنانی وشەی تایبەت بە خۆیەتی. لە نێو ئەم کۆمەڵەیە، واتە کۆمەڵە چیرۆکی (مەرگ لە دەرگا دەدات) دونیایەک وشەی ئاڵۆز و دروستکراو دەبینین. لەم کتێبەدا خوێنەر ڕووبەڕووی دەقێکی یەکگرتوو و پێگەیشتوو دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی بەهرەی نووسەرە کە بە تەنزێکی تایبەت، دەقێکی گاڵتەجاڕانە و بەزمەساتئاسامان بۆ دەخوڵقێنێت.
کتێبی (مەرگ لە دەرگا دەدات)، ١٦ دەقی وودی ئالێن لەخۆدەگرێت کە سەرەنج دەخاتە سەر: کێبڕکێی نێوان مەرگ و ژیان و گاڵتەکردن بە شۆڕشەکانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین، دەفڕەفڕیوەکان، ئاواتەکان، خۆشەویستییە شکستخواردوو و پێکەنیناوییەکان، دانپێدانانی جەردەکان، ئەدەبیاتی پۆلیسی و تاوانکاری و تەنانەت ڕۆژانەکانی ژیانی کونت دراکۆلا.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاڤانگارد

