رۆژنامەی ھەولێر

ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ریاڵ مەدرید کۆتایی هات، مەگەر پێشهاتێکی لەناکاو ڕوو بدات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی گرێبەستی پۆڵ پۆگبای هەڵوەشاندەوە
یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی، ڕایگەیاند کە گرێبەستی یاریزانی ناوەڕاستی یانەکەیان پۆڵ پۆگبایان بە ڕەزامەندیی هەردوولا هەڵوەشاندووەتەوە، پێش دەستپێکی وەرزی نوێ، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە تا هاوینی ٢٠٢٧ بوو.
یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، لە پێگەی ئەلیکترۆنیی یانەکە، ڕایگەیاندووە کە یانەکەیان گەیشتووەتە بڕیارێکی هاوبەش لەگەڵ پۆگبا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، ئەوەیش دوای ئەوە دێ، کە هەردوو لا ڕایان وابووە، ئەو ئامانجانەی دایاننابوو لە ماوەی گرێبەستەکەی لە وەرزی ڕابردو، بەدی نەهاتوون، کەمێکی نەبێت.
یانەکە سوپاسی پۆڵ پۆگبای کرد، کە ئەو یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا بووە پاڵەوانی مۆندیالی ٢٠١٨، ئاماژەی بە پیشەگەریبوون و پابەندیی ئەو یاریزانە لە ماوەی مانەوەی لە یانەکە کرد. دووپاتی کردەوە کە عەقلێکی ناوازەی هەیە و پێداگریی زۆری هەیە. سەرکەوتووش بوو لە گەڕانەوە و ئامادەیی بۆ بەشدارییەکانی لە بەرزترین ئاست دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان لە یاریگەکان، هەروەها لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، ئەویش بە هۆی ئەزموونە زۆرەکەیەوە یارمەتیی یاریزانانی لاوی دەدا.
لای خۆیەوە، پۆڵ پۆگبا، پەیامێکی ماڵئاوایی ئاڕاستەی کارگێڕیی یانەی مۆناکۆ و هاوڕێکان و هاندەرانی یانەکەی کرد و رایگەیاند: دەمەوێ سوپاسی سەرۆکی یانەکە و کارگێڕانی یانەکە و هاوڕێکانم و هەموو ئەندامانی دەستەی هونەری و کارگێڕی و هەموو هاندەرانی یانەکەمان بکەم، نوێنەرایەتیکردنی ئەم یانەیە و میرنشینی مۆناکۆ، ئەزموونێکی نایاب بوو.
ئەو یاریزانە ناسراوی فەڕەنسا، ڕایشیگەیاند: یانەی مۆناکۆ، یانەیەکی ناوازەیە، سەرەڕای ئەوەی من ئەو ژمارە یارییەم نەکرد کە هیوام بۆی دەخواست، بەڵام هەمیشە سوپاسگوزارم لە پای ئەوەی دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا درێسی ئەو یانەیە لەبەر بکەم.
لای خۆیەوە، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی مۆناکۆ تیاگۆ سکۆرۆ، ڕایگەیاندووە کە گرێبەستی پۆڵ پۆگبا، تەحەدایەکی گەورە بوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییەکەی بەو شێوەیە نەبوو کە یانەکە هیوای بۆ خواستبوو، بەڵام ئەوە لە بەهای گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ یاریگا کەم ناکاتەوە، هەروەها کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەناو تیپەکەدا کەم ناکاتەوە، بە تایبەتی لە پاڵپشتیکردنی یاریزانە گەنجەکان بە ئەزموونەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە وێستگەی داهاتوویدا.

یانەی ئەستۆن ڤێلا بەئامانجگیراوەکەی پاریس سان جێرمانی بردە ریزەکانیان
یانەی ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی، بە شێوەیەکی فەرمی، گۆڵپارێزی ژاپۆرنی زیون سۆزۆکیی لە یانەی پاڕمای ئیتاڵییەوە بردە ریزەکانی، کە یەکێک بوو لەو گۆڵپارێزانەی یانەی پاریس سان جێرمان بە ئامانجی گرتبوو.
یانەی ئەستۆن ڤێلا بە شێوەیەکی فەرمی، گۆڵپارێز زیۆن سۆزۆکی کردە یەکێک لە گرێبەستەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یانەکەی، لە کاتێکدا هەر لەم ماوەیەی گواستنەوەی هاوینەدا، زۆر نزیک بوو پەیوەندیی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسییەوە بکات.
یانەی پاریس سان جێرمان بە جۆرێک نزیک بوو لە دەستخستنی ئەو گۆڵپارێزە ژاپۆنییە، لەگەڵ پاڕما و دەوروبەرانی یاریزانەکە ڕێک کەوتبوو بە بڕی ٣٥ ملیۆن یۆرۆ ئەو گۆڵپارێزە ببەنە ریزەکانیانەوە، بەڵام لە دواساتدا بە هۆی جیاوازییان لەسەر بڕی پارەکە، ناکۆکی دروست بوو و گرێبەستەکە سەری نەگرت و شکستی خوارد.
ڕۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی بڵاوی کردەوە، کە یانە فەڕەنسییەکە بڕیاری دا لەو گرێبەستە بکشێتەوە، دوای ئەوەی نوێنەرانی گۆڵپارێزەکە داوای بڕەپارەیەکی زیاتریان کردبوو کە سێ ملیۆن یۆرۆ بوو، ئەوەیش لەلایەن کارگێڕیی یانە فەڕەنسییەکەوە قبووڵ نەکرا و ڕەت کرایەوە، چونکە پێیان وایە گێچەڵ و گەمەیان پێ دەکرێ.
رۆژنامە فەڕەنسییەکە باسی لەوە کرد، کە بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمان، هەوڵیان دا پەیوەندیی لە خودی گۆڵپارێزەکە بکەن، بەڵام ڕاوێژکارانی ڕێگرییان کرد. بۆیە یانەی پاڵەوانی ئەورووپا، بە شێوەیەکی بنبەست کۆتایی بەو دۆسیەیە هێنا.
یانەی ئەستۆن ڤێلا، ئەو بڕیارەی یانەی پاریسی قۆستەوە و بە خێرایی دەستی بە دانوستان کرد، سەرکەوتووش بوو لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی سۆزیۆکی، بۆیە بە شێوەی فەرمی گرێبەستەکەی ڕادەگەیەنێت.
یانەی ئەستۆن ڤێلا لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە سۆزۆکییان لە یانەی پاڕماەوە بردە ریزەکانی، ئاماژەیش بەوە کراوە، کە ئەو گۆڵپارێزە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداریی مۆندیالی ٢٠٢٦ی کردەوە.
یانەکە باسی لەوە کردووە، کە سۆزۆکی، لەدایکبووی ئەمریکایە، لە شاری ئۆراوای ژاپۆنی پێگەیشتووە و بۆ یەکەمجار لە تیپی یەکەمی یانەی ئۆراوا ڕید دایمۆندز دەرکەوت، کە ئەو کات تەمەنی ١٦ ساڵان بوو. پێش ئەوەی ماوەیەکی کورتیش لە یانەی سینت ترۆیدنی بەلژیکی بێت، دواتر چووە یانەی پاڕما، دوو وەرزی ڕابردوو لە یانەی پاڕما یاریی کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو گۆڵپارێزە تەمەن ٢٤ ساڵانە، بە یەکێک لە بەهرەوەرە ئاستهەڵکشاوەکان دادەنرێ و خاوەن ٢٢ یاریشە بە درێسی هەڵبژاردەی ژاپۆرن.
یانەکە بەخێرهاتنی ئەو گۆڵپارێزەی بۆ یانەکەیان کردووە و هیوای سەرکەوتنیان لە کاروان و وێستگەی نوێی ژیانی وەرزشی خواستووە.

ڕۆبێرتۆ کارلۆس، لەسەر شێوازی ئیسلام هاوسەری نوێی مارە کرد
ڕۆبێرتۆ کارلۆس، یاریزانی پێشووی بەناووبانگی بەڕازیلی، هاوسەرگیری لەگەڵ کچەبازرگان وبریکاری یاریزانان سوهێلە تاهیریدا کرد.
ڕۆبێرتۆ کارلوس، کە یاریزانی سەردەمی زێڕینی هەڵبژاردەی بەڕازیل بوو، کە لە مۆندیالی ١٩٩٨ گەیشتنە یاریی کۆتایی و مۆندیالی ٢٠٠٢ـیشیان بردەوە، لە دوای ئەوەوە بەڕازیل نەیتوانیوە بگاتە یاریی کۆتایی مۆندیالیش.
ڕۆبێرتۆ کارلۆس هاوسەرگیریی لەگەڵ سوهیڵە تاهیری، خانمەبازرگان و بریکاری یاریزاناندا کرد، ئەو خانمە بە ڕەگەز لوبنانی و مەغریبییە
ئەو کەسەی مارەی کردوون، جیهاد حەمیدەی بانگخوازی ناسراوی بەڕازیل و سەرۆکی زانایانی ئایینی ئیسلامە لە بەڕازیل، هەرچەندە باس کرا، کە نازانرێ کارلۆس موسڵمان بووە یان نا، بەڵام دواتر لە زاری ئەو زانایەی ئایینییەوە ڕاگەیاندرا، کە کارلۆس موسڵمان بووە.

ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ریاڵ مەدرید کۆتایی هات
ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی، باس لەوە دەکات، کە یانەی ریاڵ مەدرید ماوەی گواستنەوەی هاوینەی کۆتایی پێ هێنا، تەنیا لە یەک حاڵەتدا نەبێت.
لە کاتێکدا نزیکەی دوو هەفتە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان ماوە، بەڵام ڕەنگە ڕیاڵ مەدرید پێشوەختە دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان بە ڕووی خۆیدا دابخات و چاوەڕوانی گرێبەستی نوێی لێ ناکرێ.
رۆژنامەی مارکا بڵاوی کردەوە، کە ریاڵ مەدرید وای دەبینێ ماوەی گواستنەوەی هاوینە بۆ ئەوان بە ڕێژەی ٩٥% کۆتایی هاتووە و تەنیا ٥%ی دەمێنێت.
ئەو ئەگەرەش بۆ پێشهاتێکی لەناکاو، یان پێشبینینەکراو دانراوە، لە کاتێکدا ٣١ی ئەم مانگە کۆتاوادەی گرێبەستەکانە، واتە تا ئەو کاتەیشی لەبەردەستدایە.
رۆژنامەی مارکا بڵاوی کردەوە: ئەو دۆخە چاوەڕێنەکراوە، ڕەنگە ئەگەری تووشبوونی یەکێک لە یاریزانانی یانەکە بێ بە پێکانێکی سەخت، یان رۆیشتنی بێ پلانی یاریزانێک یان یەکێک لە یاریزانە ناسراوەکانی، ئەوەش وا دەکات کە لەو کاتەدا بجووڵین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو یاریزانەیان.
رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، کە کارگێڕیی ریاڵ مەدرید، ئێستە ڕازین بەو گرێبەستانەی کردوویانە، دوای یەکلاکردنەوەی هەندێ گرێبەست بەبێ دانوستانی زۆر دوور و درێژ. جگە لە دیۆماندی، کە سەرخستنی کاتی ویست بە هۆی هەندێ وردەکارییەوە پەیوەست بوو بە ڕێککەوتنی لەگەڵ یانەی لایپزیگ.
بەڵام هاندەران و ڕۆژنامەنووسانی نزیک لە ریاڵ مەدرید، ڕەخنەیان لە ریاڵ مەدرید گرت، کە هیچ جووڵە و هەوڵێکیان نەدا بۆ دەستخستنی ڕۆدری و یانەی بەرشلۆنە ئەو یاریزانە بردە ریزەکانی، لە کاتێکدا یانەی ریاڵ مەدرید زۆر پێویستی بەو یاریزانە بوو بۆ هێڵی ناوەڕاست.
بەڵام ڕۆژنامەی مارکا بۆچوونێکی دیکەی هەیە و پێی وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، گۆڕانکاری لە هێڵی ناوەڕاستی ریاڵ مەدرید دەکرێ، بەو پێیەی هەریەک لە یاریزانان ئۆریلین چوامینی یان ئیدواردۆ کاماڤینگا، ڕەنگە گرێبەستیان بۆ بێ، بە تایبەت لە یانەکانی خولی ئینگلتەراوە.
رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، کە رۆیشتنی هەریەک لەو دوو یاریزانە، دەبێتە دۆخێکی زۆر تایبەت بۆ ریاڵ مەدرید، لەو کاتەشدا ئەرکەکەی بۆ سەخت دەبێ بۆ هێنانی یاریزانی نوێ.
ئەو هەواڵە هاوڕێکە لەگەڵ لێدوانێکی خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەری ریاڵ مەدرید، کە بەم دواییە ڕایگەیاند: ناڵێم کە گرێبەستی دیکەمان نابێ، چونکە هێشتا ماوەی گواستنەوەی هاوینە ماوە، بەڵام ئەگەر ڕاستەوخۆ لە من بپرسن کە لە ڕوانگەی منەوە ماوەی گواستنەوە تەواو بووە و بازاڕمان داخستووە، دەڵێم بەڵێ.
یانەی ریاڵ مەدرید، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، ٦ گرێبەستی سەر خست، لەگەڵ گەڕانەوەی ئیندریکی بەڕازیلی.