محمد لادێ – ههولێر
لە جیهانی ئەندازیاری و بیرکاریدا، بەدەستھێنانی زۆرترین بۆشایی بە کەمترین مەواد هەمیشە گەورەترین ئاڵۆزی بووە، بەڵام هەنگەکان بەبێ هیچ بڕوانامەیەکی زانستی، ملیۆنان ساڵە ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەیان چارەسەر کردووە.
تۆژینەوە زانستییەکان ئاشکرای دەکەن کە هەڵبژاردنی شێوەی شەشگۆشەیی بۆ دروستکردنی شانەی هەنگوین ڕێکەوت نییە، بەڵکو شاکارێکی بێوێنەی بیرکارییە. ئەم شێوەیە تەنها نەخشەیەکە کە بێ دروستبوونی کەلێن لە پاڵ یەکتردا جێگیر دەبێت.
بەپێی توێژینەوەکان، هەنگ بۆ بەرھەمھێنانی یەک گرام موم پێویستی بە خواردنی هەشت گرام هەنگوین هەیە. شێوەی شەشگۆشەیی کەمترین ڕێژەی موم بەکار دێنێت بۆ ئەوەی گەورەترین قەبارەی هەنگوین کۆ بکاتەوە و ڕزگارکەری وزەی هەنگەکان بێت. هەروەها ئەم پێکهاتەیە سەرەڕای دیوارە ناسکەکانی، بەرزترین بەرگەگرتن و هێز لە بەرامبەر کێشی قورسی هەنگوین نیشان دەدات.
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕەفتارەی هەنگەکان نموونەیەکی درەوشاوەی تێگەیشتنی سروشتە لە چەمکی کارایی تێچوو و بەرھەم، کە تا ئێستاش ئیلهامبەخشە بۆ دروستکردنی ئاسمانگەڕۆک و پێکهاتە بەهێزەکانی پیشەسازیی مۆدێرن.

