رۆژنامەی ھەولێر

فشارى دەروونى و کاریگەرییەکانى لە سەر تەندروستیی دڵ

مستەفا محمەد مستەفا

 

لەم سەردەمەدا، ژیان بەخێرایى و فشارى دەروونى تێدەپەرێت، تەندروستى دەروونى بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانى تەندروستى گشتى، بەڵام زۆر کەس نازانن فشارى دەروونى تەنها کاریگەرى لە سەرهەست و بیرکردنەوە نییە، بەڵکوو کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەیە لە سەر گرنگترین ئەندامى لەشى مرۆڤ، کە ئەویش دڵە.

کاریگەرییەکانى فشارى دەروونى لەسەر نەخۆشییەکانى دڵ و خوێنبەرەکان :
پەیوەندی فشارى دەروونى و نەخۆشییەکانى دڵ : توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە، پەیوەندیەکى ڕاستەوخۆ و بەهێز هەیە لە نێوان فشارى دەروونى درێژخایەن و زیاد بوونى مەترسى نەخۆشییەکانى دڵ.
لە دەرئەنجامى توێژینەوەیەکى زانستیدا که لە سەر ١٠٦٥ کەس ئەنجام دراوە، نیشانى داوە نەخۆشییە دەروونییەکان ڕێژەى تووشبوون بە نەخۆشەکانى دڵ و خوێنبەرەکان تاکوو ئاستى ٨٣ % زیاد دەکەن. ئەم ئەنجامە بەهێزە، دوایى کۆنتڕۆڵکردنى فاکتەرەکانى دیکەى وەک تەمەن و ڕەگەز و خواردن و چالاکى جەستەیى ئەگەرى تووشبوون بە نەخۆشییەکانى دڵ هەر بەهێز دەمێنێتەوە.
لە توێژینەوەیەکى دیکەدا، لەسەر ٣٠١٠ کەسى تردا لە هەمان ناوچەدا ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەى تووشى نەخۆشییەکانى دڵ بوونە، ئاستى فشارى دەروونیان زۆر زیاترە لە کەسانى تر. زۆرجار بە شێوەیەکى جیاواز ڕوویان لە کشانەوە لە کۆمەڵگا و خەمۆکى کردووە، بە تایبەتى لە نێو ژناندا ڕێژەى فشارى دەروونیان ٢٠٥٦ کەس بووە، بەراورد بە ١٧٤١ کەس لە پیاواندا. ئەمەش ئەوە دەردەخات فشارى دەروونى نەک تەنها هۆکارى نەخۆشیى دڵە. بەڵکوو دەتوانێت لە دەرئەنجامى نەخۆشییەکەش بێت و، نەخۆشییەکانى دڵ ببنە هۆکارى فشارى دەروونى، بەمەش سوورێکى خراپ دروست دەکات.

فشارى دەروونى چۆن کار لە دڵ دەکات ؟
فشارى دەروونى لە چەند ڕێگایەکەوە کاریگەرى لەسەر تەندروستى دڵ دروست دەکات :
_زیادبوونى پاڵە پەستۆى خوین و خێرابوونى ڵیدانى دڵ
کاتێک مرۆڤ تووشى فشار وهەڵچوونى دەروونى دەبێت، لەش هۆڕمۆنى کۆرتیزۆڵ و ئەدرینالین لە ڕێگەى رژێنەکانى سەر گورچیلەکان زیاد دەرژێنتە ناو خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى پەستانى خوێن و خێرا بوونى لێدانى دڵ. ئەم حاڵەتە بۆ ماوەیەکى کورت ڕەنگە زیانبەخش نەبێت، بەڵام ئەگەر درێژخایەن بێت، زیانى زۆر بە خوێنبەرەکانى دڵ دەگەیەنێت.

• :گۆڕانکارى لە ڕەفتارەکانى ژیان
کەسانى تووشبوو بە فشارى دەروونى، زۆرجار ڕوو لە ڕەفتارە زیانبەخشەکانى ژیان دەکەن. وەک جگەرە کێشان، خواردنى خۆراکى ناتەندروست، کەمکردنەوەى چالاکى جووڵەى جەستەى و، خواردنەوەى ماددە کحووڵییەکان، ئەم ڕەفتارانە هۆکارى سەرەکى مەترسی تووشبوونن بە نەخۆشییەکانى دڵ.

• کاریگەرى ڕاستەوخۆى لە سەر کۆئەندامى دەمار
فشارى دەروونى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر کۆئەندامى دەمار و سیستەمى سووڕى خوێن دەبێت، ئەمەش دەبێتە کێشە بۆ خوینبەرەکان و لێدانى جەڵتەى دڵ.

چارەسەرو ڕێگا کانى خۆپارێزى :
خۆش بەختانە ئەگەرى چارەسەر و کەمکردنەوەى کاریگەرى فشارى دەروونى لە سەر دڵ هەیە. توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە، بەرنامەکانى پەروەردەى تەندروستى، دەتوانن ڕێژەى فشارى دەروونى لە نەخۆشانى دڵ بەشێوەیەکى بەرچاو کەم بکەنەوە، لە توێژینەوەیەکدا دواى جێبەجێکردنى بەرنامەیەکى پەروەردەى تایبەت، ڕێژەى فشارى دەروونى لە نەخۆشانى دڵدا، لە ٥٠ % بۆ کەمتر لە ٢٥% کەمى کردووە.

ڕێگا پێشنیارکراوەکان بۆ کەمکردنەوەى فشارى دەروونى :
• چالاکى جەستەىی ڕێکوپێک: ڕۆژانە بۆ ماوەى ٣٠ خووڵەک ڕۆیشتن بە پێ یان مەشقکردنى سووک، دەتوانێت ئاستى فشارى دەروونى بە شێوەیەکى بەرچاو کەم بکاتەوە
خۆراکى تەندروست : خواردنى خۆراکى کەم چەور و کەم خوێ، خواردنى هەمەجۆرى میووەکان• خەو و پشووى تەواو : خەوتن بۆ ماوەى 7 تاکوو2 کاتژمێر ڕۆژانە، یارمەتى باشترکردنى تەندروستى و کەمکردنەوەى فشارى دەروونى و دڵ دەدات.
• پشتیوانى کۆمەڵایەتى : پەیوەندى لەگەڵ خێزان و برادەران و کۆمەڵگا، کاریگەرى زۆر ئەرێنى لە سەر کەمکردنەوەى فشارى دەروونى و خەمۆکى هەیە
• تەکنیکییەکانى ڕاهاتن : وەک تێڕامان ( Meditation ) وەرزشى یۆگا و هەناسەدانێکى قووڵ لە بەیانیان دەتوانن ئاستى کۆرتیزۆڵ کەم بکەنەوە
گرنگیى و بایەخ دان بە تەندروستى دەروونى :
بە پێى توێژینەوەکانى تەندروستى، خەمۆکى و فشارى دەروونى مەترسى تووشبوون بە جەڵتەى دڵ دوو ئەوەندە زیاد دەکەن،هلە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بە هۆى مێژوویەکى ناخۆش و پڕ لە جەنگ و ئاوارەى و نا ئارامى بارودۆخى سیاسى و کیشە ئابوورییەکان، خەڵکى تووشى ئاستێکى بەرزى فشارى دەروونى کردووە.
لە ناو کۆمەڵگاکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاسدا، ڕێژەى خۆکوشتن بەهۆى ماندبوونى دەروونی وکێشەکۆمەڵایەتییەکان و کێشە ئابوورییەکان، زیادى کردووە، بۆیە پێویستە بایەخدان بە تەندروستى دەروونى زیاتر گرنگیى پێ بدرێت. پێویستە دەزگاکانى تەندروستى و حکوومەت، بەرنامەى پشتیوانى ڕاهێنانى تەندروستى دەروونى بۆ گشت تەمەنەکان دابنێت بە تایبەتى بۆ ئەو کەسانەى لە ژێر هێلى مەترسى دان، بۆ تووشبوون بە فشارى دەروونى، تەندروستى دەروونى بەشێکى سەرەکى تەندروستى گشتیە، بۆیە پێویستە بەرپرسان لە هەموو ڕێگایەکەوە پشتیوانى دەروونى کۆمەڵایەتى پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن، بۆ ئەوەى دڵى هاووڵاتییان لە مەترسییەکانى فشارى دەروونى بپارێزن.